عه‌بدولستار مه‌جید 12/09/2020 239 جار خوێنراوەتەوە

یان ناچن بۆ ئاش، یان ئاشەوان دەکوژن!

عه‌بدولستار مه‌جید

سه‌ردانی مسته‌فا كازمی بۆ هه‌رێمی كوردستان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی پارێزگاكانی هه‌رێم كارێكی باش و جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه‌ و وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقیش ئه‌ركێتی كه‌ به‌ یه‌ك چاو سه‌یری هه‌موو عێراق و هاوڵاتییانی بكات به‌ هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌، كاردانه‌وه‌ و خۆشحاڵیی و پێشوازیی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌ بۆ سه‌ردانی به‌ڕێزیان و پێشكه‌شكردنی یاداشت و داواكاریی به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كه‌ زۆربه‌یان له‌ ده‌وری بودجه‌ و موچه‌ ده‌خولێنه‌وه‌!

كاتێك له‌م دیمه‌نانه‌ قوڵده‌بیته‌وه‌ ئینجا تێده‌گه‌یت كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی كورد چی كاره‌ساتێكیان به‌سه‌ر ئه‌م میلله‌ته‌دا هێناوه‌ و چۆن خواست و خه‌ونی خه‌ڵكی كوردستانیان ته‌نها له‌ موچه‌دا كورت كردوه‌ته‌وه‌!

ئه‌و گه‌شبینی و خۆشحاڵیی و ئومێده‌ی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سه‌ردانی بۆ هه‌رێمی كوردستان هه‌یانه‌، له‌ گه‌وره‌یی و كاریزمایی و فریادڕه‌سیی به‌ڕێز كازمیی نیه‌، هێنده‌ی نه‌مانی پێگه‌ و خۆشه‌ویستی و ویستراوی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ناو میلله‌ته‌كه‌ی خۆیاندا!

نه‌ ئه‌و لوت به‌رزی و خۆبه‌گه‌وره‌ زانینه‌ی سه‌رانی كورد كه‌ چه‌ند ساڵێك هیچ حسابێكیان بۆ هیچ كه‌س نه‌ده‌کرد و گوێیان له‌ میلله‌ت و دۆستانی میلله‌ته‌كه‌شمان نه‌ده‌گرت، ئه‌م هه‌موو خۆ به‌كه‌مزانین و سازشكردنه‌ كه‌ كارێكیان كردووه‌ میلله‌تیان برسی و بێكار و هه‌ژار كردووه‌ و بۆ دابینكردنی ژیان و گوزه‌رانیان، چاوی ئومێدیان له‌ هه‌ر كه‌سێكه‌ كه‌ له‌ به‌رپرس و ده‌ستڕۆیشتوو و كاربه‌ده‌ستانی هه‌رێمی كوردستان ڕزگاریان بكات!

میلله‌تی ئێمه‌ هی ئه‌وه‌ نه‌بوو وای لێ بكرێت كه‌ هه‌موو ئیراده‌ و خواستێكی ببێته‌ موچه‌ و ژیانێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌، به‌ڵام كاتێك ده‌بینێ ده‌سه‌ڵاتێكی گه‌نده‌ڵ حزب و بنه‌ماڵه‌ و شه‌خس و خزم له‌سایه‌یدا بوونه‌ته‌ ملیۆنێر و زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ش چاوی له‌ نیو موچه‌ و گوزه‌رانێكی مه‌مره‌ و مه‌ژیه‌، ئیتر ئه‌مه‌ ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ ئه‌بێ ئه‌وانه‌ی به‌ زۆر و له‌ ژووره‌ داخراوه‌كاندا خۆیان به‌ خاوه‌ن ده‌زانن، تێبگه‌ن ئه‌م میلله‌ته‌ی ئێمه‌ سته‌م و زۆرداری به‌عس و ئه‌نفال و كیمیاییباران نه‌یتوانی بێهیوای بكات، چه‌ند له‌ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ و بڕیاربه‌ده‌ست و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی ئه‌مڕۆی توڕه‌ و بێزار و ڕه‌شبینه‌!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا