سه‌ردار عه‌زیز 07/09/2020 110 جار خوێنراوەتەوە

ماکرۆن...فریادەرەسێکی نەرم

سەردانی لە پڕی ماکرۆن بۆ بەیروت پاش تەقینەوەکە، ئەگەر تەقینەوەکە نەبوایە، ئەوا لە یەکی مانگی ئەیلولدا ڕویدەدا. سەد ساڵ پێش ئەو ڕۆژە، لوبنان لە لایەن فەرەنسییەکانەوە دروستکرا. وەک هەر دەوڵەتێکی تری دروستکراوی ناوچەکە، سەرتاپا مێژوی بریتی بوە لە خوێن وئاوارەیی و شکست و قەیران.

کاتێک ڕۆژانی پێشوو ماکرۆن جارێکی تر، سەردانی بەیروتی کردەوە، لە فڕۆکەکەدا بە پەیامنێری گۆڤاری پۆلیتیکۆی ووت: نوێ(هێزی نوێ) کاتێکی سەختی هەیە بۆ ئەوەی سەرهەڵبدات، هەروەها هێزە کۆنەکان بەرگە دەگرن. دەبێت ڕێگایەک لە نێوانیادا بدۆزینەوە، من هەوڵی ئەوە ئەدەم. قسەکەی ماکرۆن دەگەڕێتەوە بۆ بیرمەند و چالاکوانی ئیتالی ئەنتۆنیو گرامشی. لە سیەکان گرامشی لە بەندیخانەی فاشیستەکانی ئیتالیادابوو. بەڵام دیدی گرامشی وەهابوو کە لە نێوان نوێی لاواز و کۆنی بەرگرییکەردا، دیاردەی نەخۆش و سەقەت دەردەکەوێت. ماکرۆن بە پێچەوانەوە دەیەوێت ئەو دیاردە نەخۆشە بگۆرێت و خۆی لە نێوان نوێی و کۆندا دەرکەوێت.

ماکرۆن لە بەیروت فەیروزی بینی و لە عێراقیش حەزی بەوەبوو کە سیستانی ببینێت. بۆ ئەو فەیروز و سیستانی یەك ڕۆڵ دەبینن، ئەویش گەیشتنە بە دەسەڵات و سیمبولەکانی تر، جگە لە دەسەڵات و سیمبولە فەرمییەکان. ڕەنگە کاریگەری بۆردیوبێت، ک ەهێندە لە فەرەنسا سیمبول گرنگ. لە رێی سیمبولەوە گەیشتن بە پانتایی تر لە ئەم کۆمەڵگایانە و گەیاندنی پەیامی جیاوازتر. چونکە ماکرۆن لەوە بە ئاگایە کە نوخبەی سیاسی ناوچەکە، نە نوێنەرایەتی خەڵك دەکەن و نە توانای ئەوەیان هەیە کە خزمەت بە خەونەکانی ئەو بکەن.

ماکرۆن بە هەموو پێوەرێک نایەوێت سیاسیەکی ئاسایی بێت، بە تایبەتی لە ئاستی ڕەفتار و گوتاردا. بە گشتی وەها ناسراوە کە دژایەتی لە خیتابەکانیدا هەیە، زۆر وتەی فەیلەسوفان بەکاردەهێت، خۆی خوێندکاری فەلسەفە بوە لای فەیلەسوفی فەرەنسی پۆل ڕیکۆر. هەروەها ماکرۆن دەیەوێت لە ئەو بەرانەی کە لە ناوەوەی فەرەنسا و دەرەوەدا بونیان هەیە یاریی و هاوسەنگی بکات.

ماکرۆن لە باوک و دایکێکی دوکتۆرەوە دێتە دونیاوە. خەونی ئەوەبوو کە لە ئیکۆل نۆرمال بخوێنێت بەڵام لە ساینس پوا درێژەی بە خوێندن دا. هەردوو لە ناوەندە باڵاکانی خوێندنن لە فەرەنسا. لە ساڵی ١٩٩٩ فرانچۆی دۆسی بە پۆل ریکۆری دەناسێنێت. ئەو کاتە ریکۆر بە دوای هاوکارێکدا دەگەرا هەتا لە پرۆژەی یادەوەری، مێژوو، بێئاگایی هاوکاری بێت. ماکرۆن لێرەوە دەستی گەیشت بە گۆڤاری Espirt. لێرەوە ڕێچکەی ئەو بۆ دونیای دەسەڵات و پارە و بانک و سیاسەت دەست پێدەکات. وەک نەریتی باوی فەرەنسی هەموو ئەمانە لە ڕێگای تۆڕی کۆمەڵایەتی و ناسراوی و نزیکی و بەیەکناساندن و هاودیدی و ئەمانەوە بەڕێوەدەچێت.

ڕێبازی ماکرۆن لە ژیانیدا وەهایە کە کاتێک بە یارمەتی کەسێک دەگاتە شوێنێک. لەوێدا دەمێنێتەوە هەتا دۆستایەتی و تۆڕی پەیوەندی دروست دەکات هەتا بڕوات بەرەو ئاستێکی باڵا تر. وەک دەبینیت لە تەمەنێکی کەمدا، چەندین قۆناغی جیاوازی بریوە و هەموو ئەمانەی وەک سەرمایە( جارێکی تر دیدی بۆردۆیی بۆ شێوازە جیاوازەکانی سەرمایە) بەکارهێناوە، بە تایبەتی کاتێک لە ساڵی ٢٠١٦ جوڵانەوەکەی دروستکرد بە ناوی en marcheماکرۆن وەهای خۆی نمایش دەکات کە ڕابوردوی نیە، بەڵکو کەسێکە کە هەموان کۆدەکاتەوە، بە چەپ و ڕاست، خۆی خاوەنی شارەزایی و توانایە، بۆیە تەنانەت لە سیستەمێکی وەهادا پلان و پرۆگرامیشت ناوێت. ئەم خەسڵەتەی ماکرۆن لە گەڵ سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەبای دەکات، بەوەی ئەوانیش خۆیان وەها دەبینن کە کەسانێکن لە سەرەوەی سیستەم و پلان و پرۆگرامەوە، بەڵکو هەموو شتێک لەئەواندا کۆبوەتەوە. بەشێکی زۆری سیاسیەکانی دونیای ئێمە لە قوڕاوێکی خەستی وەهم و بێئاگاییدا دەژین. ئەم خود ئەڤینیەی ماکرۆن هاوشێوەیانە. ڕەنگە ئەم دۆخە دەرونیە یەکێک بێت لە پاڵنەرە سەرەکیەکانی ماکرۆن بۆ هاتنی بۆ ڕۆژهەڵات.

لە ڕۆژهەڵات ماکرۆن وەک فریادەرس و ڕزگارکەر و جیاواز و باڵا دەبینرێت. ئەویش خۆی ئەوەی دەوێت چونکە لە فەرەنسا کەس وەهای نابینێت. هەرچەندە هەڵبژاردنەکانی فەرەنسا نزیکەی دوو ساڵی ماوە، بەڵام قەیرانەکان و هەڵکشانی حیزبە فاشیستەکەی بنەماڵەی لوپێن ئالنگاری زۆری بۆ دروستدەکات.

پێشتر ماکرۆن هەوڵی کاری گەورەی داوە، بە هێنانی ڕوسیا بۆ ناو پانتایی ئەوروپی، هەوڵی بۆ بەیەکگەیاندنی ئێران و ئەمریکا، بە تایبەت هەوڵی بۆ ڕوبەڕوکردنەوەی ترەمپ و ڕۆحانی، بەڵام ئەم هەوڵانە هەمویان بێئەنجام بوون.
ئایا چۆن لە ماکرۆن بنواڕین؟         

یەکەم، لە ماندوبون و کشانەوەی ئەمریکادا لە ناوچەکە، هێزە کۆنەکانی ناوچەکە، لە هەوڵی ئەوەدان کە جارێکی تر وەبەرهێنان بکەن لە سەر میراتە کۆلۆنیالیزمییەکەیان. ئەم دیدە بۆ تورک و ئێران و فەرەنسا و بەریتانیاش ڕاستە. بەم پێیە سەرباری ڕەهەندی کەسیی، بۆشاییەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە لە ئاستی ئامادەیی زلهێز، کە ئەوانیتر داوەت دەکات بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە.

دووەم، چاوەڕوانکراوە، لە ئەنجامی هەوڵدان بۆ پڕکردنەوە یان سودبینین لەم بۆشاییە، هێزەکان کێبڕکێ یان ململانێی یەکتر بکەن. ئەمە یەکێک لە خەسڵەتەکانی سەردەمی داهاتو دیاریدەکات. ئەگەر نیزامی لیبرالی جیهانی لە قەیراندابێت، ئەوا ئەوەی دێت هێشتا ڕون نیە، ئایا لیبرال دەتوانێت خۆی نوێ بکاتەوە، یان دەگوێزینەوە بۆ جۆرە سیستەمێکی تر؟ لەم نێوانەدا، ئێمە جارێكی تر بە شێوازێکی تر لە ئاستی جیهانیدا لە دۆخێکی گرامشیانەیین: نە کۆنەکان بە تەواوی دەڕون و نە نوێ بە تەواوی جێگەی دەگرێتەوە. فەرەنسا ناتوانێت سیستەم دابڕێژێت، بەڵکو لەم دۆخەدا یاریی دەکات. چەمکی یاریی زۆر گرنگە کە بە باشی لێی تێبگەین. لێرەدا نازانم چەندێک خوێنەران بە تێزەکانی ناش و ئەوانیتر شارەزان؟

سێیەم، فەرەنسا بە هێزێکی نەرمی سنوردار دەمێنێتەوە. ئەمە کێشەی هەموو ئەوروپایە. بەبێ بونی سوپا و توانای بەکارهێنانی ئەستەمە بتوانرێت بەباشی لە سەردەمی نوێدا، بە تایبەتی لە جێگایەکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، یاریی بکرێت.

چوارهەم، کاتێک مەبەستی فەرەنسا یارییە، ئەوا هەوڵی جیاوازبون دەدات بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ خۆی دروست بکات، بەڵام ئەم جیاوازبونە کاتێک لە گەڵ ئەمریکادا بەریەک دەکەوێت، پەرچەکرداری خراپی دەبێت. وەک لە کەیسی حیزبواللەی لوبنانیدا بینیمان. فەرەنسا دەبێت لە گەڵ ئەمریکا هاوپەیمان بێت ئەگەر دەیەوێت کاریگەری هەبێت، بەبێ بونی هێزێکی وەها لە پشتەوە کاریگەری فەرەنسا سنوردار دەبێت. دیارە دژە ئەمریکایی لە فەرەنسا مێژویەکی کۆنی هەیە و زۆربەی زۆری بیر و فیکریی فەرەنسی لە سەر ئەم بنەمایە دروست بوە.

بۆ کورد چی گرنگە: سەردەمی پشێویی بەڕێوەیە. لە پشێوییدا دەرفەت و مەترسیش بونی هەیە. کورد ناتوانێت بە خێرایی هاوپەیمانی دروست بکات و پەیوەندییەکانی بگۆڕێت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی سه‌ردار عه‌زیز

سەرەتا