هونه‌ر تۆفیق 22/03/2021 296 جار خوێنراوەتەوە

بەرگری لە سەڵاحەدین

 

کاتێک مێژووی سەربازی باسی سەرکردە ستراتیژیە مەزنەکان دەکات، ئەلێکسەندەر و هانیبال و سەڵاحەدین و ناپلیۆن وەک لێهاتووترین سەرکردەی سەربازی دەناسێنێت و چیرۆکی نەخشە و پلانەکانیان، تا ئێستاش لە ئەکادیمیە سەربازییەکاندا بەبێ لێکدانەوەی ئایینی و مەزهەبی بەهەند وەردەگیرێت.

سەڵاحەدین کوڕی سەدەی دوانزەیە ( 1138-1193) کە سەدەی جەنگە جیهانگیرەکانی ئاسیا و ئەوروپایە، ئەو ژینگەیەی سەڵاحەدینی تیادا دروستبووە، ژینگەی هێزە زەبەلاحەکانی وەک مەغۆل و خاچیەکان و حەشاشینەکان بووە، ژینگەی شەڕی ناوخۆ و پەرت و کەرت بوونی دەوڵەتی خەلافەتی عەباسی و لاوازبوونیەتی، ئەمیرە تورکەکان و سوڵتانە مەغۆلیەکان لە رۆژهەڵاتەوە جیهانی ئیسلامیان هەراسان کردووە، لەخۆرئاواشاوە ئەوروپیەکان ( خاچیەکان ) هەموو ناوچە ستراتیژیەکانی ئیسلامیان داگیرکردبوو، لەناوخۆشدا حەشاشینەکان زۆریان بۆ ئەمیر و والی و هەتا خەلیفەکان هێنابوو، چەندجارێکیش هەوڵی کوشتنی سەڵاحەدینیان داوە.

سەربازێکی گەنجی وەک سەلاحەدین لەو ژینگەیەدا بەبێ ڕەچەڵەکی پێشینەی قەبیلە و نەسەبی ئەهل بەیتی سەر بە ماڵی پێغەمبەر و خزمایەتی لەگەڵ خەلیفەی عەباسی ( ناسرەدین الله ) دا نەبێت، بتوانێت ببێتە دامەزرێنەری دەوڵەتی ئەیوبی لە میسرەوە تا بەغدا، ئەمە لێهاتوویی ئەو عەسکەرە دەسەلمێنێت و شایەنی ستایشە.

یەکێک لە نمونەکانی سوارچاکی ئەو سەردەمە لێبووردەیی و دادپەروەریە، سەڵاحەدین وەک سەرکردەیەکی سوارچاک کاتێک هێرشی کردە سەر دەوڵەتی زەنکیەکان لە حەلەبەوە تا موسڵی لێسەندنەوە، ئابڵۆقەی سنجاری دابوو، لەو کاتەدا کەدەبوو شەڕ دەستپێبکات، پیرە ژنێکی سنجاری دەچێتە بەردەم سوپاکەی سەڵاحەدین و داوای لێدەکات هێرشەکەی ڕاگرێت، لە بەرئەوەی بوکەکەی (ژنی کوڕەکەی) دووگیانە و لە ساتی منداڵبووندایە، سەڵاحەدین هێرشەکەی رادەگرێت تا ئەو ژنە منداڵەکەی دەبێت، جوامێریەکانی ئەو سەرکردە سەربازیە لەبەرانبەر ئایینەکانی تردا کە دوژمنەکانیشی تا ئێستا ڕێزی لێبگرن و بە ستایشەوە ناوی دەهێنن ڕێزگرتن بووە لە دوژمنەکانیشی.

ئەو سەرکردەیە هەموو نەتەوە مسوڵمانەکان (تورک و عەرەب و فارس و ئازەری) دەیانەوێت رەچەڵەکی بەرنەوە سەرخۆیان، کەچی کورد کە ڕەچەڵەکی خۆیەتی داوا دەکەن "تفی تێبکرێت"، چونکە گوایە موغە زەردەشتیەکانی لە ئێران و هیند کوشتووە، لەکاتێکدا لەسەردەمی سەڵاحەدیندا، هیند و ئێران لەژێر دەستەڵاتی مەغول و سەلجوقیەکاندا بوون، دەستەڵاتی سەڵاحەدین نەگەیشتووە بەو ناوچانە تا کوشتاریان لێبکات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا