سه‌ردار عه‌زیز 11/01/2021 90 جار خوێنراوەتەوە

بەخێربێن بۆ سەردەمی بنەماڵە

بنەماڵە هەتا بێت زیاتر و زیاتر دەبێت دیفاکتۆ لە کوردستان و عێراق، هەروەها ناوچەکەش. بنەماڵە هەتا چەند ساڵێک لەمەوپێش وەک وەسفێکی نەشیاو مامەڵەی لە گەڵدا دەکرا، لە پانتایی ئاگایی کوردیدا، بەڵام لە واقیعدا بونی هەبوو و ڕەگی دادەکوتا. نەیارەکانی توشی ئەو نەخۆشییە بون کە نیتچە لێی دەترسا، ئەویش بون بەوەی کە دژیتی. ئەم دیاردەی نەفرەتی ڕیتۆریکی و چەسپاندنی واقیعی، دیاردەیەکی بڵاوە لە هەناو ئاگایی و ئەخلاقی ئێمەدا. بە داخەوە هێشتا خوێندنەوەی فیکری و کۆمەڵایەتی بۆ نەکراوە. بۆیە پەیوەندییەک ئەوتۆ بونی نیە لە نێوان ئەوەی مرۆڤی کوردی، یان خەڵكی ناوچەکە دەیڵێن و لە گەڵ ئەوەی دەیکەن یان ڕودەدات. زۆرجار ئەگەر پەیوەندی هەبێت پەیوەندییەکی پێچەوانەیە. دیارە ئەم دیاردەیە ئاڵۆزە، لێرەدا توانای ئەوەمان نیە قسەی لە سەر بکەین، بەڵام لە سادەترین دەرکەوتەیدا مانای ئەوە دەدات کە هیچ پەیوەندییەک نیە لە نێوان ووترا و ئەنجامدراودا، لە هەمانکاتدا بونەوەری ئەم ناوچەیە خەڵکی قسەکەرنین. بەڵکو بونەوەری وتەرەوەن، بەبێ هیچ ئاگاییەکی قوڵ و بەرپرسیارێتییەک دەربارەی ئەوەی دەیڵێن یان پێیان دەوترێت.

مێژوناسێکی هۆڵەندی هەیە ناوی Jeroen Duindam ە لە زانکۆی لایدن لە بەشی مێژوو کاری هەرەسەرەکی لە سەر بنەماڵەیە، لە ئەوروپا و جیهاندا. دوا کتێبی جیرۆین کورتە ناسینە بۆ چەمکی بنەماڵە، لە زنجیرەی ناسراوی زانکۆی ئۆکسفۆرد بۆ پێناسەی کورت و چڕی چەمکەکان.

بنەماڵە دیاردەیەکی نوێ نیە، بەڵام وەک هەموو دیاردەیەکی دێرین، لە سەردەم و جێگا جیاوازەکاندا بە شێوازی جیاواز دەرکەوتوە و بەڕێوەچوە. لای ئەرستۆ چەمکی dunasteia کە بنەچەی چەمکی داینەستی ئینگلیزییە، بەمانای بنەماڵە دێت، مەبەست لێی ئەو جۆرە سیستەمی حومکڕانییە کە ئۆلیگارشییەکی وەچەیی دەسەڵات بەڕێوەدەبات بە شێوازێکی توند و لە سەروی یاساوە. بەم پێیە حوکمی بنەماڵەی لای فەیلەسوفی یونانی شێوازێکی خراپی حوکمڕانی بوە کە هیچ بنەمایەکی شەرعیی و یاسایی نەبوە.

بەڵام بنەماڵە بە مانای حوکمی تاکە کەس نەهاتوە، بەڵکو ئۆلیگارشییەکی بەرتەسک بوە. ئەم بەرتەسکییە یەکێکە لە کێشەکانی بنەماڵە لە میانەی حوکمڕانیدا، بە تایبەتی کە دێتە سەر پرسی گواستنەوەی دەسەڵات. بەڵام لە مانای ئەمڕۆدا بنەماڵە، بە تایبەتی لە هەناو کەلتوری دیموکراسیدا بە مانای خێزان دێت. خێران ئەو پانتاییە کۆمەڵایەتییە کە پرۆسەی داینەستی یان بنەماڵەیی یان گواستنەوەی دەسەڵات و جۆرەکانی سەرمایە تیایدا ڕودەدات. ئەمە لە بەریتانیا، ئەمریکا و چەندین وڵاتی تریش بونی هەیە، بۆش و کلینتۆن و میبیلاند نمونەی دیاری ئەم خێزانانەن. بەڵام بنەماڵەیی دیموکراسی جودایە لە بنەماڵەیی دەسەڵاتیی. بنەماڵەیی دیموکراسی گواستنەوەی کۆمەڵێک بنەمای دەسەڵاتییە، وەک ناو، ئەزمون، سەرمایە، نێتۆرک و هەندێک خەسڵەتی تر کە کارئاسانی دەکات بۆ کەسی ئەندامی بنەماڵە ڕێچکەی ئەندامەکانی تری بنەماڵەی بگرێتە بەر و بگاتە دەسەڵات. هەرچەندە ئەمە جۆرێکە لە قۆرغکاریی، بەڵام جودایە لە قۆرغکاریی بنەماڵەیی تەقلیدی. لە ئەم دۆخەدا ئەوەی دروست دەبێت خێزانی سیاسییە، نەک دەسەڵاتی بنەماڵەیی. لێکۆڵینەوەکان لە سەر ئەو وڵاتانەی کە خێزانی سیاسیان تیادایە دەریدەخەن کە هەبونی ئەم بنەماڵانە جۆری کێبڕکێ دەگۆڕێت و سروشتی دیموکراسی توشی قەیران دەکات. پاکستان یەکێکە لەو وڵاتانەی کە نێو پانتایی سیاسی کوردیدا زۆر وەک نمونە دەهێنرێتەوە.

بنەماڵەیی تەقلیدی کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا زیاتر و زیاتر دەچەسپێت، زیاتر لە پێناسە ئەرستۆییەکەیەوە نزیکە. چڕبونەوەی دەسەڵاتە لە هەناو ژمارەیەکی کەمی ئەندامانی خێزانێکدا، وەها دەکات کە بەڕێوەچونی دەسەڵات هەمیشە لە سەر بنەمای ڕەق بەڕیوەبچێت.
بنەمای ڕەق بە مانای ئەوەی کە بە پێچەوانەی خەسڵەتی سەرەکی سەردەمی مۆدێرنە، کە هەموو شتێک تیایدا شل دەبێتەوە، وەک مارکس لە مانیفێستۆدا باسی دەکات، حوکمی بنەماڵەیی دەیەوێت هەندێک بنەما ڕەق هەڵبێنێت. ڕەق هەڵاتن بە مانای ئەوەیە کە ناگۆڕێت و چەسپیوە و وەک خۆیەتی. لێرەدا کۆمەڵگای سیاسی دابەشدەبێت بۆ خاوەن دەسەڵاتی ڕاستەقینە لە گەڵ فەراهەمکەرانی دەسەڵات. بۆیە بەشداریی سیاسی لە ژینگەیەکی سیاسی وەهادا بریتی نیە لە چالاکبون لە پانتایی گشتیدا لە پێناو چاکەی گشتی، بەڵکو بریتیە لە بەشداری لە سیستەمێکی دەسەڵاتیدا کە ڕۆڵی کەسەکان تیایدا فەراهەمکەرە.

لێرەدا پێمخۆشە لە دیدی هانە ئارێنتەوە پێناسەیەکی سیاسەت بکەم لە بەرامبەر بونیادی بنەماڵەییدا. لای ئەو خانمە بیرمەندە، سیاسەت لە فاکتێکەوە سەرچاوە دەگرێت کە سروشتی مرۆیی پلوراڵە یان فرەییە. بەم مانایە سیاسەت مامەڵە کردنە لە گەڵ ئەو جیاوازییە بنەڕەتیانەی کە مرۆڤەکان هەیانە بەرامبەر بوارە جیاوازەکانی ژیان. لێرەوە سیاسەت ئەو چالاکیانەیە کە مامەڵە لە گەڵ ئەم جیاوازیانەدا دەکات بە ئامرازەکانی قەناعەت پێکردن، سازان، قسەکردن، لە گەڵ چالاکیدا. سیاسەت بەمجۆرە لە سایەی سیستەمی بنەماڵەییدا جێگای نابێتەوە. بنەماڵەیی ناتوانێت پلوراڵ بێت. ئەمە دەمانبات بۆ ئارگومێنتی سەرەکی هەردوو لێکۆڵەری جیهانی دەرون ئاچەمئۆگلۆ و ڕۆبسن لە کتێبی بۆچی گەلان شکست دێنن. بە دیدی ئەوان ناتوانرێت سیستەمێکی ئابوری کراوە و سیستەمێکی سیاسی داخراوت هەبێت، چونکە ئابوری و سیاسەت دوو دیوی هەمان دراون. بۆیە ئەگەر سیستەمێکی سیاسی داخراوت هەبوو، ئەوا ڕاستەوخۆ سیستەمێکی ئابوری داخراویشت هەیە. ئەمە لە کوردستان بە زەقی و بە ئازارەوە دەبینرێت، چۆن هەردوو بواری سیاسەت و ئابوری داخراوە و قوفڵدراوە و کلیلەکەی لای چەند کەسانێکی کەمە.

بنەماڵە خەریکە دەبێتە تەنها دەزگای سیاسی باڵا. سەرهەڵدانی ئەم دەزگایە ئاسانتربوو لە دەزگاکانی تری مۆدرێن وەک پەرلەمان، سوپای نیشتمانی، دادوەریی سەردەمیانە، بیرۆکراسیەتی عەقڵانی، سیستەمی دراوی کراوە، سەرمایەدارییەکی لیبرال. ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە چەندێک ئاسانە بۆ دەزگا تەقلیدییەکان گەشە بکەن، تەنانەت ئەگەر خواستی زۆرینەش وەها نەبێت.

بنەماڵەی سیاسی بۆ کوردستان نەگونجاوە. چونکە بە سروشت بنەماڵەی سیاسی کۆمەڵێک کێشەی هەیە. وەک مێژوی ئیمارەتەکان بۆمان دەردەخەن: بنەماڵە سیاسییەکان یان بنەماڵە حوکومدارەکان خاوەنی دیدی ئاسایشی نیشتمانی نین، بەڵکو کرۆکی پرسی ئاسایش لای ئەوان ئاسایشی بنەماڵەیە. بەمجۆرە نیشتمان دروست نابێت. بە داخەوە ئەدیبانی کورد کرۆکی وەم پرسە نابینن. دژایەتی نیشتمان و نەتەوە و بنەماکانی تری مۆدرنە لە خزمەتی سیستەمی بنەماڵەییەدایە. حوکمی بنەماڵەیی ناتوانێت سوپا لە سەر بنەماکانی مەدەنی-سەربازی-دیموکراسی بونیادبنێت. ئەم پرسە دەبێت لە داهاتودا کاری زۆر لە سەر ڕەهەندە فیکریی و فەلسەفیەکانی بکەین، چونکە خەڵکی کورد تەواو دابراوە لە ئەم بوارە. ئەدەبی کوردی بە گشتی درێژەپێدەری میتۆدەکانی ئەدەبی ناوچەکەیە لە دروستکردنی جەنگاوەر یان دژ جەنگاوەر.

بنەماڵەی سیاسی بەبێ ڕەگی دەرەکی ناژی. ئەم واقیعە پەیوەندی نێوان دەرەوە و ناوەوە تەواو کاڵدەکاتەوە. لێرەدا دەتوانین بڵێین کە شتێک نیە بە ناوی نەتەوەوە کاتێک ناوەو و دەرەوە پەیوەندییان ڕێکنەخراوە. بنەمای بونی نەتەوە؛ یەکبونی ناوەکیی و جودایی دەرەکییە. سیستەمی بنەماڵەیی بۆ ململانێی یەکتر و مانەوەیان لە میانەی ململانێدا دەرەوەو ناوەوە پێکەوە گرێدەدەن. بەجۆرێک نە سەروەریی نەتەوەیی و نە سەروەریی نیشتمانی و نە سەروەریی هاووڵاتیان بونی دەبێت. هێزە دەرەکیەکان بنەماڵەیان پێباشە چونکە، هەموو ئەو دەزگاکانی تر بە لاواز و نەبوو لە قەڵەم دەدەن. بنەماڵە سەقامگیریی و دڵنەوایی و ئاسایش بۆ خاوەن بەرژەوەندییەکان دابین دەکات. کە دەزانرێت دوای کێ، کێ دێت یان دەتوانرێت کاریگەری دابنرێت لە سەر پرۆسەی هاتنی کێ و نەهاتنی کێ، ئەوا سیستەمی بنەماڵە لە سیستەمی دیموکراسی گونجاوتر دەبینرێت.

دیارە بنەماڵە لە هەناوەوە ئیتکی سیاسی تایبەت بە خۆی هەیە. هەر سیستەمێکی بنەماڵەیی بە شێوازی تایبەت دەستاودەستکردنی ناوەکی ڕێکدەخات، بە جۆرێک هاوسەنگی ناوەکیی و قورسایی دەرەکی بپارێزێت. بەڵام سەرباری ئەمە پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لە هەناو بنەماڵەدا هەرگیز بێ کێشە نەبوە. بۆیە لە هەناو بنەماڵەدا توندوتیژییەکی زۆر هەیە کە دێتە سەر کورسی.

بەڵام قەیرانی هەرە سەرەکی بنەماڵە باوەرە. بازنەی باوەڕ لە سیستەمی بنەماڵەدا زۆر تەسکە. باوەڕ بنەمای سەقامگیریی سیاسی و ئابوریشە، وەک فۆکۆیاما لە کتێبی ساڵی ١٩٩٦دا باس لە ئەم پرسە دەکات. نەبونی باوەڕ لە سەرەوە دەبێتە مایەی نەبونی باوەڕی کۆمەڵایەتیش. لە دۆخێکی وەهادا کردیت لە سەر بنەمای کۆمەڵایەتی بەدەست نایەت بەڵکو لە سەر بنەما ژمارە. تەماشای دیاردەی قەرزاربون بکە لە هەناو توێژی بیزنیسدا.

نەوت و سیستەمی موچەی بەرفراوان و پێویست نەبونی خەڵک هەموو ئەو بنەمایانە دادەڕێژن کە بنەماڵەیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەری دەوستێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی سه‌ردار عه‌زیز

سەرەتا