بارام سوبحی 22/10/2022 144 جار خوێنراوەتەوە

دابەشکردنی نەوت یان سپیکردنەوەی پارە؟

وەزیری سامانە سروشتیەکان بەوەکالەت؛ دەڵێت: بۆ زستانی ئەمساڵ حکومەت بۆ کڕینی (٣٢٠) هەزار بەرمیل نەوت بڕی حەفتا ملیار دیناری تەرخانکردوە.
لێرەوە دەپرسین:
یەک: ئایا پێش کڕینی نەوتەکە لە هیچ میدیاو سۆسیال میدیایەکی حکومەتەوە بانگەوازی تەندەرین بۆ کڕینی نەوت بڵاوکراوەتەوە؟ ئەگەر بڵاوکراوەتەوە، کوا؟ ئەگەر تەندەرین کراوە بۆچی حکومەت کەمترین نرخی هەڵنەبژاردوە؟ ئەم حکومەتە زۆرترین بانگەشەی شەفافیەت دەکات، ئەدی خێرە لەم پرۆسەیەدا هیچ زانیارییەک نییە؟
دوو: ئەو کۆمپانیایەی نەوتەکە دەهێنێ ناوی چییە؟ نەوتەکە لەکوێ دەکڕێ: لە حکومەتی عێراق یان لە پاڵاوگەکانی بازیان و شێخ باز؟ یان لە دەرەوە هاوردەی دەکات؟ ئایا هیچ پێوەرێک دانراوە بۆ کوالیتی ئەو نەوتەی کە دابەشیدەکات؟
سێ: سەرۆکی حکومەت دەڵێت مانگانە (١٣) ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکەین، ئایا ناکرێت بەشێک لەو نەوتە لەڕێگەی پاڵاوگە ناوخۆییەکانەوە بەرهەم بهێنرێ و بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بکرێ؟ ئەوکاتە کەمتر لەسەر حکومەت ناکەوێ؟
چوار: حکومەت دەڵێ (٣٢٠) هەزار بەرمیلمان بە (٢٨٤) هەزار دینار کڕیوە، لەکاتێکدا لێکدانی ئەو دوو ژمارەیە دەکاتە زیاتر لە نەوەد ملیار دینار، واتە نزیکەی (٢١) ملیار دینار زیاتر لەو پارەیەی حکومەت تەرخانیکردوە!
ئاخر هەر ئەو ژمارانە بەسن بۆ ئەوەی بە حکومەت بڵێین: حکومەت نەوت دابەش دەکات یان خەریکی پارە سپیکردنەوەو دەوڵەمەند کردنی هەندێک کەس و کۆمپانیایە لەسەر حیسابی پێداویستیە بنەڕەتیەکانی هاونیشتیمانیان؟
پێنج: پار بەرمیلێک نەوت بە پەنجا هەزار دابەشکرا، بۆچی ئەمساڵ نرخەکەی بووەتە دوو هێندە؟ لە عێراقی دراوسێمان حکومەت بەرمیلێ نەوت بە سی هەزار دینار دابەش دەکات، ئەدی ئێوە بۆ ناچن لەگەڵ بەغدا ڕێکبکەون و بە هەرزان نەوتەکە بکڕن و زیادەی پارەی کڕینی نەوت لە پڕۆژەیەکی دیکەدا خەرج بکەن؟؟!!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا