سه‌ردار عه‌زیز 11/08/2020 520 جار خوێنراوەتەوە

بازرگانی ئازار

لە بەر زاڵبونی بیری نیولیبرال، چەند دەیەیەکە نایەکسانی وەک سروشتی دەبینرێت. تەنانەت وەک دیاردەیەکی پۆزەتیفیش. بەڵام نایەکسانی وا خەریکە پەلدەکێشی بۆ بنەڕەتییترین پێداویستیەکانی ژیان، هەوا، ئاو، شوێن و زۆر بواری تر.

ئەو نرخە گرانانەی نەخۆشخانە تایبەتەکان، ناکرێت مایەی ڕاچڵەکین بێت بۆ خەڵكی، چونکە ئەوە دەرئەنجامی چەندین ساڵە لە کارکردن بەو ئاراستەیەدا. لە کوردستان دیدێک هەیە کە زۆر بوار لە سەر مۆدێلی سۆشیالیستین و دەبێت بکرێن بە کەرتی تایبەت، چونکە مۆدێلی سۆشیالیستی شکستی هێناوە.

ئەم دیدە بەبێ تێگەیشتن و لەبەرچاوگرتنی دۆخی کوردی و بنەماکانی ئەم تێڕوانیە، وەک دروشمێک دەوترێتەوە. بەڵام دۆخی کوردستان بەوجۆرەنیە.

یەکەم بنەمای ئەخلاقی بۆ ئێمە، وەک کۆمەڵگایەک، ئەوەیە کە نابێت کەسێک لە نێوماندا ئازاربچێژێت، تەنها لە بەرئەوەی داهاتی کەمترە. نابێت مرۆڤ ئازاربچێژێت. ئەم بنەمایە لە هەمانکاتدا بنەمای مافێكی ڕەوای هەموان دادەڕێژێت کە تەندروستیی و ئازارنەچێژان دەبێت بۆ هەموان بێت. نابێت کەرتی تەندروستی بەبازاڕ بکرێت. دەکرێت کەرتی تەندورستی سود لە میتۆدەکانی بازاڕ وەربگرێت بۆ باشتر کردنی میتۆدەکانی بەڕێوەچون، بەڵام نابێت تەندروستی بکرێتە کاڵا.

دووەم، لە کورستان ژیانی تەندروستی لە سەر کۆمەڵێک بنەمای هەڵە بونیادنراوە. بۆ نمونە پشت بەستنی زۆر بە دەرمان. دەرمان وەها دەبینرێت کە چارەسەرە، دەبێت بەردەوام بەکاربێت. ئەمە جۆرێکە لە ئالودەکردنی خەڵك لە سەر دەرمان. ئەم تێگەیشتنە دوکتۆر و نەخۆشخانەی کردوەتە ئەو جێگایەی کە چارەسەری هەموو شتێکی لێیە. بەڵام لە ڕاستیدا، جۆری ژیانی کەسەکانە کە داڕێژەری تەندروستییە: نەک دەرمان و دوکتۆر.

سێیەم، دەمێکە تەندروستی بازرگانییە. ئەم بازرگانییە وەک هەموو بازرگانیەکانی تر ڕەش و قۆرغکراوە: کۆمپانیای بیانی و بەرپرسی سیاسی و توێژێک لە دوکتۆرەکانەوە.

دەرئەنجامی ئەمە: مەرگ و پەرتبونی کۆمەڵایەتی و چونە دەرەوەی سامانی گشتیە. لە کاتێکدا ئەم جێگایانە بڕێكی خەیاڵی داهاتیان هەیە، بێگومان زۆربەیان باجیان لێوەرناگیرێت.

نەخۆشخانەی تایبەت پلەبەندی ژیان دروست دەکات نەک تەنها لە کاتی قەیراندا، بەڵکو لە کاتی ئاسایشدا. چون بۆ نەخۆشخانە بە ناو ئەهلییەکان وەک دەربڕی جۆرێک لە ستاتۆی کۆمەڵایەتی لێهاتوە، خەڵك پۆزی پێوەلێئەدات.

ئەم قەیرانە دەبێت ساتێکی ڕاچڵەکین بێت کە ئێمە لە سەر ئاراستەیەکی هەڵەین.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی سه‌ردار عه‌زیز

سەرەتا