ئیبراهیم محه‌مه‌د عه‌زیز 30/08/2021 306 جار خوێنراوەتەوە

ئایا دوای کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق فەرەنسا بۆشاییەکە پڕدەکاتەوە؟


کشانەوەی ئەمریکا لە عێراقدا، یەکێکە لەوبابەتە هەستیارو کاریگەریانەی کە لێکەوتەی دەبێت لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی نەک لە هەرێم و عێراقدا، بەڵکو ناوچەکەش بەدەرنابێت لە کاریگەری هەنگاوێکی لەو شێوازە.

سەرهەڵدان و باس و شیکاری سیاسیانە، بۆ ئەوەی کە فەرەنسا شوێنی ئەمریکا بگرێتەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەردانیەکەی ماکرۆن بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمەش خۆی لەخۆیدا کورت بینی و نەخوێندنەوەی دروستی بابەتەکەیە، بۆیە بەکورتی ئەم چەند خاڵە دەخەینەڕوو:

یەکەم: کشانەوەی ئەمریکا لەعێراق  لەسەر بڕیاری  ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراقە کە لە مانگی یەکی ۲٠۲٠ دەرچووە و داوادەکات هەموو هێزە دەرەکیەکان لەعێراق بکشێنەوە، ئەم بڕیارە وەک چۆن بۆ ئەمریکایە، بەهەمان شێوەش بۆ کۆی هەموو هێزە بیانییەکانە.

دووەم: لە رووی پراکتیکی و واقیعی رووداوەکانەوە، ئەگەر ئەمریکا بکشێتەوە و لە عێراق بچێتەدەرەوە ئەوا هاوپەیمانەکانی ئەگەر بەر لەهێزەکانی ئەمریکا نەکشێنەوە، بەدڵنیاییەوە هاوشان دەبن لەگەڵ ئەواندا و دەچنەوە بۆ ووڵاتی خۆیان، باشترین و نوێترین نموونەش ئەمریکا و هاوپەیمانەکانییەتی لە ئەفغانستان.

سێیەم: عێراق ئەگەر هێزێکی دەرەکی وەک ئەمریکای قبول نەبێت کەلەساڵی ۲٠٠۳ وە کاریگەری گەورەو قورسی هەبووە و هەیە لەسەر کۆی پرۆسەکان، ئەوا ئەو لاتر فەرەنسی و بەریتانیشی قبوڵ نییەو نابێت.

چوارەم: لە ئێستادا ئەوەی زیاتر داکۆکی دەکات لە کشانەوەی ئەمریکا لە عێراقدا، هێزە شیعیەکانە، بەتایبەت ملیشیاکانیان و لەشەڕی بەردەوامدان بۆ فشاری زیاتر لەسەر بنکەو بارەگاکانیان، ئەم میلیشیایانە لە ئەگەری سەرکەوتنیان لە فشارەکانیان بۆ کشانەوەی ئەمریکا ئەوا بێگوومان فەرەنسا ناتوانێت رازیان بکات بۆشایی ئەمریکا لە عێراقدا پڕبکاتەوە!
پێنجەم:  ئەوە سەلمێنراوە کە هێزی دەرەکی لە کۆمەڵگا دابەش بووەکاندا کاریگەری دەبێت لەسەر ئارامی ئەو ووڵات بۆ قۆناغی گواستنەوە تا ئەو کاتەی دەتوانن بگەنە حاڵەتی ئاسایی خۆیان بەڵام ئەمریکا دوای ۱۷ ساڵ نەیتوانیوە ئەو حاڵەتە ئاساییە دروست بکات لەعێراقدا و بەکشانەوەیشی ئەگەری زۆر ئەوەیە گرفتەکان قوڵتردەبنەوە و لەو بارودۆخەیشدا فەرەنسا ناتوانێت 'بۆ شاییەکە' پڕبکاتەوەو هێزە دابەش بووەکان ڕێکبخاتەوە چونکە دابەش بوونەکە قوڵە.
بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو گریمانەیە کە باسی لێوەدەکرێت فەرەنسا ببێتە پڕ کەرەوەی بۆشایی ئەمریکا لەعێراقدا لەڕووی پراکتیکیەوە لەمەحاڵ نزیکە ونالۆژیکیە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا