خالید محه‌ممه‌د ساڵح 17/10/2020 673 جار خوێنراوەتەوە

فەڕەنسا یەکەم وڵاتە دەبێت داوای لێبوردن لەموسوڵمانان بکات و دوایین وڵاتە بۆی هەبێت باس لە ئازادی و مافی مرۆڤ بکات

پ. د. خالید محه‌ممه‌د ساڵح

فەڕەنسای لانکەی عەلمانییەت یەکێکە لەو وڵاتانەی کە مێژوویەکی زۆر ڕەشی هەیە لە بوارەکانی داگیرکاری و کپ کردنی دەنگی ئازادی و مافی مرۆڤدا، فەڕەنسا بەدرێژایی مێژوو دەیەها وڵاتی ئیسلامی داگیر کردووە و بەملیۆنەها خەڵکی موسوڵمان کوشتوە و بەهەزارەها مزگەوت و خانەقا و قوتابخانەی شەرعی کاول کردوە و داهاتی ژێر زەوی و سەر زەوی ئەو وڵاتانەی بە تاڵان بردوە و هەوڵی بێ وچانی سڕینەوەی ناسنامەی ئیسلامی گەلانی ئەو وڵاتانەی داوە کە داگیری کردون، فەڕەنسا جگە لە میسر مەغریب و تونس و جەزائیر و موریتانیا و تشاد و مالی و سەنغال و نەیجەر و کۆنگۆ و دەیەها وڵاتی تری داگیر کردووە و ئێستایشی لەگەڵ بێت سەرانەی دارایی لە زۆرێک لەو وڵاتانە دەسەنێت کە داگیری کردون و هۆکارێکی سەرەکیی ئەو قەیرانە مرۆیی و داراییەیە کە گەلانی ئەو وڵاتانە پێیدا تێپەڕ دەبن.

فەڕەنسا لەماوەی داگیرکردنی بۆ جەزائر لە نێوان ساڵەکانی (١٨٣٠-١٩٦٢) یەک ملیۆن موسوڵمانی جەزائیری کوشتوە و لە یەک ڕۆژدا و بەدیاری کراوی لە (٨- ئایار- ١٩٤٥) کاتێک جەزائیرییەکان لە شاری (سطیف) وەک هەموو گەلانی دونیا ئاهەنگیان دەگێڕا بە بۆنەی کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەم و داوای سەربەخۆیی وڵاتەکەیان دەکرد، هێزە فەڕەنسییەکان بە فڕۆکە و تانک و تۆپ تەقەیان لەخۆپیشاندەرانی سڤیل کرد و (٤٥٠٠٠) هەزار خۆپیشاندەریان کوشت و بەبەرچاوی هاوسەر و کەس و کارەکانیانەوە دەستدرێژی سێکسییان کردە سەر سەدەها ئافرەتی موسوڵمان.

فەڕەنسا هەر بەکوشتن و شێواندنی لاشەی شۆڕشگێڕانی جەزائیرەوە نەدەوەستا بەڵکو کولتورێکی زۆر دڕندانەی داهێنا لە مێژووی داگیرکاریدا بەوەی پاش کوشتکی هەندێک لەو شۆڕشگێڕانە سەری دەبڕین و سەرەکانیانی ڕەوانەی مۆزەخانەی مرۆڤ دەکردن لە پاریس و هەتا ئێستایش ئەو کەللە سەرانە لەو مۆزەخانەیەدا ماون و چەندین ساڵە جەزائیر داوایان دەکاتەوە بەڵام فەڕەنسا ئامادە نییە ڕادەستی کەس و کاریان بکاتەوە.

لە یەکێکی تر لە تاوانە کۆکوژییەکانی وڵاتانی فەڕەنسادا دژ بەو گەلانەی داگیری کردوون لە ١٥- تشرینی دووەمی- ١٩١٧ لە وڵاتی تشاد هێزە فەڕەنسییەکان (٤٠٠) زانا و پیاو ماقوڵ دەست ڕۆیشتووی شارەکە بە بیانووی ڕاوێژ پێکردنیان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا کۆ دەکەنەوە و دواتر هەموویان لەو گۆڕەپانەدا سەردەبڕن و لەگۆڕێکی بەکۆمەڵدا دەیان نێژن.

ئەمانە مشتێکن لە خەرمانی مێژووی خوێناوی وڵاتی نور و لانکەی عەلمانییەت و سەرەڕای ئەوانەیش هەمووی فەڕەنسا هەتا ئێستا ئامادە نییە دان بە تاوانەکانیدا بنێت چ جای داوای لێبوردن بکات، باشە ئەگەر ئەمانە ئێمەی موسوڵمان بەرامبەر بەگەلانی ڕۆژئاوا ئەنجاممان بدایە ئێستا هاوکێشەکان چۆن دەبوو؟!!!. باشە ئەگەر ئەمانە تیرۆر نیین لە سەر ئاستی دەوڵەتدا دەبێت پێناسەی تیرۆر چی بێت؟!!

دۆسییەی ئێستای فەڕەنسا لە بواری پاراستنی ئازادی و مافی مرۆڤدا لە ڕابووردوە خوێناوییەکەی باشتر نییە و فەڕەنسا لە ئێستاشدا دژایەتییەکی ڕاشکاوانەی ئیسلام و موسوڵمانان دەکات و لەسەر ئاستی ناوخۆ چەند ساڵێک لەمەو بەر هەموومان بینیمان کەچۆن ئازادی و دیموکراتییەتەکەی فەڕەنسا جێگەی پارچەیەک قوماشی یەک مەتری تێدا نەدەبوەوە کە خوێندکارێکی کچی موسوڵمان لەزانکۆیەکی فەڕەنسادا بەسەریدا بدات و ئێستایشی لەگەڵ بێت چاویان پێدا هەڵنایەت.

هەموو ئازادی دیموکراتییەتەکەی فەڕەنسا بۆ موسوڵمانان سوکایەتی کردن و بێڕێزی کردنە بە پەیام و پێغەمبەر و پیرۆزییەکانیان لە گۆڤار و ڕۆژنامە و ناوەندەکانی خوێندندا و چاوپۆشی کردنە لەو هەموو سوکایەتییانەی کە موسوڵمانانی فەڕەنسا ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبنەوە.

من دەپرسم ئایا فەڕەنسا لە ژێر هەمان ناوی ئازادی و دیموکراتییەتدا دا ڕێگە دەدات خەڵک سوکایەتی بە ئاین و پەیام و پیرۆزییەکانی ئاینی مەسیحییەت ، یان بەبەهای عەلمانییەتی فەڕەنسی ، یان بە هۆلۆکۆستی جولەکەکان بکات؟! بەدڵنیاییەوە نەخێر.

فەڕەنسا لە ئێستادا و لەسەر ئاستی سیاسەتەکانی دەرەوەیش دەستی هەیە لە زۆرێک لە نەهامەتییەکانی گەلانی موسوڵمانی دونیا و بە هێزی چەک لە ئەفریقیای ناوەڕاست و بە ئاشکرا لەوڵاتانی مالی و نەیجەر پشتیوانی لە میلیشیا مەسیحییەکان دەکات و بەدڕندانە ترین شێوە پاکتاوی ڕەگەزی موسوڵمانەکان دەکەن و هەوڵی بنەبڕکردن نەژاد و گۆڕینی ناسنامەیان دەدەن.

بۆیە دووبارەی دەکەمەوە و دەڵێم فەڕەنسا یەکەم وڵاتە دەبێت داوای لێبوردن لەموسوڵمانان بکات و دوایین وڵاتە بۆی هەبێت باس لە ئازادی و مافی مرۆڤ بکات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا