عه‌بدولستار مه‌جید 01/05/2021 88 جار خوێنراوەتەوە

!کۆرۆنا ھەمیشە بەدوای جەژن و مزگەوت و بۆنە ئاینییەکانەوەیە

 

ئەوێ ڕۆژێ، زیاتر لە بیست هەزار کەسیان لە یاریگای هەولێر بۆ پێشوازی لە پاپای ڤاتیکان کۆکردەوە، نە ڕێنمایی تەندروستیی لەئارادا هەبوو نە کۆرۆناش مەترسیی بوو!

بۆ ساڵیادی ڕیفراندۆم کە نیوەی خاکی کوردستانی تێدا لە دەست درا، کردیانە شایی و تێکەڵاوی و قەرەباڵغی، خوا هەڵناگرێ رەنگە کۆرۆنا خاتری گرتبن و هیچ مەترسییەکیشی نەبوو!

بۆ یادەکانی بەهار و نەورۆز، دەشت و دەر و سەیرانگاکان جمەیان دەهات، شەقام و شوێنە گشتییەکان بۆ ئاهەنگی نەورۆز پڕکرابوو لە خەڵک، لە تێکەڵاویش هەر مەپرسە، لای ئەم حکومەتە کۆرۆنا بوونی نەبوو!

بەڵام هەر کە جەژن و مزگەوت دێتە پێش، یەکسەر مەترسیی کۆرۆنا دێتەوە پێشەوە، وەکو بڵێی کۆرۆنا تەنها دژ و دوژمنی جەژنەکانی ڕەمەزان و قوربان و، تەنها رقی لە مسوڵمانانە کە ساڵی دووجار دەردەکەوێت.

ڕۆژێک دەیانوت مادام حاجیمان نەبووە، پێویست ناکات جەژنیش بکەین، چونکە ساڵانی رابردوو بۆ جەژنە پیرۆزە دەچوینە لای حاجییەکانمان، لە کاتێکدا حاجیی نزیک بە مانگێک دوای جەژن دەگەڕایەوە!

 

ئێستاش کە چەند ڕۆژێکی ماوە بۆ جەژنی ڕەمەزان، دیسان بابەتی قەدەغەی هاتووچۆ و مەترسیی کۆرۆنا، تەنها بۆ سێ رۆژی جەژن سەریهەڵداوەتەوە و هەر کە جەژنیش تەواو بوو مەترسیی کۆرۆناش نامێنێت!

بەڕاستی سەیرە تێناگەم ئەم دەسەڵاتە بۆ دەبێت وا لە خۆی بکات، هەرچی قسە و بڕیاری هەیە، دژ بە زۆرینەی جەماوەر و دروشمە ئیسلامییەکان دەربکەوێت؟!
ئەرێ ئێوە نەتانوت ئێستا کاتی سیاسەت نییەو نابێ کۆرۆنا تێکەڵ بە سیاسەت بکرێت؟!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا