هونهر تۆفیق
05/01/2022
282 جار خوێنراوەتەوە
پۆشاک و زەلیلکردن
تا سەدەی حەڤدەهەمیش، هەموو کەس بۆی نەبووە جگە لە رەنگی خاکی هیچ جۆرە جلێک بپۆشێت، تەنیا ئەغا و میر و دەستوپێوەندەکەی ئازادبوون لە رەنگاوڕەنگی پۆشینی جلەکانیان، ئەو سەردەمە کە پێیدەگوترێت سەدە تاریکەکان، ئازادی مرۆڤ بەستراوەتەوە بە میزاجی کەسی پادشا و میرەکانی خاوەن دەسەڵات و زەوی و زارەکانەوە، تاک و کۆمەڵگە لەو مەزەلەتەدا لەناخەوە دەشکێنران، بۆ ئەوەی هەمیشە گوێڕایەڵ و ملکەچ بەو سیستەمە فیوداڵیە بن، کە تەنانەت ڕەنگیشی لێ قەدەغەکردبوون.
یەکێک لە خەسڵەتەکانی زیندان، زەلیلکردنی کەسی سزاخواردووە، بە لێسەندنەوە ئازادییەکانی، تا ئازادی هەڵبژاردنی پۆشاک و ڕەنگەکەی، دەسەڵاتی چۆنییەتی دیاریکردنی ئەو ڕەنگانە لای حاکمی زیندانەکەیەو بەپێی ئاستی هۆشیاری دیموکراسی حوکمداری وڵاتێک لە چاو وڵاتێکی دیکەدا، دەسەڵاتی حاکمی زیندانەکانیش دەگۆڕدرێت، بۆ نمونە: تورکیا کە سیستمێکی سیاسی فاشیستانەی هەیە، هێشتا بە ئاشکرا زەلیلکردنی زیندانە سیاسیەکانی نیشانی دەرەوە نادات، ئۆجەلان و دەمیرتاش کە دەوڵەت وەک دوو گەورە دوژمنی خۆی وێنایان دەکات، کاتێک بیانەوێت لە وێنەیەکی ناو زیندانەوە دەرکەون بەجلێکی مەدەنی پاک و گونجاوەوە دەردەکەون، بەڵام ئەمریکاییەکان لە زیندانی گوانتانامۆوە دیلەکانی قاعیدەی بە زەلیلی و جلی پرتەقاڵیەوە نیشاندا، جلی پرتەقاڵی لە ئەمریکادا دەکرێتە بەری ئەو زیندانانەی تاوانی گەورەیان کردووە و مەحکومن بە مردن، ئەوانەشی هێشتا لەباری گواستنەوەدان و هێشتا دادگا حوکمەکەیانی یەکلا نەکردووەتەوە، جلی سپیان پێدەپۆشن، ئەوەشی حوکومدراوێکی ماوە کورتن، ڕەنگی شینیان لە بەردایە، داعش وەک تۆڵەکردنەوە لە مەزەلەتی دیلەکانی گوانتنامۆ، جلی پرتەقاڵی کردەوە بەر ئەو دیلانەی دەیگرتن و وێنەی کوشتنەکەیانی بڵاودەکردەوە.
رەمزیەتی هەڵبژاردنی رەنگی جلی زیندانەکان و نیشاندانیان وەک کەسانی نائازاد و تاوانبار و زەلیلکراو، جگە لەوەی زیندانییەکەی پێ دەخرێتە بنی کۆمەڵگەوە، لە هەمان کاتدا چاوترسێنی کۆمەڵگەشە کە لەئەگەری دووبارەکردنەوەی لەلایەن هەرکەسێکەوە بێت، هەمان مەزەلەت چاوەڕێی دەکات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی هونهر تۆفیق