یادگار سدیق 06/02/2021 289 جار خوێنراوەتەوە

هەرێم بواری جوڵەی کەمە

یادگار سدیق گەڵاڵێ

ئەلف و بێی دانوستانە کە پێش هەردانوستانێک دەبێت دانوستانکارەکان ئەو بابەتەی کە دانوستان و گفتوگۆی لەسەر دەکەن جوان هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن و لەهەموو گۆشە نیگاکانەوە سەیری بکەن دەستبخەنە سەر کێشەکان. دانوستکاری باش خۆی ئامادەدەکات و کێشەکانی خۆی سەرەتا دیاری دەکات گەر وانەکات بەرانبەرەکەی بۆی دەستنیشان دەکات. دانوستانکار دەبێت خۆی بخاتە شوێنی لایەنی بەرانبەر و لە دیدگای ئەوە وە سەیری کێشەکان بکات. 

قسەیەکی باو هەیە دەڵێت" ئەودانوستکارەی بە چەند بژاردەیەکەوە دەچێت دانوستانەوە براوەیە". 

هەمیشە لە کاتی دانوستاندن دا ئەوتیمەی کەزیاد لە بژاردەیەکی پێیە یان پلانی ١,٢ و ٣ی هەیە لە پێگەیەکی بەهێزتردایە بۆ گفتوگۆ، کاتێک لە بژاردەیەک زیاترت پێ نییە دانوستان ناکەیت بەڵکو رای خۆت دەسەپێنیت، ئەوەش لەکاتێکدا دەلوێت کە لە پێگەیەکی بەهێزدایت و پێویستت بە دانوستان نییە بەوشێوە نەبێت کە خۆت دەتەوێت. ئەمە ڕێک پێچەوانەی بارودۆخی هەرێمە، بژاردەی سنوردارە لە کاتێکدا زۆر پێویستیشی بەڕێکەوتنە.

پێگەی هەرێم زۆر لاواز دەردەکەوێ، ئەوەی وای کردووە لاوازبێت بەهێزی بەغدا نییە بەڵکو خودی هەرێمە، ئەو گەندەڵیەیە کە هەرچی سنورە بەزاندویەتی و زۆر جار لەبری بنبڕکردنی، پینەو پەڕۆی گەندەڵی دەکرێت!

ئەوەی کە چەند ساڵە هۆشداری لەسەردەدرێت و مەترسییەکانی دەخرایە ڕوو، هۆکارەکانیشی دیاری دەکرا وا دێتە دی. پێویست ناکات بلیمەت بیت تاوەکو بەو دەرەنجامە بگەیت و بپرسیت ئەگەر عێراق داوای هەموو بەرهەمی نەوتت لێ بکات چی دەڵێیت؟ وە ئەگەر داوای کۆنترۆڵی کێڵگەکانت لێ بکات پلانت چییە؟ دەبێت هەرێم پێش ئەوەی چوبێت بۆ بەغدا ئەوبژاردەیەی باش شەن و کەو کردبێت.

بەپێی ئه‌و زانیاریانەی ڕێکخراوی ڕوونبین بۆشەفافییەت بڵاویکردووەتەوە وەزیری نەوتی عێراق بەخۆی و نەخشە ڕیگایەکەوە هاتووە داوای ڕادەستکردنی تەواوی مەلەفی نەوت دەکات، تۆش(هەرێم) هەر بڵی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت تەسلیم دەکەم!! ئێمە دەزانین و عێراقیش لەئێمە باشتر دەزانێت تۆ بە ١٨٠ هەزار بەرمیل لە ڕابوردودا نەتتوانیوە خەرجی نەوت بدەیت ئێستا چۆن دەتوانیت؟ ڕاپۆرتەکانی دیلۆیت شاهیدن بەسەر ئیدارەدانی مەلەفی نەوتەوە.

داخوازییەکانی وەزیری نەوت:

ڕادەستکردنی هەرچی نەوتی بەرهەم هاتووە لە هەرێم بە کۆمپانیای بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، سۆمۆ خۆی هەناردەی بکات و بیفرۆشێت دوای لێدەرکردنی ئەو ڕێژەیەی وەزارەتی نەوتی ئیتحادی دیاری دەکات بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ و بەم ڕێوشووێنانە:

١- تێچووی بەرهەم و گواستنەوەی لەناو هەرێمدا لەڕێگەی حکومەتی ئیتحادییەوە دەبێت و شایستەکان بەنەوت دەدرێت، کۆمپانیای سۆمۆ پشکی کۆمپانیاکان دەفرۆشێت و دەیخاتە سەرحسابێك یاخود بەنەوتیی ڕادەستی بەرهەمهێنەکان یان کۆمپانیاکانی گواستنەوە دەکرێت بەو نرخەی کە سۆمۆ دیاری دەکات، بەشێوەیەك دژ نەبێت لەگەڵ گرێبەستەکانی پەرەپێدانی هەرێمی کوردستاندا کە بۆ ئەو مەبەستە کردوویەتی.

٢- دیاریکرنی شایستەی وەبرهێنەرانی نەوت و کۆمپانیاکانی گواستنەوە کە لەخاڵی یەکەمی سەرەوەدا باسکراوە بەپێی لیستێکی بازرگانی دەبێت کە لەلایەن لیژنەیەکی هاوبەشەوە لە وەزارەتی نەوتی ئیتحادی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم پشتراستکرابێتەوە پێش ئەوەی بدرێت بە کۆمپانیای بەبازاڕکردن لە لایەن وەزارەتی نەوتەوە، تاوکو بەشێوەیەکی فەرمی پشتی پێببەسترێت بۆ پێدانی شایستەی وەبەرهێنەران و کرێی گواستنەوە بە نەوت، بەشێوەیە ڕیژەکەی لە ٤٠٪ زیاتر نەبێت لەکۆی بەرهەمی نەوتی هەرێم دوای لێدەرکردنی بەکارهێنانی ناوخۆ.

ئەم خاڵەدا وەزیری نەوت پێمان دەڵێت کە خەرجییەکانتان زۆرە و قبوڵ کراو نییە دەبێت پێیدا بچینەوە. ئەمەش پەیوەست دەبێت بە بەڕێوەبردنی کێڵگەکان چونکە بوجەی کێڵگەکان لەلایەن کۆمیتەی بەڕێوەبردنی کێڵگەکانەوە دیاری دەکرێت. 

هەرێم بە پێی ڕاپۆرتەکەی دیلۆیت رێژەی ٦٦٪ ی داوە بەتێچوی کۆمپانیاکان و گواستنەوەی نەوت لە ٩ مانگی ٢٠٢٠ دا، ئەم رێژەی ٤٠٪ دەبوایە هەرێم خۆی کاری لەسەر بکردایە و تێچوی گواستنەوەی لە خەرجی کۆمپانیاکاندا جێ بکردایەتەوە تاوەکو داهاتی زیاتری بۆ بگەڕایەتەوە و ئەوەش ڕێگا دروستەکەیە. 

٣- گواستنەوەی نەوت لە ناو تورکیا و ئەمبارکردنی لە جیهان بەپێی ئەو ڕێکەوتن و هەموارانە دەبێت کە لەنێوان وەزارەتی نەوتی ئیتحادی و وەزارەتی وزەی تورکیادا کراوە.

بەغدا و تورکیا ڕێکەوتنیان هەیە بۆ گواستنەوەی نەوت بەرمیلی بە ١ دۆلار و ٩ سەنت. بەڵام هەرێم لەساڵی ٢٠١٩ دا بەپێی ڕاپۆرتی دیلۆیت بەتێکڕا بەرمیلی ٣ دۆلار و ٨ سەنتی داوە بە گواستنەوە و لە ٩ مانگی ٢٠٢٠ دا کرێکە کەمی کردووە، بەڵام هێشتا بەتێکرا ٢ دۆلار و ١١ سەنت بووە واتە بۆ هەر بەرمیلێك ١ دۆلار و ٢ سەنت زیاترە.

٤- وەزارەتی نەوتی ئیتحادی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانەسروشتییەکانی هەرێم چاو دەخشێننەوە بە ڕێکەوتنەکانی بەرهەم هێنان وگواستنەوەی نەوت کە ئێستا کاری پێدەکرێت و ئەو گرێبەستە لاوەکیانەی پەیوەستە پێیانەوە، بەشێوەیەک کە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات بکات.

جێ بەجێ کردنی ئەم کارە دەکەوێتە سەر ئەوەی چەندە ئەو کۆمپانیا نەوتیانەی لەهەرێم کاردەکەن ئامادەیی دانوستان و هەمواری گرێبەستەکانیان تیایە، چۆن دەتوانێت باوەڕیان پێ بهێنێت؟ چونکە وەکو دەزانین زۆربەی هەرەزۆری کۆمپانیاکانی کە لە هەرێم کاردەکەن کۆمپانیای بچوک و مامناوەندن و چانسی کێبڕکێیان لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحە جیهانییەکاندا نییە کە لە عێراق وەبەرهێنان دەکەن. پشکیان لەهەرێم سەرنج ڕاکێشترە.

٥- پێشکەش کردنی راپۆرتی رۆژانە سەبارەت بە ئاستی بەرهەم و بەکارهێنانی ناوخۆ بۆ وەزارەتی نەوت وە بەوشێوەیەی کە لەگەڵ پلانی بەرهەم هێنان و بەکارهێنانی ناوخۆدا بگونجێت کە دیاری کراوە. 

٦- وەزارەتی نەوت پێی باشە بەئاڕاستەی وەرگرتنی هەموو گرێبەستە نەوتییەکانی بەرهەم و گواستنەوە و هەناردەکردن بڕوات، لەگەڵ پیاچونەوە بەم گرێبەستانەدا بەزوترین کات بۆ دڵنیابوون لە بازرگانی بوونی بەرهەم.

پلانەکەی وەزیری نەوت ئەوەی لێ دەخوێنرێتەوە و لەچەند بۆنەیەکیشدا بەڕاشکاوی ڕایگەیاندووە کە بەپێی پابەندییەکانی عێراق بەئاستی بەرهەم لە ناو ڕێکخراوی ئۆپیکدا بەرهەم لەو کێڵگانەی تێچووی زۆرە ڕادەگرن، دەڵێت "کێڵگەکانی هەرێم تێچووی زۆرە زەرەر بە ئابوری عێراق دەگەیەنێت" واتە بەرهەمەکەی سودی بازرگانی نییە. هەروەها بڕیار دەدەن چ جۆرە نەوتێک خواستی لەسەرە زیاتر ئەوانە بەرهەم بهێنن. وەکو ئاشکراشە نەوتی عێراق زۆربەی ئاراستەی بازاڕەکانی ئاسیا دەکرێت ئەو جۆرەی پارە زیاتر دەکات نەوتی بەسرەیە کە ئێستا و لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢١ وە سێ جۆری هەیە سوک و مام ناوەند و قورس.. 

بەپێی زانیارییەکان وەفدی حکومەت وتویانە ئەو قەرزانەشی بۆ نەوت کراوە دەکاتە ٥ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار کە ٤ ملیار و ٣٠٧ ملیۆنی پێشەکی نەوت و رەسیدی کڕیارەکانە بە پێێ ڕاپۆرتی دیلۆیت تا سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠. گەر عێراق مەلەفی نەوت بخاتە ژێر دەستی خۆی زۆر ئاسایی دەبێت بەلایەوە ئەو قەرزانەش بداتەوە بەپێی ئەو ئیلتیزاماتەنەی کە هەریم هەیەتی بەرانبەر خاوەن قەرز و کڕیارەکانی نەوت. هەموو قەرزەکان بەسەر یەکەوە نادرێنەوە بۆیە بۆ عێراق دەستکەوتێکی گەورەیە. 
لەم خاڵانەوە بۆمان دەردەکەوێت ئاستی داخوازییەکانی عێراق لەکێوە بەکوێ گەشتووە؟ لە ئەگەری جێ بەجێکردنی رۆڵی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەبێت بە رۆلێ کۆمپانیای نەوتی باکور. ئەم پەیامە پێش چوارمانگ و لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا وەزیری نەوت گەیاندی لەڕێی "پشنیاری دامەزراندنی کۆمپانیایەک بۆ بەڕێوەبردنی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت لەهەرێم وەکو ئەو کۆمپانیاینەی لە پارێزگاکانی تر کار دەکەن پەیوەست بکرێت بەسەرۆکایەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراقەوە" (مەبەست کۆمپانیای نەوتی باکور ناوەراست و کۆمپانیای نەوتی بەسرە بوو). ئەم پەیامانە وەکو خۆی وەرنەگیران و ئامۆژگاری و هۆشدارییەکانیش کە پێشتر لەلایەن کەسانی دڵسۆز و شارەزاوە درا بە حکومەت حسابی بۆ نەکرا، ئەوەتا ئێستا بەراستەوخۆ و بێ پێچ و پەنا پلان و نەخشەڕێگا تەسلیم هەرێم دەکەن! هەرێم کەوتووەتە دۆخێکی قورسەوە، پێویستی بە وریای مامەڵەکردن هەیە. 

ئایا عێراق چەندە ئەم هەنگاوانەیان بۆ دەنرێت و بۆیان دەچێتە سەر؟ ئەی هەرێم چەند دەچێتە ژێر باری ئەوداخوازییە قورسانەوە وچۆن مامەڵەی لەگەڵ دەکات؟ ئەوی رونە بەغدا فشاری زۆر دەکات و هەرێمیش بژاردەی زۆری نییە و بواری جوڵە و کاتی زۆریشی لەبەردەست نییە. 

زەقکردنەوەی مافە دەستورییەکان یەکێکە لەو خاڵانەی کە هەرێم دەبێت پێداگری لەسەر بکات. بەڵام باس لە دەستوری بوون و نادەستور بوونی داوەکەنییە، زۆر جار لە بەغداد دەستور پێشێڵ کراوە و یاساکانیش پشتگوێ خراون و بەزۆرینەش یاسای کورتهێنان تێپەڕێنرا بۆیە ئەمش ئەگەرێکی کراوەیە رۆژ بەڕۆژ زەقتر دەبینرێت. 

ئیرادە و ویستی هێزە ئیقلیمییەکان و نێودەوڵەتییەکان کاریگەرییان دەبێت لە چارەسەرکردنی یاخود چارەسەر نەکردنی کێشەکان ( ئێران ، تورکیا و ئەمەریکا). ئایا بەرژەوەندییەکانی تورکیاو ئێران یەکدەگرێتەوە بۆ لاوازکردنی هەرێم؟ یاخود ئێراق دەبێتە ئەو بازاڕە بەدیلەی تورکیا تاوەکو دەست لەهەرێم هەڵبگرێت؟ (بەرژەوەندییەکانی تورکیا تەنها مالی نیین) لە کاتێکدا پێش جەند هەفتەیەک وەزیری نەوت هەڕەشەی جوڵاندن و گەرمکردنەوەی داواکەی عێراقی کرد دژی تورکیا لە لە ژووری بازرگانی پاریس کە لە کابینەی عەبادی لە مانگی ئایاری ٢١٤ دا تۆ مارکراوە و تێایدا داوای ٢٦ ملیار دۆلار قەرەبوو دەکات لەبەرانبەر زیانگەیاندن بەئابوری عێراق بەهۆی پێشێلی گرێبەستی نێوان هەردوو وڵات لەلایەن تورکیاوە. ئایا تورکیا هەڵوێستی چی دەبێت؟ چی تورکیا بەهەرێمەوە دەبەستێتەوە؟ ئایا بە زامن کردنی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ بەغداد پشت لەهەرێم دەکات؟ ئێران و ئەمریکاش بەهەمان شێوە کاریگەریان دەبێت لەسەر بەغدا بەگەشتن بەڕێکەوتن گەر بیانەوێت. 
ڕیگای بەردەم هەرێم لەم قۆناغەدا سەختە و بژاردەکانی قورسن بەکردار پێویستی بەیەک هەڵوێستی هەیە لە چاککردنی سەرچاوەی کێشەکانی ناوخۆ چ لە هەولێر چ سلێمانی (یەکێتی و پارتی) لەهەردوو لا گەندەڵی وەک تەنافی جاڵجاڵۆکە هەموو شوێنێکی تەنیوە، نابێت بەوشێوەی ئێستا بەردەوام بێت تەنها هاوڵاتی باجی بدات و چاکسازی لەسەر گیرفان و مافی ئەوان بکرێت. بەرگریکردن و بەهانە هێنانەوە مانای هێشتنەوەی ئەوبارودۆخەیە کەهەیە

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی یادگار سدیق

سەرەتا