هاوژین عومه‌ر كه‌ریم 19/07/2019 133 جار خوێنراوەتەوە

لەبارەی کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی ئیسلامییەوە

کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بەرەو ئەنجامدانی کۆنگرەی ئاسایی چوارەمی خۆی هەنگاو هەڵدەگرێت، لەو پێناوەشدا ئەنجومەنی سەرکردایەتیی حیزب، ژمارەیەک لیژنەی بۆ ڕەخساندنی زەمینەی سازکردنی کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو پێکهێناوە، کە تا ئێستاش لە کارەکانیان بەردەوامن، واش چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ، کۆنگرەکە ساز بکرێت.

کۆمەڵی ئیسلامیی، کە ساڵانێکە وەکو یاریزانێکی دیار لە گۆڕەپانی هەرێم و عێراقدا سیاسەت دەکات، لە ئێستادا چاوی زۆری لەسەرە، چ لەسەر هەڵوێست و بەرنامە سیاسییەکانی، چ لە ڕووی ئایدیا و بیروبۆچوونە ئاینی و هزرییەکانیشی. لەگەڵ ئەوەشدا، لە بەردەم یەکلاکردنەوە و چارەسەرکردنی ژمارەیەک دۆسیەی ناوخۆیی حیزبییدایە. ئەو خاڵانەش دەمان گەیەننە ئەو ڕاستییەی، کە کۆنگرەی چوارەمی ئەم حیزبە، کۆنگرەیەکی هەستیارتر و تا ڕاددەیەکیش چارەنووسسازترە لەوانەی پێش خۆی، بۆ ئەوەی ئەم هێزە، چەند هەنگاوێکی دیکە لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان و عێراق بچێتە پێشەوە، دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا هەنگاوی گەورەی هەڵگرت.

ئێمە بۆ ئەوەی بزانین کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی ئیسلامیی سەرکەوتوو بووە یان نا، لە حاڵەتی بەستن و سازکردنیدا، پێشوەختە پێویستمان بە دیارییکردنی ژمارەیەک پێوەر و ئامانج هەیە، کە لە بەرئەنجامی خوێندنەوە و لەبەرچاوگرتنی پێشهات و ئاڵنگارییەکانی قۆناغی داهاتوو، دیاریی دەکرێن. ئەگەر سازکردنی کۆنگرەش بەبێ ئامانج و میکانیزمی گونجاو بەڕێوە چوو، ئەوا هیچ هەڵسەنگاندنێک بۆ کۆنگرەکە، جا بە ئیجابی بێت یان سلبی، هەڵسەنگاندنێکی بابەتی نابێت.

بەندە وەکو کادیرێکی پێشکەوتووی ئەم حیزبە، هاوکات وەکو چاودێرێکی سیاسییش، کە ساڵانێکە خوێندنەوەمان بۆ کۆی بارودۆخی سیاسیی هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا وەکو کەسێک کە لە بواری هزر و بیری ئیسلامییدا خوێندنەوە و دنیابینیی خۆمان هەیە، پێم وایە بەشێک لە دیارترین ئەو پێوەر و ئامانجانەی کە پێویستە کۆنگرەی چوارەم بیان پێکێت، بریتین لەم چەند خاڵەی خوارەوە:
یەکەم: دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ قەیران و گرفتی دارایی و وەبەرهێنان لە نێوخۆی حیزبدا، لەگەڵ مسۆگەرکردنی سەرچاوەی داهاتی شایستە و بەردەوام بۆی.. یەک لە هەرە سەرکەوتنە دیارەکانی کۆمەڵ لە قۆناغی داهاتوودا، بریتی دەبێت لە ڕزگارکردنی ئەم حیزبە لەو گرفتە داراییانەی کە بۆی دروست بوون، لە لایەک بە هۆی هەڵوێستە سیاسییە نەگۆڕەکانی لە دژی ناڕێکییەکانی پڕۆسەی حوکمداریی و هەڕاجنەکردنی بیروباوەڕی سیاسیی خۆی، لە لایەکی تریش بە هۆی دەستبەسەراگرتنی سامانی ئەم وڵاتە لە لایەن هێزگەلێکی کەم و بڕینی بودجەی یاسایی و شایستە داراییەکانی، کە بەپێی یاسا بۆی بڕیار دراون.

کادر و ئەندامانی کۆمەڵی ئیسلامیی، بە تایبەتیش ئەوانەیان کە سەرقاڵی بەڕێوەبردنی ئەم هێزە سیاسییەن، وەکو ئەندام و کادری هەر لایەنێکی دیکە، بە شێوەی یاسایی و دوو لە بەهەدەردان، مافی ئەوەیان هەیە لە خێر و بێری ئەم وڵاتە سوودمەند بن و پەراوێز نەخرێن و شکۆدارانە بژین، ئەم ئەرکەش بە تەنها بەرپرسیارێتیی سەرشانی دەسەڵاتداران نییە، تا بەپێی یاسا و بە شێوەی دادگەرانە بودجەی هێزە سیاسییەکان بدەن، بەڵکو بەرپرسیارێتیی سەرکردایەتیی ئێستا و داهاتووی ئەم حیزبەشە کە لە حاڵەتێکی وەکو ئێستادا، بیر لە پلانی دیکە و دابینکردنی سەرچاوەی داهاتی دیکە بکەنەوە.

دووەم: لە ئێستادا کۆمەڵی ئیسلامیی پێویستیی زۆری بە داڕشتنەوەی پەیکەری خۆیەتی، بە شێوەیەک کە ئەم حیزبە لە ڕووی دامەزراویی و پەیکەربەندییەوە خۆی لە کەموکورتییەکانی قۆناغی ڕابردوو قوتار بکات و بچێتە قۆناغێکی لەپێشتر. هەرچەندە لێرەدا دەرفەتی وردکردنەوەی ئەم بابەتە نییە، بەڵام نەهێشتنی وردەئۆرگانی زۆر و، کۆنەبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی چەند کەس و جومگەیەک بە تەنها و، کۆکردنەوەی هەموو حیزب لە چەند دامەزراوەیەکی دیار و کارا و مەرکەزیی و، کۆتاییهێنان بە موراعاتی نەگونجاو لەسەر حیسابی حیزب و، ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر لە بەردەم کادرە پێشکەوتوو و پێگەیشتوو و دڵسۆزەکان بۆ وەرگرتنی پۆستە قیادییەکان و هتد، لە دیارترین ڕووەکانی ئەو گۆڕانکاریی و بەخۆداچوونەوەیە دەبن.

سێیەم: زەقترین بابەتێک کە لە سەروبەندی کۆنگرەدا قسەوباسی بە دوای خۆیدا هێناوە و دەهێنێت، گۆڕانکارییکردنە لە دید و تێڕوانینە هزرییەکانی ئەم حیزبە و هەموارکردنی ناو و نازناوەکانی و لابردنی پاشگری ئیسلامییە بە ناوەکەیەوە. ئێمە بەر لەوەی ڕاستەوخۆ ئەم خاڵە قەبوڵ بکەین، یان ڕەتی بکەینەوە، پێویستە ئەوە بزانین کە ئێمە لە چ ژینگەیەکدا سیاسەت و بانگەواز دەکەین؟ ئاڵنگارییەکانی بەردەم بەرەوپێشچوونمان چین؟ یاسای وڵات تا کوێ ڕێگە دەدات ئێمە هەندێک ناو و دروشمی ئاینیی بەکار بهێنین؟ ئەو بابەتانەی دەمانەوێت بیان گۆڕین، یان هەمواریان بکەین، ئایا لە نەگۆڕەکانی ئیسلامن، یان بە پێچەوانەوە؟ ئایا ناو و ناونیشانێک کە خۆمان پێشتر بۆ حیزب و کەسایەتی و ئۆرگانەکانی بڕیارمان داون، ناتوانین بیان گۆڕین و پێداچوونەوەیان پێدا بکەین؟ ئەی ئایا هێزە ئیسلامییە هاوشێوەکانی خۆمان لە ناوچەکە و جیهاندا چۆن لەگەڵ ئەم بابەتانەدا دەستوپەنجەیان نەرم کردووە؟ ئەی ڕای زانا و بیرمەندانی ئیسلامیی هاوچەرخ چین لەم ڕووانەوە؟
پاشانیش یەکلاکردنەوەی ئەم بابەتانەی سەرەوە، نابێت بە هەوای کەسی و سەپاندنی ڕای کەسێک، یان گرووپێکی دیارییکراو بێت، بەڵکو پێویست دەکات بەر لە سازکردنی کۆنگرە و لە چوارچێوەی ژمارەیەک ۆرکشۆپ و دیداری نێوان خاوەن بیر و زانست و سەرکردەی حیزبی و سیاسییدا تاووتوێ بکرێن و یەکلا بکرێنەوە، بەو ئاڕاستەیەی خزمەت بە کاری ئەم حیزبە بکات لە داهاتوودا.

بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتگەلێکی وەهاش، دەبێت ئەوە بزانین کە ئیسلام دەستکراوەییەکی زۆری بە مسوڵمانان داوە لە بواری سیاسەت و خۆڕێکخستن و بەڕێوەبردندا. هەروەک پێویستە ئەوەش بزانین کە ئێمە لە ژینگە و کۆمەڵگەیەکی داخراودا سیاسەت و بانگەواز ناکەین و تەنها بۆ خۆمان ناژین، تا کەسانێک بە دیدێکی بەرتەسک، یان کاریگەر بە پاشخانی کۆمەڵایەتی و ناوچەیەکی دیارییکراو، ببنە بەربەست لە بەردەم هەر گۆڕانکاریی و بەرەوپێشچوونێکی سەرتاسەریی. دەبێت ئەوەش بزانین کە کۆمەڵی ئیسلامیی هیچی کەم نییە لە ڕووی کەسایەتیی گەورەی خاوەن زانست و هزر و نوخبەی رۆشنبیر و ئەهلی بانگەواز و شارەزای سیاسەت و بەڕێوەبردن، کە کەسایەتییەکی وەکو مامۆستا عەلی باپیر، یەک لە دیارترین هێما زانستی و هزرییەکانێتی.

من بڕوای تەواوم بەوە هەیە، ئەگەر بە ڕاستی سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونمان مەبەستە، ئەوا خاڵی هەرە سەرەکیی بۆ مسۆگەربوونی پشتیوانیی خودایی و ڕوودانی سەرکەوتن و ئاسانبوونی میکانیزمەکانی سەرکەوتن و نوێبوونەوە لەم وێستگە گرنگەشدا، پاککردنەوەی ناخ و دەروونی هەریەکێکمانە لە هەر غەرەز و ویستێکی کەسی لەسەر حیسابی بەرژەوەندیی گشتی و کاری ئیسلامییمان، چونکە بەربەستی گەورەی بەردەم هەر گۆڕانکاریی و بەرەوپێشچوونێک، بە پلەی یەکەم بەرژەوەندییە کەسییەکانە، هەرکاتێک بەرژەوەندیی گشتی و کاری ئیسلامییمان خستە پێش بەرژەوەندی و ئامانجە کەسییەکانمانەوە و نیازمان باش بوو، هەروەها بیروبۆچوونی خۆمان بە زۆر و دوور لە گفتوگۆی زانستی و ڕاگۆڕینەوە نەسەپاند بەسەر ئەوانی دیکەدا، ئەوا هەموو ئاستەنگەکان ــ بە پشتیوانیی خوای گەورە ــ لە بەردەمماندا هەڵدەگیرێن و بۆ قۆناغی داهاتووش سەرکەوتوو دەبین.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا