ئیسماعیل نامیق 03/08/2019 150 جار خوێنراوەتەوە

لەبارەى خانەنشنیبوون و مووچەى خانەنشینیەوە

خانەنشینبوون ومووچەى خانەنشینى یەکێکە لەو بابەتانەى قسەى زۆر لەسەر ناڕێکى ونادادیەکانى کراوە، موزایەدەى زۆرى پێوە کراوە، بەڵام کاتێک بابەتەکە دەگاتە دوو ڕێیانى جدیبوون وهەنگاونانى کردارەکى، قسەکەرەکان بەجۆرێکى دیکە وبەئاراستەى جیاواز قسەدەکەن، یان لەباشترین حاڵەتدا بێدەنگ دەبن وخۆ ووندەکەن، موزایەدەش دەگۆڕێت بۆ موناقەسە!! جار جاریش منەتبارمان دەکەن بەوەى کە لەهەوڵدان وەکو بەغدادى لێبکەن، وەکو ئەوەى بەغداد پێوەر ونمونەى باڵا بێت!! ئەى بڕیار نەبوو لەجیاتى شمەک وکاڵاى بازرگانى ئەزمونى باشى حوکمڕانى وبەڕێوەبردنى هەرێمى کوردستان بۆ بەغداد وپایتەختەکانى دیکەى جیهان هەناردە بکەین؟!!

ناڕێکى ونادادیەکە لەکوێدایە؟

رەخنە وناڕەزایەتیەکان سەبارەت بەخانەنشینى دەکرێت لەدوو خاڵدا کورت بکرێنەوە:

1- نادادى لەچۆنێتى خانەنشینکردندا: لەماوەى رابردودا ژمارەیەکى زۆرى خەڵک بەناهەق ودور لەیاسا وپێوەرەکان، بەپلە وموچەى جیا جیا خانەنشینکراون، بۆنمونە، کەسەکە یەک رۆژ پێشمەرگە نەبوە، کەچى بەپلەیەکى بەرزى سەربازى ومووچەیەکى باش خانەنشینکراوە، یان جاش وموستەشار بووە، کەچى لەسەر حسابى کەس وکارى شەهیدان وئەنفالکراوان، بەمووچەیەکى زیاتر لەسەردەمى موستەشاریەکەى خانەنشینکراوە، وەکو ئەوەى موستەشاریەکەى بەخزمەت بۆ ئەژمار کرابێت وبەشداریکردنى لەئەنفال وکوشتن وئەزیەتدانى کورد بەئازایەتى دانرابێت ولەبەرامبەریدا سوپاس وپاداشتى پێ درابێت. یاخود کەسەکە یەک کاتژمێر وەزیر، بریکارى وەزیر، بەڕێوەبەرى گشتى وپلەکانى ترى وەزیفى نەبینیوە، کەچى حیزبەکەى بەیەکێک لەو پلانە خانەنشینى کردووە، یاخود هەر دانەمەزراوەو فەرمانبەر نەبووە، کارى تەنها راپۆرت نوسین وقسەهێنان وبردن بووە لەچوارچێوەى حیزبێکدا، بەڵام بەمووچەیەکى باش خانەنشینکراوە، ئەمانەو چەندین ناڕێکى وبێسەروبەرەیى وگەندەڵى لەبابەتى خانەنشینیدا، بەجۆرێکى وا پریشکى گەندەڵى ئەم بابەتە بەر جەستەى بەشێکى زۆرى تاکەکانى کۆمەڵگە کەوتووە.

2- نادادى لەموچەى خانەنشینیدا: بەدەر لەخاڵى یەکەم، ئەوانەى کە فەرمانبەر ومووچەخۆرى میرى بوون، سەرەڕاى ئەوەى لەکاتى خزمەتیاندا نادادی هەیە لەنێوان بڕى مووچەکانیاندا، کەچى لەکاتى خانەنشینبوونیانیشدا ئەم نادادیە زیاتر دەبێت وکەم نابێتەوە، بۆ نمونە، دەکرێت مووچەى پەرلەمانتارێک تەنها بەدوو ساڵ خزمەتەوە شەش ئەوەندە یان زیاترى مووچەى مامۆستایەک بێت بەسى ساڵ یان زیاترى خزمەتەوە!! هەروەها دەگونجێت لەم هەرێمەى ئێمەدا مووچەى خانەنشینى وەزیرێک لەگەڵ ئەو سامانەى کەلەسەردەمى کارەکەیدا کۆیکردۆتەوە لەسامان وداهاتى یەک گەڕەک فەرمانبەر زیاتر بێت!! لەکاتێکدا خزمەتى یەک هەفتەى مامۆستایەک، دەگونجێت لەخزمەتى هەردوو ساڵەکەى پەرلەمانتارەکە بەسودتر وبەبەرهەمتر بێت بۆ کۆمەڵگە، یان خزمەتى یەک کاتژمێرى ئەو گەڕەکە فەرمانبەرە، لەهەموو تەمەنى وەزیرەکە بەسودتر بێت بۆ کۆمەڵگە، ئیتر ئەم جیاوازى ونادادیە فاحشە بۆ؟ ئەمانە وچەندین جیاوازى نادادپەروەرانەى دیکە لەنێوان مووچەى فەرمانبەرانى دەوڵەت لەلایەک و ومووچەى خانەنشینی لەلایەکى دیکەوە، بۆ نمونە مووچە ومووچەى خانەنشینى دادوەرەکان جیاوازیەکى زۆرى هەیە لەگەڵ فەرمانبەرانى دیکەى دەوڵەت وخانەنشینانى دیکەدا.

ئەو ناڕێکى ونادادیانەى لەخاڵى دووەمدا باسکران پێداچوونەوەو چارەسەرکردنیان ئاسانترە لەنادادیەکانى خاڵى یەکەم، بەڕاى من چارەسەرکردنى ئەمەیان نیمچە ئاستەمە، چونکە ئەو ویستەى کە ئەو دۆخەى دروستکردوە وبەوشێوەیە خەڵکى خانەنشینکردوە، بەهیچ جۆرێک رازی نابێت بەهەڵوەشاندنەوەى ئەوەى کردوێتى، ئەوەى بۆتە گرێ کوێرەى چاکسازیکردن لەم دۆخەدا، ئەوەیە بەداخەوە ویستى هێشتنەوەى دۆخەکە وەکو خۆى لەناو زۆربەى حیزبەکاندا زاڵترە وەک لەویستى چاککردنى، وە بۆ ئەوەى ئەم گرێ کوێرەیە بەهیچ شێوەیەک نەکرێتەوە، بەردەوام کێشەکانى خاڵى یەکەم گرێدەدرێت بەکێشەکانى خاڵى دووەمەوە، سەرەنجام ئەوانەى خۆیان لەخاڵى دووەمدا سودمەندن وداواى چارەسەرکردنى کێشەکانى خاڵى یەکەم دەکەن، کەبابەتەکە وابەستدەکرێتەوە بەخۆیانەوە، ئیتر بێدەنگ دەبن وخۆیان وەکو قوربانى پیشاندەدەن.

 

فەلسەفەى خانەنشینبوون

لێرەدا دەکرێت پرسیار لەفەلسەفەى پشت خانەنشینبوون بکەین، بۆچى دەوڵەت هاووڵاتیەکانى خانەنشین دەکات؟ وەڵامى ئەم پرسیارە لەوەدا کورتدەبێتەوە، کەئەو هاووڵاتیە خزمەتێکى زۆرى دەوڵەت وکۆمەڵگەکەى کردووە، ئیتر تواناى خزمەتکردنى نەماوەو ماندوو بووە، بۆیە پێویستە خۆى خزمەت بکرێت. باشە کەخانەنشین بکرێت ئایا پێویستە ئەو تەمەنەى ماوێتى خۆش بژى، یان هەرئەوەندە بەسە ژیانێکى ئاسایى بژى؟ ئایا ئاستى ژیانى لەکاتى کارکردنیدا پێویستە لەبەرچاو بگیرێت لەخانەنشینکردنیدا؟ ئایا بڕى مووچەى خانەنشینى لەسەر چ بنەمایەک بۆ دیارى بکرێت، پلەى وزیفى، ئاستى خزمەتەکەى، یان لەسەر بنەماى ئەو بڕە پارەیەى کە لەکاتى کارکردنیدا وەکو لێبڕینى خانەنشینى داوێتى بەحکومەت؟

وەڵامى ئەم پرسیارانە دیاریدەکەن، خانەنشینان چۆن بژین، ئایا وەکو یەک بژین یان جیاواز بژین وەکو پێش خانەنشینبوونیان؟

بەرتێڕوِانینى من لەدو روانگەوە پێویستە یەکسانى تەواو پەیڕەو بکرێت لەنێوان خانەنشیناندا، ئەوانیش:

یەکەم: هەموو خانەنشینان وەکو یەکن لەڕوانگەى ئەوەى هیچیان کار ناکەن و خزمەت ناکەن.

دووەم: هەموویان لەکاتى کارکردنیاندا خزمەتیان بەوڵاتەکەیان کردووە، هەریەکەو لەبوارى خۆیدا.

لە هەمان کاتدا چەند هۆکارێکیش هەن بۆ نایەکسانى کردن لەنێوان خانەنشیناندا، لەوانە:
1- ئەوانەى خانەنشین دەبن، لەکاتى کارکردندا هەریەکەو بەپێى رێژەى داهاتى بەشداریکردوە، لەسندوقى خانەنشینیدا، مادام ئەو کات جیاوازبوون لەپێداندا، ئێستاش واپێویست دەکات یەکسان نەبن لەوەرگرتندا.

2- لەکاتى کارکردندا لەتوانا وخزمەتکردندا جیاواز بوون، سەرەنجام ئاستى بژێویشیان جیاوازبوو، لەخانەنشینبوونیشدا پێویستە هەمان جیاوازى بمێنێ.

3- ژیانى خانەنشین درێژکراوەى ژیانى کارکردنێتى، ئەو ئاستى بژێوییەى کەلەکاتى کارکردنیدا دەقى پێوە گرتووە، رەنگە قورس یان زەحمەت بێت بۆى، لەخانەنشینیدا بەتەواوى بگۆڕدرێت یان پێچەوانە بکرێتەوە، چونکە لەبارێکى وادا خانەنشینکردن لەباتى رێزگرتنى دەبێتە سزادانى.

پێداچوونەوە ودووبارە داڕشتنەوەى مووچەى خانەنشینان، پێویستە لەژێر رۆشنایى وەڵامى ئەو پرسیارانەى سەرەوەو چەندین پرسیارى هاوشێوەدا بێت، ئەم بابەتە پێویستە فەلسەفەیەکى جێگیر ودووربین تەحەکومى پێوەبکات، نەک تەنها بکرێت بە ماددەیەک بۆ بێدەنگکردن یان دەنگ پەیداکردن.

سندوقى خانەنشینى

یەکێک لەئەرکەکانى دەوڵەت دروستکردنى سندوقى خانەنشینیە، بۆ کۆکردنەوەو هەڵگرتنى ئەو بڕە پارانەى وەکو لێبڕینى خانەنشینى ودەستەبەرى کۆمەڵایەتى لەمووچەخۆران وکرێکارانى وەردەگرێت، لەپارەى ئەم سندوقە مووچەى خانەنشینان دابین دەکرێت ودەستەبەریەکیشە بۆیان، چونکە لەحاڵەتى نەمانى پارە لەگەنجینەى دەوڵەتدا نابێت ژیانى خانەنشینان تێک بچێت، ئەم سندوقەیە دەبێت دڵنیایان بۆ دروست بکات. بەڵام لەکوردستان ئەم سندوقە بونى نیە وحکومەت خۆى لەخانەنشینان جیانەکردۆتەوەو سیاسەتى ( برامان برایى وکیسەمان جیایى ) لەگەڵدا پەیڕەو نەکردون، لەبرى ئەوە دروشمى ( هەموومان یەک کیسەمان هەیە لەم ماڵە، ئەویش بەتاڵە ) ى بەرزکردۆتەوە!!

ئایا تەنها فەرمانبەر خانەنشین بکرێت؟
لەهەرێمى کوردستاندا کەباسى خانەنشینى دەکرێت، یەکسەر پەیوەستدەکرێت بەمووچەخۆرى حکومەت وئەو خاوەن پیشە سەربەستانەى کەکارەکانیان وابەستە بەفەرمانگەکانى دەوڵەتەوە، وەکو پارێزەر وخاوەن پیشە سەربەستەکانى دیکە، هەروەها دەستەبەرى کۆمەڵایەتى ئەو کرێکارانەش دەگرێتەوە یان پێویستە بیانگرێتەوە کەلەکۆمپانیاکانى کەرتى تایبەتدا کاردەکەن وساڵانە بڕێکى دیاریکراو لەکرێکانیان دەبڕدرێت ووەکو دەستەبەرى کۆمەڵایەتى دەدرێت بەحکومەت، بەدەر لەوانە هەموو تاقم ودەستە کۆمەڵایەتیەکانى دیکە، وەکو جوتیار ودوکاندار ودەستگێڕى ناوبازاڕ وکرێکار وسایەق تەکسى وچەندانى تر، دەبێت تامردن کاربکەن بۆ ئەوەى بتوانن بەردەوامى بەژیان بدەن، خۆ ئەگەر بەهۆى نەخۆشى یان پیرى پەکیان بکەوێ ونەتوانن کاربکەن، ئەوا یان دەبنە بار بەسەر کەس وکاریانەوە، خۆ ئەگەر کەسیش نەبوو لەخۆیان بگرێت، ئەوا دەکەونە سەر جادە ودەبێت سواڵ بکەن. ئەمە واقعێکى خراپە دەبێت بیر لەچارەسەرى گونجاو بکرێتەوە بۆى.

دەرەنجام
کێشەکانى پەیوەند بەخانەنشینبوون ومووچەى خانەنشینى، قسە وهەڵویست وکردارى تاکەکەسى دروستى نەکردوە، بەقسەو هەڵوێست وبڕیارى تاکەکەسیش چاک ناکرێن، چونکە ژینگەیەکى خراپ وبۆگەنى بۆ دروستکراوە، ئەوەى بەتەنیا روى تێبکات، یان خۆشى دەبێتە بەشێک لەو ژینگەیە، یان ئەوەتا لەبەر بۆگەنى وناسازى ژینگەکە هەڵناکات ولێى هەڵدێت، کەئەمەى دواییان رەنگە دەگمەن بێت. کەواتە ئەم بابەتە پێویستى بەدروستکردنى راى گشتیە لەسەرى، پێویستى بەتێگەیشتن وبڕیارى بەکۆمەڵ هەیە، لەژێر رۆشنایى فەلسەفەیەکى جێگیر ودوربیندا، بەوردى وداپەروەرانە دابڕێژرێتەوە، بەجۆرێک بێت، مافى هەموو تاکێکى کۆمەڵگە لەبەر چاوبگیرێت، توانا وخزمەت ورێژەى بەشدارى خانەنشینان لەسندوقى خانەنەنشینى لەکاتى کارکردنیاندا وپێداویستیەکانیان لەکاتى خانەنشینیدا بکرێتە بنەما. تاکە ئامانجیش ئەوەبێت، خانەنشینان لەو تەمەنەى ماویانە خۆشترین ژیانیان بۆ فەراهەمبکرێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی ئیسماعیل نامیق

سەرەتا