محهممهد حهكیم
06/03/2024
214 جار خوێنراوەتەوە
دۆزی کورد و فەلەستین؛ گرێ کوێرەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست
دوو گەلی ستەمدیدەی لەمێژينهی ناوچەکە، ھەردووک قوربانی سیاسەتی چەوتی زلھێزەکانن، بە پێدانی خاکی فەلەستین بە قەوارەی زایۆنی و دابەشکردنی کورد بەسەر وڵاتاندا، لەسەر کورد زۆرمان وتووە بە زمانی خۆمان، با لەسەر فەلەستین چەند دێڕێک بنووسین لە چەند خاڵێکدا:
ڕەگ و ڕیشەی کێشەی فەلەستین:
ڕەگ و ڕیشەی کێشەی فەلەستین دەگەڕێتەوە بۆ یاسایەکی گشتی قورئانی پیرۆز، کە خوای گەورە دەفەرموێت:{لَتَجِدَنَّ أَشَدَّ النَّاسِ عَدَاوَةً لِلَّذِينَ آمَنُوا الْيَهُودَ وَالَّذِينَ أَشْرَكُوا..}. سورەتی مائدە- ئایەتی (٨٢).
ئێوەی موسوڵمانان دەیبینن سەختترین کەسێک کە دژایەتی باوەڕداران بکات جولەکە و ھاوبەش بڕیاردەرانن، ئەمانە بە سەختترین شێوە دژایەتی موسوڵمانان دەکەن، چونکە کوفری جولەکە کوفری عینادیی و نکوڵی کردن و ڕەتکردنەوەی حەق و سوکایەتی کردنە بە زانایان، ھەربۆیە زۆرێک لە پێغەمبەرانیان کوشتووە و چەندین جار ھەوڵی کوشتنی پێغەمبەرمانیان داوە ﷺ.
ساڵی (١٩١٧) سوپای بەریتانیا فەلەستین و ڕۆژھەڵاتی ئەردەنی داگیر کرد، بە ھاوکاری شریف حسین و بەپێی بەڵێننامەی سایکس بیکۆ ئەردەن و فەلەستین کەوتنە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیا و لە ھەمان ساڵدا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بەڵێنی دا (بەڵێنی بلفۆر)بە دامەزراندنی وڵاتێکی نەتەوەیی بۆ گەلی جولەکە لەسەر خاکی فەلەستین، ئەمە سەرەتای کێشەی فەلەستین بوو لە سەدەی بیستەمدا.
زایۆنیزم و پرۆژەی زایۆنیزم:
زایۆنیزم بیرێکی ئایدۆلۆژی نەتەوەییە و بزووتنەوەیەکی سیاسی و ڕەگەزپەرستانەی جولەکەیە، ساڵی 1897 تیودور ھرتزل لە ناوەڕاست و ڕۆژھەڵاتی ئەوروپا دایمەزراندوە، بە مەبەستی دامەزراندنی نیشتمانێکی نەتەوەیی بۆ گەلی جولەکە لەسەر خاکی فەلەستین، کە داوا دەکات جولەکە کۆچ بکەن بۆ خاکی فەلەستین بە بیانووی ئەوەی خاکی باوو باپیرانە و لەسەر مەبنای زایۆنیزم پرۆژەی زایۆنیزم دروست بوو، کە سەرمایەدارانی جولەکە بە سەرۆکایەتی روتشیلد و مونتفیۆری جووڵەیان دەستپێکرد بە مەبەستی دروستکردنی کۆڵۆنیەکانی جولەکە نشین لە فەلەستین، وەکو ھەنگاوی یەکەمی خۆ بەخاوەن کردنی خاک و پاشان دامەزراندنی دەوڵەتی جولەکە، ئەم پرۆژەیە فراوانە و جۆرەھا ڕەھەندی لەخۆ گرتبوو.
مەزڵومیەتی فەلەستینییەکان و ڕەوایی خەباتەکەیان:
ھەرچەند بنووسرێت لەو مەزڵومیەتەی تووشی گەلی فەلەستین بووە هێشتا کەمە، کە گەلێک (٧٠%) ی بوونەتە پەنابەر لە وڵاتان، کە نزیکەی ٧ ملیۆن ھاووڵاتین و ئەم گەلە تووشی جۆرەھا ستەم بووە لە تاوانەکانی داگیرکەر و جیاکاری ڕەگەزپەرستی (الابارتهايد)و جۆرەھا تەعدای ھاتووەتە سەر مافی تاکەکانی و لەساڵی ١٩٤٨ - ەوە سەدان ھەزار کەسی لێ کوژراوە و لەساڵی ١٩٦٧ - ەوە زیاد لە ملیۆنێک ھاووڵاتیان دەستگیرکراوە و بەند کراون، ھەربۆیە مێژوونوسی جولەکە (ایلان بابیە) کە دژە بە زایۆنیزم و دەڵێت: فەلەستین گەورەترین بەندیخانەیە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا و نزیکەی دوو ملیۆن فەلەستینی لەساڵی ٢٠٠٦ ئابڵوقە دراون لە غەززە و لە بچوکترین ماف بێ بەش کراون و لە کەرتی ڕۆژئاواش نزیکەی ٦٤٢ بازگەی سەربازیی ھەیە، کە کەرتی ڕۆژئاواشی ئابڵوقە داوە وەکو سەربازگەیەکی لێ ھاتووە کە دابەشی کردووە بەسەر ٢٢٤ کانتۆندا و هاووڵاتى فەلەستینی سەفەرو خوێندن و کاری لێ قەدەغەیە و زۆرێک لە خانەوادەکان دابەش بوون، جیاکردنەوەی ژن لە پیاوەکان و منداڵ لە دایک و باوکیان و کوشتنی ڕۆژانە و دەرکردن لە خاک و ماڵ و جێگیرکردنی خانەوادە جولەکەکان لە شوێنیان بووەتە ڕۆتین، بۆیە کە ئەم ھەموو ستەمە باسدەکرێت ھەر بۆخۆی ڕەوایەتی دەدات بەم گەلە کە بەرگری بکات.
دەیان بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان مافی چارەی خۆنووسینی داوەتە فەلەستینییەکان، دیارە بڕیاری ژمارە (١٥١٤)ی ساڵی (١٩٦٠)ی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕەوایەتی سەربەخۆیی گەلانی ژێردەستە بووەتە بنەمایەکی سەرەکی بۆ ڕەوایەتی بەرگری گەلانی ژێردەستە و داگیرکراو و ڕەوایەتی ھەوڵدان بۆ ڕزگاربوون لە داگیرکەرو ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، بەڵام قەوارەی زایۆنیزم تا ئێستا ملکەچی ھیچ بڕیارێکی نەتەوە یەکگرتووەکان نەبووە.
بۆ گەلێکی ستەمدیدەی موسوڵمان کە وا دەیان ئایەت و فەرموودەش ڕەوایەتی چەک ھەڵگرتن و جیھادی دژی داگیرکەری ستەمکار پێ بەخشیوە، ھەروەک خوای گەورە دەفەرموێت: [وَمَا لَكُمْ لَا تُقَٰتِلُونَ فِى سَبِيلِ ٱللَّهِ وَٱلْمُسْتَضْعَفِينَ مِنَ ٱلرِّجَالِ وَٱلنِّسَآءِ وَٱلْوِلْدَٰنِ ] (سورەتی النساء-ئایەتی ٧٥)، لێرەدا گلەیی لە موسوڵمانان کراوە کە بۆ جهنگ و تێكۆشان دژى کافران ناکەن لەپێناو خوادا و ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی لاواز کراون و وێڵن و کەوتونەتە ژێر دەستی کافران.
دووفاقيی سیاسەتی جیھان:
دووفاقيی سیاسەتی زلھێزان و نەتەوە یەکگرتووەکان و پوچی دروشمەکان لە ستەمی سەر ھەردوو گەلی موسوڵمانی کورد و فەلەستین، بە ئاشکرا دیارە بە بەرچاوی ئەوروپا و ئەمریکاوە، سەدام کوردی جینۆساید کرد، لە ھەڵەبجە بە غازی کیمیاوی و لە گەرمیان وناوچەکانی تر ئەنفالی کردن و ھەروەھا دەیان ساڵە ستەم لە فەلەستین دەکرێت و کەسیش لەگوڵ زیاتر بە زایۆنیزم ناڵێت و بگرە ڕێز لە بڕیارەکانی خۆشیان ناگرن، بۆ نموونە، بڕیاری (٣٢٣٦)ی ساڵی (١٩٧٤)، کە تێیدا نەتەوە یەکگرتووەکان خۆیان دان بە مافی فەلەستیندا دەنێن کە بۆ گێڕانەوەی مافەکانیان ھەموو ڕێگاکان بگرنە بەر، بەڵام ھیچ کات نەتەوە یەکگرتوەکان وئەنجومەنی ئاسایش ڕێگەیەکی توندی بەرانبەر بە دەوڵەتی زایۆنیزم نەگرتووەتە بەر، چونکە ئەمریکا بە ڤیتۆی دەستیەوە پارێزەری ئەم دەوڵەتە داگیرکەرەیە و ئەمەش دووفاقیی سیاسەتی ئەمریکا دەردەخات، کە گوایە ھەوڵی بڵاوکردنەوەی دیموکراسیەت دەدات و مافی ھاووڵاتیان دەپارێزێت.
تۆفانی ئەقسا بۆ؟
وێڕای ئەو ھەموو ستەم و ئابڵوقەیەی سەر غەززە لە ساڵی ٢٠٠٦ وە، باس لە بوونی نەخشەیەک کراوە بۆ دەرپەڕاندنی دانیشتوانی غەززە بەرەو میسرو ئوردون و جێگیرکردنی جولەکە لە شوێنیان، لەکاتێکدا کە وڵاتانی عەرەبی یەک لەدوای یەک بەرەو ئاشتەوایی دەچوون لەگەڵ زایۆنیزم، دیارە ئەو گروپە بهرگريكار و چەکدارانەی فەلەستینی لە غەززە دەستی خۆيان پێش خست و ھەستان بەو ھێرشە و بۆ خۆیان کۆمەڵێک ئامانجیان ھەبوو، لای ئەوان نەخشە و پلانەکان بەڵگە نەویست بوون کە زایۆنیزم بەنیازی ھێرش و کۆتاییھێنانە بە غەززە.
ھەڵوێستی مرۆڤایەتی بەرانبەر بە غەززە:
غەززە مرۆڤایەتی دابەش کرد بەسەر دوو کۆمەڵەدا، کۆمەڵەیەک دوور لە ئاین و نەتەوە خاوەن ھەڵوێست بوون بۆ داکۆکی لە فەلەستینیەکان و ڕاوەستان بەرانبەر بە ستەمکار، ئەمانە لە ئەمریکا و ئەوروپا پێش وڵاتانی ئیسلامیی ھاتنە دەنگ و دیارە گەلانی ئیسلامیی ھەڵوێستیان ھەبوو، نەک وڵاتانی ئیسلامی! کە بەداخەوە بەبەرچاوی ھەمووانەوە (30) ھەزار ژن و منداڵ و پیرو پەککەوتە شەھید کران و نزیکەی (10)هەزاریش لە ژێر خانووە ڕووخاوەکاندان و زياتر له (70) ههزاريش بريندارن و سەدان ھەزاریش دەربەدەر کران و ھەموویان برسی کران، بەڕاستی غەززە نیشانەی جیاکەرەوەی باوەڕداران و دووڕووەکانە و یەکێک لە نیشانەکانی دووڕوویی وەک سەید قوتب دەفەرموێت: (التقاعس عن البذل فی سبیل الله من أدنی درجات النفاق)، گوێنەدان و پشت گوێ خستنی ئێش و ئازاری گەلێک بە پاساوی بۆش و بەتاڵ و ھاوکاری نەکردنیان و لانی کەم نزا نەکردن بۆیان، نیشانەیەکی دیاری دوو ڕوویی مرۆڤەکانە!
خاڵێکی بەهێزی دەرئەنجامی (تۆفانی ئەقسا)ش ئهوهيه: دەریخست کە زایۆنیزم قەوارەیەکی لەرزۆکە و ئەوەندەش بە هێز نیيە کە دەسەڵاتدارانی عەرەبی پەیتا پەیتا خۆ هەڵەدەنە باوهشی!
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی محهممهد حهكیم