هێمن عه‌بدولقادر 24/06/2020 136 جار خوێنراوەتەوە

دیۆنتۆلۆجیای - پلازما بەخشین

فرۆشتن و بازرگانی کردن بە خوێن و پلازمای ئەو کەسانەی چاکبونەتەوە کارێکی نا ئەخلاقیە، ئەو ڕۆژەی کە پێیان ووتی پشکنینەکەت پۆزەتیڤە، چەند غایلە و گومان بە دڵ و زیهنتا هاتوون، چەند جار لە خۆتت پرسیوە تۆ بڵێی مناڵەکەم ببینمەوە؟ تۆ بڵێی ئەمە کۆتایی ژیانم بێت؟ مەگەر وا بیرت نەکردۆتەوە ئەوەی هەتە دەیبەخشیت بەس ئەم جارەش نەمریت؟

ئەی بۆ کەخودا چاکەی لەگەڵ کردویت و زیندویت تۆش سوپاسی ناکەیت بە (دەم ) نا بەڵکو بە رزگارکردنی ژیانی کەسێک، بۆ کە ئەکەوینە بەر شەپۆلی دەریا هاوار ئەکەین و ئەپاڕیینەوە، بەڵام کە گەیشتینە ووشکانی و ئارامی، لەبری سوپاس و بەخشین دیسان دەبینەوە بە خراپەکار.

بتڵێک خوێنی کەسی چاکبووە گریمان فرۆشرا بە (٢٠) وەرەقە، بیست وەرەقە چی لە ژیانی تۆ دەگۆڕێ، بۆمەگەر تا ئێستا چەند بیست وەرەقەیمان لە ئوتومبێل و خانو و زەوی و مۆبایل و ناوماڵ گۆڕین و جل و بەرگ زەرەر نە کردووە.

بابەتەکە ئاڵوگۆڕی ژیان و مردنە بەرامبەر بە پارە و دراو، هەر ژیان و مردنێک نرخەکەی پارەبێت تاوانە هەم لای خودا و هەم لای یاسا و خەڵکیش، تۆ کە خوێنەکەت دەفرۆشی رەنگە ڕووت نەیەت جارێکی تر تەماشای ئەو کەسانە بکەیتەوە، وەلێ کە بەخشیت تۆ دەبیتە گەورە و ژیانەوەی چەندین کەس.

چەند بەختەوەرە ئەو منداڵەی کە بەهۆی نە مردنی دایکیەوە ژیانی لێتێک ناچێت و بەیانیان بە دڵتەنگی ناچێت بۆ قوتابخانە ....

چەند دڵخۆشە ئەو کچەی کە لەکاتی شو کردنیدا باوکی ئامادەیە و لە پشتی دەوەستێت و غەمگین نابێت...

چەند پڕ ئازارە ئەو کوڕەی باوکی ئەمرێ و دەست لە خەونەکانی هەڵدەگرێت و هەر بە گەنجێتی ملی بازاڕ و کاسبی ئەگرێت و بۆ ئەوەی شوێنی باوکی بگرێتەوە و خێرا پیر دەبێت تۆ هەموو ئەم کارانە ئەتوانی بکەیت .. ئەتوانی نەهێڵی هەموو ئەمانە ڕوو بدەن.

خودا بەردی زۆری لەسەر ئەم هەسارەیە جێگیر کردووە، وەلێ هەموویان ئەڵماس نین، تەنها چەند بەردێکی کەم ئەڵماسە، خودا ملیارەها لیتر خوێنی کردۆتە لاشەی مرۆڤەوە لە سەر ئەم هەسارەیە، وەلێ خوێنی کەسێکمان دینارێک ناکات بۆ ئەم نەخۆشیە، تەنها ئەوانەتان نەبێت کە چاک بونەتەوە، بڕۆن و ئەو چاکەیە لەگەڵ خۆتان و خەڵکدا بکەن و ببەخشن، چەند غەمگینە ئەو منداڵەی لەبری باوەشی دایکی وێنەکەی ئەخاتە جزدانەکەیەوە.

(ئەگەر خودا بیەوێت ) تۆ هەموو ئەمانە ئەتوانی بوەستێنیت ...

بڕۆن و ببەخشن بەبێ هیچ شتێک هەر وەکو چۆن گوڵەباخێک بە تەوایی خۆی ئەکاتەوە و هەرچی هەیە لە بۆن و جوانی بە بێ هیچ بەرامبەرێک ئەیبەخشێت و بۆ هەتا هەتایە بە جوانی و سەرنج ڕاکێشی ئەمێنێتەوە، بڕۆن و بە سەرنج راکێشی لای منداڵێک بمێننەوە باشترە لە هەموو پارەی دنیا.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا