ئه‌رسه‌لان ساڵح 05/09/2020 462 جار خوێنراوەتەوە

خوێندن بە ئەلیکترۆنی مووچەش بەدواکەوتن و لێبڕینەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بۆ وەرزی یەکەمی ساڵی خوێندنی 2021/2020 بەشێوەی ئەلیکترۆنی بێت (جگە لە پۆلی 12 ی ئامادەیی) بەم چەند سەرنجەی لای خوارەوە ڕوون دەبێتەوە کە ئەم بڕیارە خزمەت بەپڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن ناکات:

1- سەرەتا ئەوەمان لا ڕوون بێت کە ئەم بڕیارە خۆدزینەوەی حکومەتە بۆ پێنەدانی مووچە بە مامۆستایان.

2-خوێندنی ئەلیکترۆنی پرۆگرامێکی پاڵپشتیکارە نەك سەرەکی واتە نابێت تەنها و تەنها پشت بەخوێندنی ئەلیکترۆنی ببستین.

3- خوێندنی ئەلیکترۆنی بۆ ماوەی (3) مانگ بەکارهێنرا بۆ ساڵی خوێندن 2020/2019 بەڵام چونکە نەیتوانی مەهام و پەیامی خۆی بگەیەنێ لە ئەنجامدا وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا ئەو بابەتانەی کە بە ئەلیکترۆنی خوێندرا داخڵ نەبێت بۆ تاقیکردنەوەکان واتە کارەکە سەرکەوتوو نەبوو.

4- خوێندنی ئەلیکترۆنی بۆ هەر قوتابی و خوێندکارێك پێویستی بە ئامێرێکی لاپتۆپ یان ئایپاد یان مۆبایلێکی زیرەك هەیە کە ئەمەش بۆ دۆخی بژێوی خەڵکی و باری داراییان زۆر نەگونجاوە.

5- خوێندنی ئەلیکترۆنی پێویستی بە هێڵێکی ئەنتەرنێتی بەهێز و باش هەیە کە لەهەرێمی کوردستاندا خراپترین جۆری هێڵمان هەیە لە ڕووی کوالێتییەوە و زۆریش خراپە.

6- خوێندنی ئەلیکترۆنی بۆ بازنەی یەکەمی قوتابخانە بنەڕەتیەکان (پۆلی 1 و 2 و 4)گونجاو نیە بەهیچ شێوەیەك.

7- خوێندنی ئەلیکترۆنی بۆ بابەتە (کردارییەکان - عەمەلییەکان) گونجاو نیە کە وانە و بابەتگەلێك هەن کە پێویستییان بە کردارە.

8- لە هەرێمی کوردستان شوێنمان هەیە هێڵی ئەنتەرنێتی لێ نیە کە بەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران قوتابی و خوێندکارێکی زۆر بێبەش دەبن لە خوێندن.

9- پڕۆسەی تاقیکردنەوەی قوتابی و خوێندکار لە دوای خوێندن بەئەلیکترۆنی پڕۆسەیەکی گران و ئەستەم دەبێت چونکە پێویستی بە شوێنی گونجاو و پرسیاری تایبەت و پاراستنی قوتابی و خوێندکار هەیە لەوەی کە گزی (قۆپی)نەکات.

10- بەپێ سیستەمی قوتابخانە و خوێندنگەکان لە هەرێمی کوردستان نمرەی هەڵسەنگاندن هەیە ئەم هەڵسەنگاندنەش دابەشبووە بەسەر چەند چالاکییەك کە بە خوێندنی ئەلیکترۆنی ناتوانرێت نمرە بۆ قوتابی وخوێندکار دابنرێت کە دواجار کاردەکاتە سەر کۆی نمرەی قوتابی و خوێندکار.

11- لە ڕووی (دەنگ و ڕەنگ) ەوە خوێندنی ئەلیکترۆنی پێویستە ئاستێکی وای هەبێت کە قوتابی و خوێندکار سوودی لێوەرگرن کە بە ئەزموونی ساڵی خوێندنی ڕابردوو دەرکەوت زۆر خراپ بوو جونکە فێربوون و فێرکردن پێویستی بە چاو و گوێ و زمان و جووڵە هەیه کە لە خوێندنی ئەلیکترۆنیدا ئەمە جێبەجێناکرێت.

12- بەشداری قوتابی و خوێندکار لە خوێندنی ئەلیکترۆنی زۆر کەم دەبێت کە ئەمەش پێچەوانەی ئەوەیە کە هەمیشە دەوترا (پێویستە قوتابی و خوێندکار سەنتەربێت).

13- گرفتی پچڕانی تەزووی کارەبا لە هەرێمی کوردستان کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پڕۆسەی خوێندن بەئەلیکترۆنی.

14- وەزارەتەکەمان ناوی وەزارەتی پەروەردەیە بەڵام لەم بڕیارەیدا پرسی پەروەردە ونە، چونکە خوێندن بە ئەلیکترۆنی هیچ ئەرك و پەیامێکی پەروەردەیی پێ نیە بەڵکو زیاتر بایەخدانە بەخوێندن بەشێوەیەکی ناتەواو.

15- پڕۆسەی پەروەردە پڕۆسەیەکی گرنگ و کاریگەر و دوور مەودایە کە بە زارەکی و کرداری ئەنجام دەدرێت بەڵام لە خوێندنی ئەلیکترۆنیەدا ئەم پڕۆسەیە جێبەجێناکرێت.

16- شێوازی قسەکرنی ئەو مامۆستا بەڕێزەی کە وانەکەی باس دەکرد لە ساڵی ڕابردوو کە خوێندن بە ئەلیکترۆنی بوو بۆ هەنێ شوێن و دەڤەر باشبوو بەڵام بۆ زۆر شوێن و دەڤەری تر قوتابی و خوێندکار لێتێنەدەگەیشتن جونکە شێوە زار و ئاخاوتنی ئەو جیاوازە لە هەنێ قوتابی و خوێندکار، کە پێویست دەکات مامۆستا بە زمانێك وانەکە شیبکاتەوە کە قوتابی و خوێندکاری لێی تێبگا.

ئەمە چەند سەرنجێکی خێرا بوو بۆ خوێندن بە ئەلیکترۆنی کە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بۆ دەسپێکردنی وەرزی یەکەمی ساڵی خوێندنی 2021/2020 بۆیە داواکارم ئەم بڕیارە هەڵبووەشێنێتەوە جونکە خزمەتی پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن ناکات و ئاکامی زۆر خراپی دەبێت لەسەر پرسی پەروەردە و فێرکردن، وەپێشنیازی ئەوە دەکەم کە مووچەی تەواوی مامۆستایان هەموو 30 ڕۆژ جارێك بدرێت بەبێ لێبڕین، وە بەجێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندرووستیەکان دەوام بکرێتەوە.

تێبینی
-1- وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ بڕیاریداوە بۆ ساڵی خوێندنی 2021/2020 دەوام دەستپێبکات بە شێوازێك لە هەر پۆلێکدا 15 قوتابی یان خوێندکار هەبێت بەجێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندرووستیەکان.
-2- هەر وانەیەك 30 خولەك دەبێت.
 

ئه‌رسه‌لان ساڵه‌ح حه‌سه‌ن
سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لە سلێمانی/ ڕۆژئاوا

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا