هاوژین عومه‌ر كه‌ریم 13/10/2020 419 جار خوێنراوەتەوە

سەبارەت بە ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق


- ئامانجی بنەڕەتی لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ پەرلەمانی عێراق، سڕینەوەی شوێنەوارە خراپ و دەرکەوتە سلبییەکانی ھەڵبژاردنە پڕ لە ساختەکارییەکەی ساڵی ٢٠١٨ و ھەروەھا بۆ مەبەستی کەمکردنەوەی گەندەڵی و بڕینی دەستی دەرەکی و نەھێشتنی ناتەواوییەکانی ساڵانی ڕابردووی پڕۆسەی سیاسیی ئەم وڵاتەیە لەسەر ھەموو ئاستەکان، بەڵام ئەمەش کۆمەڵێک ئاستەنگی گەورەی سیاسی و ئابووریی و یاسایی و تەندروستیی لە بەردەمدایە و کارێکی ئاسان نییە.

- ئەگەر ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە ڕووی دیارییکردنی کاتی بەڕێوەچوون و داڕشتنەوەی یاساکەی و شێوازی بڕیاردان لە بازنەی پارێزگاکان، تەوافوق و ڕەزامەندیی پێکھاتە و ھێز و جەمسەرە سیاسییە خاوەن دەسەڵاتەکانی عێراقی لەسەر نەبێت، ئەوا گرفتی گەورە بۆ بەڕێوەچوونی و ئایندەی دۆخی سیاسیی عێراقیش دروست دەکات، ھەروەکو ئەوەی ئێستا دەبینرێت، بەرەیەکی سیاسیی گەورەی عێراق، کە خۆیان لە ھێزەکانی نزیک لە ئێران دەبیننەوە، ڕەخنەی توندیان لەسەر ڕاییکردنی بڕگە ھەستیارەکانی ناو یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ھەیە و پێیان وایە پەسەندکردنی بڕگەی تایبەت بە بازنەکان بەو شێوەیەی ئێستا، بۆ لاوازکردن و لێدان لە پێگەی سیاسیی ئەوانە و ئەوان ئامادەی قەبوڵکردنی ئەو واقیعە نابن.

- سەبارەت بە کاریگەریی یاسا نوێیەکەی ھەڵبژاردنیش لەسەر پێگەی کورد لە بەغدا و ھەروەھا لەسەر باڵانسی سیاسیی لە ھەرێمی کوردستان و ناوچە دابڕاوەکان، ئەگەر ھێزە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان بە ھەستی بەرپرسیارێتی و نیشتمانییانە مامەڵە لەگەڵ پاڵێوراو و ھێز و لایەنەکانی دیکەی ھەرێم نەکەن، ئەوا کورد دوو جۆر زیان دەکات، لە لایەک مۆزایک و باڵانسی سیاسیی لە ھەرێم تێکدەچێت، لە لایەکی دیکەش پەرتەوازەیی سیاسیی ڕوو لە کورد دەکات لە ناوچە دابڕاوەکان و بەوھۆیەشەوە کورد بەشێکی زۆری کورسییەکانی خۆی لەو ناوچانە لەدەست دەدات.

- بە ھۆی ئەوەی لە یاسای نوێی ھەڵبژاردندا بڕیار لە لیستی تاک (القائمة الفردية) دراوە و تاک دەتوانێت خۆی بپاڵێوێت بە تەنھا، ھاوکات فرەبازنەییش پەیڕەو دەکرێت، سروشتی ھەڵبژاردنە پێشوەختەکە بە شێوەیەک دەبێت کە ھەر پاڵێوراوێک کەسێکی بەھێز و جێگەی متمانەی خەڵکێکی زۆر نەبێت، ناتوانێت سەرکەوتن بەدەست بھێنێت، ھەربۆیە چاوەڕێ دەکرێت ھەموو ھێزە سیاسییە کوردییەکان، پەنا بۆ کاندیدە بەھێز و جەماوەرییەکانی خۆیان ببەن، لە پێناوی سەرکەوتن و مسۆگەرکردنی کورسیی پەرلەمانییدا.

- بە تەنھا گرنگیدان بە بوونی یاسایەکی سەردەمییانەی ھەڵبژاردن بەس نییە بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنێکی پاک و کارا و دادگەرانە ئەنجام بدەین، بەڵکو ڕوکنی ئەساسیی لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنە گشتییەکان، بریتییە لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان، ئەگەر ئەم کۆمیسیۆنە کارا و پیشەیی و بێلایەن و نیشتمانیی نەکرێت، ئەوا ھیچ بەھایەک بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی پێشوەختە نامێنێتەوە و تەزویر و ساختەکاریی دەمان گێڕێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم، ئەو بەرپرسیارێتییەش بە پلەی یەکەم دەکەوێتە سەرشانی دامەزراوە سیادییەکانی عێراق و بەرپرسە باڵاکانی دەوڵەت.

- ئەگەرچی ئێستا خەڵکی ھەرێمی کوردستان بە ھۆی نەمانی مووچە و خراپیی دۆخی ژیان و گوزەرانیان و خراپەکارییەکانی دەسەڵاتەوە، متمانەیان بە حیزبە دەسەڵاتدارەکان و ھێزە سیاسییەکان لاواز بووە و بڕوایان بە بەشدارییکردن لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکان لەق بووە، بەڵام دواجار ئەرکێکی نیشتمانیی گەورە دەکەوێتە ئەستۆیان لە بەشدارییکردنیان لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو، ئەویش بە تۆڵەکردنەوە لەو ھێز و لایەن و پاڵێوراوانەی ھۆکاری ڕاستەقینەی نەھامەتی و شکستەکانی ھەرێمن، بەوەش ھەم ڕێگریی گەورە لە ساختەکاریی دەکرێت، ھەمیش تۆڵەسەندنەوە و سزادانی حیزبە گەورەکانی ھەرێمە. نابێت خەڵکی تووڕە و ناڕازیی ھەرێم ئەزموونی بایکۆتکردنی ھەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ دووبارە بکەنەوە، چونکە بەو کارەیان، گورزیان لە پاڵێوراوە دڵسۆزەکانی خۆیان وەشاند نەک ئەوانەی دەسەڵات، ھەروەھا بایکۆتکردنەکەشیان دەرگای زیاتری بۆ ساختەکاریی کردەوە.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا