سه‌ركۆ یونس 10/06/2021 72 جار خوێنراوەتەوە

دیدگای 2030 هەرێم، چەند سەرنجێک




حکومەتی هەرێم، لە رێگای وەزارەتی پلاندانانەوە هەنگاوەکانی دەستپێکردوە، بەئاراستەی نووسینی  یەکەمین دیدگای هەرێم تاساڵی 2030.
بوونی دیدگا، بۆ هەر حکومەت و دەوڵەتێک، گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، ئاراستەی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگا دیاری دەکات، لەداهاتوودا بەمەبەستی بەدەستهێنانی ئامانجی ئابوری و کۆمەڵایەتی.

بەڵام بەشێوەیەکی گشتیی دیدگا زیاتر ئەو وڵات و حکومەتانە پەیڕەوی دەکەن، کە تاڕادەی جێگیربوون لەڕووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و بابەتەکانی ترەوە، سەقامگیرو بێ کێشەو گرفتن..

ئەم هەوڵە جێگەی ئومێدە، بەڵام واقیعی ژیارو بارودۆخی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی هەرێم، هەمیشەو هەردەم پڕ ئاریشەو گرفت و قەیرانە، هەروەها پێگەی جوگرافیای هەرێم لە ناوچەکەدا و تەماح و مەترسی داگیرکاری وڵاتانی ئیقلیمی، هەڕەشەیەکە کە نابێت لەبەرچاو نەگیرێت.

لەلایەکی ترەوە، پەیوەندی هەولێرو بەغداو بەردەوامی کێشە سیاسی و ئابوری و نەتەوایەتییەکان و ئیدارەدانی ناوچەکێشە لەسەرەکان، هەمیشە ئەو گرفتانەن، کە بەردەوامن بەبێ چارەسەرکردن ماونەتەوە.

دیدگای هەرێم 2030، هەوڵێکە لە واقیعی ناهەمواری هەرێمدا، کە پێمانوایە ئەستەمە بەبەرهەم بێت و تەنها نووسینی سەر کاغەزەکان دەبێت، چونکە هەرێم، ئەگەر بەڕوخسار یەک ئیدارە و یەک حکومەت بێت، ئەوا لەواقیعدا دوو ئیدارەییەوە و بەئاشکرا ڕوون و دیارە.

ئاشکرایە، دەرکردن و پەیڕەوکردنی و جێ بەجێکردنی دیدگا، دەبێت لەلایەن دەستەڵاتی ڕەهای گشتییەوە بێت، کەپێمان وایە، لەهەرێمدا ئەو دەستەڵاتە بوونی نییە، قورسە جێ بەجێ بکرێت، چونکە ئەوەتا بڕیارەکانی حکومەت لەهەندێ ناوچەو دەڤەر پەیرەو دەکرێت و لەهەندێ شارو ناوچە هەر بایەخی نییە.

هەروەها، دیدگا پێویستە سیفەتی نەرمی نواندنی تەواوی هەبێت، بەهۆی خێرایی گۆڕانکاری و ڕووداوەکان و پێشهاتەکانەوە.
لەلایەکی ترەوە، ئەم دیدگایە، پێویستە گشتگیر بێت و جیاوازی نەکرێت لەنێوان شاروشارۆچکەو وەزارەتەکاندا، لە فشاری سیاسی بەدوور بێت.

گرنگترین پایە لەدانانی دیدگادا، دیاریکردنی ئامانجەکانە، دەستنیشانی ئامانجی سەرەکی بنەمای دیدگایە، هەروەها گفتوگۆی زیاترو کاتی زۆری بۆ تەرخانبکرێت و هەموو ڕووەکانی ڕەشنووسی دیدگاکە، شەن و کەوی پسپۆرانەی بۆ بکرێت، کە لەگەڵ واقیعدا یەکبگرێتەوە.

سەرەتای دانانی دیدگا، پێویستە کێشەو قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکان دەستنیشان بکرێن و هەموو ئەو ئاستەنگانە لەبەرچاوبگیرێن کە دەبنە لەمپەرو بەربەست لەجێ بەجێکردنی پلانەکانی دیدگاکەدا، پێمانوایە ئاستەنگی سیاسی ناوخۆیی و هەندێجار ئیقلیمی گەورەترینیانە، هەمیشەو هەردەم کاریگەر دەبێت.
هەروەها، ئاستەنگە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی هەرێم، کە بەداخەوە لەئێستادا حکومەت و کۆمەڵگا، بەقورسترین قەیرانی دارایی و ئابوریدا گوزەر دەکات، حکومەت لەدابینکردنی مووچەدا هێشتا توانای دارایی نییەو پرۆژەخزمەتگوزارییەکانی زۆرێک لە وەزارەتەکان تەواونەکراون، لەسەرووی ئەمانەیشەوە، زیاتر لە شەش ساڵە، حکومەتی هەرێم یاسای بودجەی ساڵانەی نەبووە، پێدەچێت ساڵی دارایی (2021) بەبێ بودجە تێبپەڕێنێت.

لەلایەکی ترەوە، ڕێژەی بێکاری و نەبوونی هەلیکار، یەکێکی ترە لەئاستەنگە گەورەکانی بەردەم حکومەت و ڕۆژ لەدوای رۆژ قەبارەکە گەورەتر دەبێت، ڕێژەی بێکاری لەچینی گەنجانی خاوەن بڕوانامەدا، قەبارەکەی چەند هێندەکردووە!

بابەتی گەندەڵی ئیداری و دارایی و سیاسی لە هەرێمدا، دەردە بێ چارەسەرە بەردەوامەکەی بەردەم هەوڵەکانە، کە پێمان وایە، چارەسەری گەندەڵی لەهەرێمدا، ئەستەمە!

لاوازی کەرتی تایبەت، بەهۆی نەمانی متمانە لە نێوان حکومەت و کەرتی تایبەتدا، بەشێوەیەک چالاکی خاوەنکارو کۆمپانیاکان، تاڕادەی کەمبونەوە هەنگاوی ناوە.
وابەستەی ئابوری و دارایی هەرێم، بەبەغداوە و ناسەربەخۆیی دارایی، یەکێکی ترە لە بەربەستە گەورەکان، هەروەها پشت بەستنی هەرێم، بەفرۆشتنی نەوت، وەک تاکە سەرچاوەی داهات، بەربەستێکە دەربازبوون قورسە.

سەرەڕای هەموو ئەمانە، لاوازی بەرهەمهێنانی ناوخۆ، پشت بەستن بە هاوردەکردن بۆ زۆربەی پێداویستییەکان، گەورەترین خاڵی لاوازی ئابوری هەرێمە.
لە کۆتاییدا، هەر هەوڵێک هەبێت بۆ پلان و دیدگای ئایندە، دەبێت بۆ بەرژەوەندی گشتیی و لەپێناو تاکەکانی کۆمەڵگادا بێت، ئامانجی سەرەکی و کۆتایی هاوڵاتی و خزمەتکردنی هاونیشتیمانیان بێت، بەبێ جیاوازی.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا