بیلال سه‌عید 24/03/2021 548 جار خوێنراوەتەوە

هه‌شت خاڵی گرنگ؛ دۆلار بەرامبەر دینار بۆ جێگیر نابێت؟

1- بەهای دۆلار لە 20.12.2020ەوە لەلایەن بانكی ناوەندی دابەزینراوە بەڵام تا ئێستا هێچ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكی گەورەی بۆ ئەنجام نەدراوە.

2- بە خویندنەوەمان بۆ خۆپیشاندانەكانی ڕابردووی عێراق، زۆربەی كات جوڵەپێكەر و بانگەشەكارانی خۆپیشاندان لەلایەنی موقتەدا سەدر بوون، بەڵام سەرۆكی بانكی ناوەندی ئێستای عێراق كاندیدی سەدر بووە.

3- بانكی ناوەندی دەسەلاتێكی تەواو سەربەخۆی هەیە و سیاسەتی نەختی ووڵات دادەرێژێت، بۆیە پەرلەمان و حكومەت ناتوانن بڕیارەكەی هەڵبوەشینەوە، تەنیا لەیەك حاڵەت ئەتوانرێت ئەویش ئەگەر یاساكەی لەپەرلەمان هەمواربكرێتەوە و ئەو دەسەڵاتەی لی وەربگیرێتەوە كە ئەمەش كارەساتی دارایی دەخوڵقێنێت و عێراق دەبێتە نمونەیەكی تەواو جیاواز لە جیهان.

4- جێبەجێكردنی پرۆسەی دابەزاندنی بەهای دینار پێشنیاری وەزارەتی دارایی واتە حكومەت و بانكی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بووە و بانكی ناوەندی كاری بۆ جێبەجێكردنی ئەو داواكاریە كردووە، تا ئەم ساتەش هێچ كام لەو سێ‌ لایەنە پێشنیاری تازە یان داوای گۆرانكاری و بەرزكردنەوەی بەهای دیناریان لەبانكی ناوەندی نەكردووە.

5- شڵەژانی بازاری دراو لە ئێستادا زیاتر لە چوارچێوەی پلانێكی جێبەجێكراوی بەشێك لە هێزی سیاسی شیعە و خواستی چەند بازرگانی سیاسیە و دەیانەوێت لەم رێگەیەوە فشار لەسەر بانكی ناوەندی و حكومەتی عێراق دروستبكەن.

6- بەشێك لە فشار و لیدوانی پەرلەمانتارانی عێراق لەم كاتەدا پەیوەندی بە نزیكبوونەوەی وادەی گفتۆگۆكردنە لەسەر بودجەی 2021ی عێراق و بەشێك لە هێزەكان وەك كارتی فشار بەرامبەر حكومەتەكەی موستەفا كازمی و بەشێكی دیكە بەرامبەر سائیرون واتە سەدر بەكاریدەهێنن، ئەگەرنا زۆرباش لەوە تێدەگەن كە گۆرانكاریكردنی بەهای دۆلار لەدەسەڵاتی پەرلەمان نییە.

7- حكومەتی عێراق بە ڕیكاری دابەزاندنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار چەند ئامانجی جیاوازی پیكاوە بۆ نمونە یەدەگی دراوی بیانی زیادیكردووە و هەروەها بەشێك لە كورتهێنانی بودجەی بەم رێگەیە كەم دەكاتەوە.

8- سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت تا ئێستا بەهای خەملینراوی نەوت لە بودجەی 2021ی عێراق بە 43 دۆلار جیگیركراوە چونكە ئایندەی نرخی نەوت ناجیگیرە و حكومەت ئەڵی ناتوانرێت بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بكرێتە بیانوی دەستكاریكردنی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا