سیروان کاکی
08/01/2022
143 جار خوێنراوەتەوە
ئەرێ هەر بەڕاست ئێوە خەمی کتێبخانەتانە؟
ئەرێ هێشتا خۆتان و سیستمی حوکمڕانییتان ناناسن یان ئێمە بە گێل و لاژک دەزان؟
ئەزیەت بکێشن و مایکێکم بدەنێ با کەمێک بەبیرتان بهێنمەوە ئێوە لە کوێوە هاتوون و، لە کتێبخانەی ژیانی ئەم خەڵکەدا چیتان چاندووە.
دەبوو ئێوە لەبریی سزا پاداشتی ئەو گەنجە خێرلەخۆنەدیوانەتان بکردایا کە کتێبخانەیەکیان لە پەرچەکرداری زوڵم و ستەمی ئێوە سووتاند!
ئەزانن بۆ؟
چونکە دەکرێت کتێبێکی (ئەلبێر کامۆ) یان (چۆمسکی) لەو کتێبخانەدا بێت، گەنجێك دەستی بداتێ و بە خوێندنەوەی یاخییبوون لە ناخیدا بچێنێت!
دەکرێ دیوانێکی (پەشێو) یان ڕۆمانێکی (بەختیار عەلی)ی تێدا بێت و، ماک و مەعدەنی ئێوە بە خوێنەران بناسێنێت!
یان خوێنەران بکەون بەسەر کتێبی (واعیزەکانی سوڵتان)ی عەلی وەردی و (مەزرای ئاژەڵان)ی جۆرج ئۆروێڵ و تەمومژی فەزاحەتی شۆڕش و حوکمی بەرازەکانیان بۆ ڕۆشن ببێتەوە!
ئەو گەنجانەی جلی مەرگتان لەبەر کردن، بە هەڵچوونی خۆیان باشترین کاریان بۆ ئێوە کرد، چونکە ئەوێ ڕۆژێ کە هاتنەوە یەکەم کارێ کە دەستتان پێ کرد چاندنی ئەفیوونی نەخوێندەواریی و بەموعتادکردنی گەنجانی ئەم مەملەکەتە بوو.
پشتگوێخستنی کتێبخانەکان و گرنگییدان بە زیندووکردنەوەی تەکیە و دیوەخانی ئاغا و دەرەبەگ و شێخەکان بوو کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا کەنارگیر کرابوون.
هەر ئێوە نەبوون ملیۆنان دۆلاری ئەم خەڵکەتان بۆ ئەو دیوەخانە موفتەخۆرانە سەرف دەکرد و لەشکرێک گرگنی بێمەعریفەتیان پێشکەشی کۆمەڵگا کرد و، ئێوەش کردتاننە چەکداری حیزب و شەڕەقۆچی کورسیی و پارەتان پێ دەکردن؟!
ئادەی ئامارێکمان بدەنێ بزانین چەندە داهاتتان بۆ کتێب و کتێبخانە سەرف کردووە و چەندیش بۆ دیوەخانی ئاغاکان؟!
ئەرێ ئەرک بکێشن و پێمان بڵێن کام سەرکردە و سەرۆک و شالیارتان خاوەنی توێژینەوەی زانستیی و مەعریفیی و کتێبی بەڕۆشنبیرکردنی تاکی کۆمەڵگاکەتانن؟!
مەگەر دانەدانەیەکتان یادەوەرییەکانی ڕاکەڕاکی گوندەکان و شەڕەقۆچەکانی شاختان نووسیبێتەوە، ئەویش بە سەدان فشەوفاڵ و خۆبەپاڵەوانکردن و نەیارەکانیان بەئەژدیهاناساندن نووسیوەتەوە.
ئەرێ کام لە سەرکردەکانتان نەک نووسەر بەڵکوو خوێنەرێکی باشیشن؟!
کامیان دەتوانێت چوار نیوەدێڕی نالی و مەحوی تەفسیر بکات؟!
خوێنەریش واز لێ بێنن چونکە بەهۆی زۆریی کۆمپانیاکان و سەفقەی زەخمی بزنسەکانیان کاتیان بۆ خوێندنەوە نەماوە! بەڵام کامیان ڕۆژێک مەدالیایەکی بچووکی کردە دیاریی بۆ نووسەرێکی دڵسۆزی ئەم میلەتە، بۆ شاعیرێکی خەمخۆری ئەدەبیاتی کورد، بۆ پرۆفیسۆرێکی بێلایەنی کوردپەروەر؟! (ئەم دێڕە قەڵەمفرۆشەکان ناگرێتەوە چونکە نووسەر نین و (پەشێو)وتەنیی گووسەرن. ڕۆشنبیر نین و فشنبیرن).
لە سەدا ئۆ و پۆینت چەندی پارەی جیگڵاس و ڕانجڕۆڤەری دیاری کەپڵە لەشفرۆشەکانیان داوەتە خزمەتی کتێب و کتێبخانەکان؟!
نابینن کاتێک دێنە سەر ستەیج بە پڵتەپڵت وەرەقەکەی دەستیشیان بۆ ناخوێنرێتەوە چجای بتوانن وتاربێژێکی پڕ بەلاغەت و ئەدەبیاتی کوردیی بن و یاریی بە وشە و ڕستە بکەن!
با بیرتان بخەمەوە: ئێوە خەڵکتان گەیاندۆتە کوێ! چیتان بەسەر فکر و هزری تاکی کۆمەڵگادا هێناوە!
سەرێک لە یووتیووب و تیکتۆك بدەن و بزانن یووتیووبەرە پڕبینەرەکانی کورد کێن؟!
دکتۆر کەریم قەرەچەتانییە یان مەلا قاتیل و حەمە جەرگە؟!
هونەرمەندە پڕ گوێگرەکانی کورد کێن؟
عەدنان کەریم و حەسەن زیرەک و کامکارەکانن یان (تڵپەتەماتە)کەی ئارام شەیدا و هاتوهاواری ئاوات بۆکانیی؟
ئەستێرەکانی سۆشیال میدیای کورد کێن؟ پەروەردەکاران و وتاربێژانی گەشەپێدانی مرۆیین یان مامە ڤاندام و سەرکەوت عێراقیی و سەنای مام یووسف و دانای چنارۆكە؟
ئەرێ کەناڵە پڕۆفیشناڵەکانتان کام پڕۆفیسۆر و کام نووسەر بە خەڵك دەناسێنن؟
تا کچە مۆدیل و مایکەپئارتیست و شاناشرینەکان، هاوڕەگەزباز و لەشفرۆش و قوونبادەرەکان وەستابن، نووسەر و پڕۆفیسۆری داماو لەکوێوە دەردەکەوێت؟!
ئێرە مەملەکەتی نەخوێندەوارەکانە. دڵتان بۆ سووتاندنی کتێبخانەکان نەسووتێت و بکەرانیان سزا مەدەن، چونکە ئێوە عەیامێکە پاداشتی ئەو کەسانە دەکەن کە تاکەکانی کۆمەڵگا لە کتێب و کتێبخانە دوور دەخەنەوە و دەیانبەنە تیاترۆ و قومارخانەکان.
دەیانکەنە چەکداری نەخوێندەواری بێمۆڕاڵ تا زۆر بێشەرمانە مامۆستای خانەنشین و خوێندکاری گیرفانبەتاڵ بەر شەق بدەن لەسەر داوای سادەترین مافی ژیانیان کە قووتی ژیانیانە و کەوتۆتە دەستی ئێوە.
ئەرێ بە درێژایی ٣٠ ساڵی دەستەڵاتتان چەند پیاوکوژ و تلیاکفرۆش و تیرۆریست و باندی دزیی و تاوانە قێزەونەکانتان بە جلی پڕتەقاڵییەوە هێنایە سەر شاشە؟ تا ئێستا کۆمەڵێ گەنجی گیرفانبەتاڵتان هێنا و فەزحتان کردن!
ئەی هاوار! ئێوە دەرچووی کام قوتابخانەی مافیاگەرایین کە ئەو فەزاحەتە بەرامبەر وزە و ڕۆحی کۆمەڵگاکەتان دەکەن کە خوێندکارانی زانکۆکانن و تەنها تاوانیان سووتاندنی کتێبخانەیەک بووە لەتاو ستەمی ئێوە؟!
ئێوە لەمێژە بەو ئاڕاستەیە کار دەکەن کە نوخبەی خاوەن مەعریفەت نامۆ بکەن بەکۆمەڵگا و، بوودەڵە و هیچ و پووچەکان بکەنە ئایکۆن و فیگەری سەر شاشەکان. بەڵێ سەرکەوتووش بوون لەو کارەتان.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی سیروان کاکی