سه‌ركۆ یونس 28/04/2021 58 جار خوێنراوەتەوە

هەرێم و ئێران، بەرژەوەندی هاوبەش



وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بۆ جاری چوارەم دوای سەردانکردنی بەغدا، سەردانی هەولێری پایتەختی کردەوە.
دوور لە رەهەندە سیاسییەکانی ئەم سەردانەو پەیوەندیەدیە دبلۆماسییەکانی هەردوولا.
هەرێم و ئێران، لەم بارودۆخەدا دەتوانین بەدووانەیەکی بەیەکەوەگرێدراوی هاوبەش بناسێنین، لە رووی ئابوری و بازرگانی و گەشتیاری و بوارەکانی تری پەیوەندی کلتوری و فەرهەنگی هتد ..

پەیوەندیە ئابورییەکانی ئێران وعێراق، لە ئاستێکی پێوانەیی زۆر باشدایە، سەرەڕای کاریگەری ڤایرۆسی کۆرۆنا، هێشتا قەبارەی بازرگانی نێوان عێراق و ئێران، بەرزترین ڕێژە تۆمار دەکات و ساڵانە زیاتر لە (13) ملیار دۆلارو بەشی زۆری لە رێگەی هەر سێ دەروازەی نێودەوڵەتی (حاجی ئۆمەران و باشماخ و پەروێزخان)و چەندین مەرزی نافەرمییەوە دەکرێت و لەهەندێ سنوری هەردوولا، کاری قاچاخی گواستنەوەی کەلوپەل، لەڕێگەی کۆڵبەرییەوە ئەنجامدەدرێت و سەرچاوەی بژێوی بەشێکی زۆری دانیشتوانی سەر سنوری هەردوولایە، بەپێی ئامارە نافەرمیەکان، قەبارەی بازرگانی نێوان هەولێرو تاران، ساڵانە نزیکەی (4 بۆ 5) ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
ئەم بابەتە، لە کۆبوونەوەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکوەزیرانی هەرێمدا، جەختی زیاتری  لەسەرکرایەوە.
ئەمە جگە لەوەی دەیان خوێندکاری هەرێم، لەزانکۆکانی ئێراندا خەریکی وەرگرتنی بڕوانامەن، لە هەمانکاتدا سەدان کرێکاری کوردی رۆژهەڵات لەشارەکانی هەرێمدا، کار دەکەن.
هەروەها لەساڵانی رابردوودا، دوای ئاسانکاری هاتووچۆی هاوڵاتیانی هەردوولا، ڕێژەیەکی زۆری هاونیشتیمانیان، سەردانی کۆماری ئیسلامیان کردووە و لەهەمانکاتدا پشکی شێری گەشتیارانی هەرێم، لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت، بەتایبەت لەکاتی بۆنە نەتەوەییەکانی وەک نەورۆزدا، کە بەسەدان گەشتیار ئەژمار دەکران و شاروشارۆچکەکانی هەرێمیان قەرەباڵغ دەکرد.

ئەوەی بەلای حکومەتی هەرێمەوە گرنگەو جێگەی بایەخە، بابەتی سەقامگیری و ئەمن و ئاسایشی هەرێمە بەگشتی وهەولێری پایتەخت بەتایبەتی، چونکە بۆ چەند جارێک لەلایەن ملیشیا چەکدارەکانی سەر بەئێران، فڕۆکەخانەو هەولێر مووشەکباران کراوە، نزیکبوونەوە لە ئێران، واتە کەمبونەوەی فشاری ملیشیاکانە لەسەر هەرێم وهەر ئەمەش لەبەرژەوەندی هەرێمە، پێمانوایە، حکومەتی هەرێم ناتوانێت و لەبەرژەوەندی نییە، دژ بەئێران مامەڵە بکات، ئەمە واقیعە و پێویستە لە بەرچاو بگیرێت.

لەئێستادا، وادەردەکەوێت حزبە کوردیەکانی دژ بەکۆماری ئیسلامی لە هەلومەرجی هەرێمی کوردستان تێگەشتوون، نایانەوێت ببنە هۆکار و بەهانە بۆ تێکدانی سەقامگیری هەرێم، ئاسایشی هەرێم بەلایانەوە گرنگە، هەربۆیە لەم هەلومەرجەدا ئەو حزبانە کاروچالاکییەک ناکەن، ببێتەهۆی مەترسی بۆ سەر قەوارەی هەرێم.

پێمانوایە، هەتاوەکو هەرێمی کوردستان، پەیوەندیەکی پتەو وتۆکمەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەبێت، لەڕووی سیاسی و ئابوری و بازرگانییەوە، لەبەرژەوەندی هەردوولایەو بەرژەوەندی هاوبەش رەهەندی سەرەکییە، هەرچەندە لە رووی ئابورییەوە کۆماری ئیسلامی ئێران، قازانجی زیاتر دەکات، بەڵام بۆ هەرێم، ئێران سەرچاوەیەکی گونجاوە بۆ هاوردەکردنی پێداویستیەکانی دانیشتوان، بەنرخێکی گونجاو و تێچونێکی کەم.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا