سۆران عومه‌ر 26/07/2020 72 جار خوێنراوەتەوە

دوای من نۆبه‌ی ئێوه‌یه‌

ئه‌وه‌ ڕوونه‌ پارتی په‌رله‌مانی به‌م ده‌رده‌ برد، له‌سه‌ر سكاڵایه‌كی سه‌رۆكی حكومه‌ت په‌رله‌مانتاری گه‌یاند به‌ ده‌ركردنی فه‌رمانی گرتن! په‌رله‌مانێك كه‌ نه‌یتوانیبێ وه‌زیرێك له‌سه‌ر موچه‌ میوانداری بكات به‌ڵام له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌ له‌سه‌رۆكی حكومه‌ت په‌رله‌مانتاری خۆی ته‌سلیم به‌دادگاو فه‌رمانی گرتن بكات! ئه‌وه‌ من ئه‌و په‌رله‌مانه‌ كه‌ به‌وجۆره‌ بێت جێیدێڵم، ئێوه‌ به‌مه‌ ڕازی مه‌بن، ئێوه‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی پڕ له‌ته‌زویرتان قبوڵ كرد ئێسته‌ بۆ په‌رله‌مانێكی په‌كخراوی بێ ئه‌رزشكراو قبوڵ ده‌كه‌ن؟ ته‌نها نوقته‌ نیزام ئه‌م دۆخه‌ ڕاناگرێ، په‌رله‌مانێك وه‌ك دیوه‌خان نه‌توانێ میوانداری حكومه‌تیش بكات له‌سه‌ر كێشه‌ی خه‌ڵك بۆ به‌وه‌ها په‌رله‌مانێك ڕازی ده‌بن؟

ئێوه‌ش حزبی سیاسین سبه‌ی پێویستان به‌خه‌ڵكه‌ ده‌نگی لێ وه‌رگرن بۆ چونه‌وه‌ په‌رله‌مان! ئێسته‌ داكۆكی له‌ده‌نگی خه‌ڵك بكه‌ن، خه‌ڵك بۆ ئه‌وه‌ ده‌نگی پێ نه‌دان نه‌توانن به‌رگری له‌خۆشتان بكه‌ن و له‌په‌رله‌مانێكی بێ ده‌سه‌ڵاتی په‌كخراوی بێ ئه‌رزشكراوا دابنیشن!

ئه‌وه‌ی له‌په‌رله‌مان ده‌گوزه‌رێ ده‌ست به‌سه‌راگرتنی یه‌كجاریه‌ له‌ بێده‌نگ كردن و چاوترساندن، ئه‌وكاته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نیه‌ به‌رگری له‌شكۆی خۆی و ده‌سه‌ڵاته‌كانی و په‌رله‌مانتاران بكات و بۆ سكاڵایه‌كی سه‌رۆكی حكومه‌ت ته‌سلیم ده‌بێ.

ته‌سلیم بونێك كه‌ به‌هه‌مووان ده‌ڵێ له‌مه‌به‌دوا وه‌ك سۆرانتان لێ ده‌كه‌ین!
ئێستاش درێژكراوه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ گه‌شتووه‌ به‌وه‌ی له‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی په‌رله‌ماندا جێگره‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی به‌كارده‌هێنێ و بانگێشتی كۆبونه‌وه‌ ده‌كات و به‌رنامه‌ی كار داده‌نێ مانای ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئیدی په‌رله‌مان به‌ته‌واوی له‌چنگی ئه‌واندایه‌و سه‌رۆكه‌كه‌ی هیچ به‌هاو ده‌سه‌ڵاتێكی نیه‌و سیناریۆكانیان بۆ ته‌واو ده‌كات و به‌شداری كۆبونه‌وه‌كه‌ ناكات!
به‌داخه‌وه‌ له‌ناو حزبه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی به‌شێكی زۆریان هێشتا زۆر ساده‌ ته‌ماشای په‌كخران و ده‌ست به‌سه‌راگرتنی په‌رله‌مان له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ ده‌كه‌ن و پێیان وایه‌ ئه‌وه‌ی ڕوده‌دات ململانێی نێوان یه‌كێتی و پارتیه‌!

ڕاستیه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه‌ پارتی ئه‌مجاره‌ ده‌رگای په‌رله‌مانی دانه‌خست به‌ڵكو له‌مه‌هامی سه‌ره‌كی ده‌ریكردو سه‌رۆكه‌كه‌شی وا بێ ئه‌رزش كردووه‌ هیچی بۆ نه‌هێشتۆته‌وه‌، به‌مجۆره‌ ئه‌مه‌ په‌رله‌مان نیه‌ كه‌سانێك كه‌ بزنس و به‌رژه‌وه‌ندیان له‌گه‌ڵ پارتیه‌ پێیان ئاسایی بێ به‌ وه‌ها سه‌رۆكێك له‌ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان ڕازی بن، كه‌سانێكی دیكه‌ هیچ مه‌هامێكیان وه‌ك حزبی سیاسی نه‌ماوه‌و چاوه‌ڕێن كۆبونه‌وه‌یه‌ك بكرێ و به‌نوقته‌ نیزامیه‌ك هه‌ندێ قسه‌ بكه‌ن! كه‌ڕۆژانه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و چایخانه‌كانیش هه‌مان قسه‌ ده‌كرێ و هه‌ردوكیان ته‌نها دێنه‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی و هیچ لێ سه‌ۆز نابێ، هه‌ندێكیش پێیان وایه‌ با هه‌رێم له‌مه‌ ئاڵۆز تر نه‌بێ! وه‌ك ئه‌وه‌ی كێشه‌مان نیه‌ ئه‌مه‌ی په‌رله‌مان نه‌بێ.

پێویسته‌ لایه‌نه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی قسه‌و جوڵه‌ی جدیان هه‌بێ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی پارتی و سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌م په‌رله‌مانه‌ی ده‌كه‌ن بۆ ڕازین به‌وه‌ها په‌رله‌مانێك كه‌ نه‌ پرۆژه‌یان وه‌رده‌گیرێ نه‌ لێپرسینه‌وه‌ ده‌كرێ نه‌ وه‌زیر بۆ میواندرێش دێ!
ناكرێ ئه‌مه‌یان لا ئاسایی بێ و به‌شوێن بانگێشتی نایاسایی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌ماندا بڕۆن و به‌شداری كۆبونه‌وه‌ش بكه‌ن ته‌نها له‌پێناو نوقته‌ نیزامێك كه‌ پێناچێ ڕێیان پێ بدرێ.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا