سه‌ردار عه‌زیز 14/07/2019 1289 جار خوێنراوەتەوە

جوتێ شۆڕش

شۆڕش چەمكێکی ئەفسانەییە، یەکێکە لەو ئەفسانە باڵایانەی کە ئەدەبیاتێکی بێشوماری دەربارە بەرهەمهاتوە، هەمو کەس حەز دەکات شۆڕشگێڕبێت. بەڵام تێگەیشتن لە شۆڕش، بە تایبەتی لە دونیای ئێمەدا، وەک هەموو چەمک و بوارێکی تر، زۆر لاوازە.

ئەمڕۆ یادی کودەتای چواردەی تەموزە، کە ئەفسەرێکی سوپا، ڕژێمی پادشایەتی عێراقی کۆتایی هێنا، لە هەمانکاتدا یادی کەوتنی باستیلە. ئێمە لە نێوان ئەم دوو نەرەتیڤەداین: یەکەمیان کە شۆرشی فەرەنسیە، یەکەم ڕوداوە لە مێژوی ئەوروپادا کە لە سەردەمی ڕودانیدا سەدای بگاتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وەک ئێریک هۆپسپاوم دەڵێت. کودەتای عەبدولکەریم ڕەنگە تاکە ڕوداوی ناو یادەوەری عێراق بێت کە هەمووان پێوە پەیوەستن.

لە ماوەی دواییدا خەریکی نوسینی کتێبێکم دەربارەی پرسیاری پەرلەمان چیه‌، یەکێک لەو تێزە سەرەکیانە مامەڵەی لە گەڵدا دەکەم ئەوەیە کە پەرلەمان ڕێگای سێیەمە لە نێوان شۆڕش و جەنگی ناوخۆدا. کتێبەکە لە قۆناغی هەڵەبڕیدایە و بە هیوام زوو بگاتە دەستی خوێنەران.

لە دونیای ئێمەدا شۆڕش بریق و باقێکی زۆری هەیە، خەباتی کوردی ناوی لە خۆی ناوە شۆڕش، ئێستاش لە زۆر گوندەکانی گەرمیان و شوێنەکانی تر بە حکومەتی کوردی دەڵێن شۆڕش، کەواتە شۆڕشی کوردی هەیە و شۆڕشی عێراقی و شۆرشی فەرەنسی یان جیهانی.

یەکێک لە پرسە سەرەکیەکانی فەلسەفەی پۆستمۆدرێن دیاردەی ڕوداوە، ڕوداو ساتەوختی وەرچەرخانە لە ئاستی ئاگایی و واقیعدا، بەڵام هیچ کام لە شۆڕشەکانی سەرەوە لەو جۆرە ڕوداوانە نین. بۆ تێگەیشتن لە شۆرشی فەرەنسی دوو بیرمەند ئێجگار گرنگە کە بخوێنرێنەوە، یەکەمیان ئەلیکس دی تۆکڤیل، دوەمیان ئیدمۆند بێرک.

لای دی- تۆکڤێل شۆڕشی فەرەنسی بەردەوامیدان بوو بەو گۆڕانکارییانەی کە پێش شۆڕش دەستیان پێکردبوو، ئەویش خۆی لە ناوەندگەراییدا دەبینیەوە. ئەوەی شۆڕش کردی ئەوەبوو کە ئەم پرۆسەیەی خێراکردو سڵی نەکردەوە لە کوشتوکوشتار. شۆڕش هەمیشە ساتەوەختی باڵابونی ئایدیایە و بێنرخ بونی مرۆڤ.

شۆڕشەکان زۆرترین مرۆڤ دەکوژن، چونکە لە ئایدیاکەوە دێن کە خراپەکار هەیە و لە ڕێگای توندوتیژییەوە دەتوانرێت لە ناو ببرێن، لە ئەنجامدا کۆمەڵگایەکی پاکی پڕ لە چاکە خواز بهێنرێتە ئاراوە. ئەمە ئەفسانەیەکی ئێجگار باڵایە. مرۆڤی شۆڕشگێر خاوەن زمانی تایبەتی خۆیەتی کە زمانێکی ئاینیە. زمانی ڕەش و سپیە، زمانی چاکە و خراپە، زمانی تاریک و ڕون، زمانی باوەڕ، شۆڕشگێڕەکان دادوەرن، بکوژن، خاوەن ڕەهایی و ڕاستین.

بەڵام هیچ شۆڕشێک لە مێژوی مرۆڤایەتیدا هەرگیز ئەوەی بانگەشەی بۆ کردوە پیادەی نەکردوە. بۆیە شۆڕش بریتیە لە ناڕەزایی چینێک لە چینێکی دەسەڵاتدار و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، کە ئەمە ڕوئەدات هەمان پرۆسە بەردەوام دەبێت. ئەم تێگەیشتنە کرۆکی تێڕامانەکانی ئێدمۆند بێرکە. بۆیە دەڵێت ئەگەر پەرلەمان هەبوایە لە فەرەنسا، بە نمونەی بەریتانیا، ئەوا شۆڕشی فەرەنسی ڕوینەئەدا و نەدەبوینە خاوەن تیرۆر و دەوڵەت نەتەوە.

بەڵام ڕەهەندێکی تری گرنگ لێرەدا جێگەی پرسیارە، ئایا کەڵەکەبوون و کەڵەکە کردن، شێوازی گەشەکردنە یان وەرچەرخانی خێرا، پەرلەمانیە ئینگلیزەکان بڕوایان بە کەڵەکەبوون هەیە، بەرەوپێشچون بە هێواشی، بەڵام کرۆکی شۆڕش خێراییە، بەڵام خێرایی کە پەلەکردنی پێوەیە، مێژوو پێمان دەڵێت ئەنجامەکەی باش نابێت.

گەر شۆڕشی فەرەنسی چەپ و ڕاستی بەرهەمهێنا، ئەمرۆ چەپ و ڕاست وەک دوو پارادایمی بیرکردنەوە بەرەو کۆتایی دەچن. ئەمڕۆ دونیا لە نێوان جیهانگەرایی و دژە- جیهانگەرایی، گلۆبالیزەیشن و دی- گلۆبالیزەیشندا جۆلانی دەکات. زۆربەی زۆری مێژووی ڕابردوو کاتێک وتراوە مرۆڤ، ئەوا هەرگیز مەبەست لێی سەرجەم دانیشتوانی گۆی زەوی نەبوە، بەڵکو هەمیشە مەبەست خەڵکێکی تایبەت بووه‌، ڕەنگە بە فشاری تەکنەلۆجیا، ئێمە بەرەو ئەو ساتەوەختە بڕۆین کە گۆی زەوی ببێتە یەک یەکە.

ئەمە شۆڕشە ڕاستەقینەکەیە، پێویستی بە ئەخلاق و دیدی تایبەت هەیە. گۆی زەوی هەتا ئەمڕۆ دوو جۆر رێکخراوی هەیە، ڕۆژئاوا و ناڕۆژئاوا. ناڕۆژئاوا لە بەرژەوەندی ڕۆژئاوادا ڕێکخراوە. ئایا ناڕۆژئاواییەکان ئازاد دەبن؟ هیچ شۆڕشێک ئەمە ئامانجی نەبوە، هەتا ئێستا!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی سه‌ردار عه‌زیز

سەرەتا