عهبدولستار مهجید
            
           24/06/2020
            762 جار خوێنراوەتەوە
        
        
        پێشنیازێکی دڵسۆزانە و خەمخۆرانە بۆ حکومەت و ڕایگشتیی
            ئێوە دەزانن نزیک بە 30 ساڵە هەرکات موچە و گوزەرانی
خەڵک کەوتبێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، خەڵک ترسیان لێ نیشتووە و پێانوابووە
کە گوزەرانیان سەلامەت و موچەیان تەئمینکراو نیە و لە هەر ئەگەر و دۆخ و قۆناغێکدا
دووچاری قەیرانی دواکەوتن و پاشەکەوت دەبێتەوە و ئەوە لە دوایین هەنگاویشدا بڕینیشی
هاتەسەر کە لە پاشەکەوت مەترسیدارترە .
زۆر گوتراوە و ڕەخنەی زۆریش گیراوە و پێمانوایە
کەم تا زۆرێک دەزانن و بیستوتانە. بۆیە وەک خەمخۆریی و دڵسۆزیی بۆ خەڵک و پاراستنی
سامان و موچە و گوزەرانیان،  پێشنیازی ئەوە
دەخەینە بەردەمتان کە پرسی (کۆکردنەوەی داهات و شێوازی خەرجکردنی) لەم قۆناغە سەختەدا
بدەنە دەست ئێمە تا بۆ ئێوەش و هەموو خەڵکی کوردستانیش بسەلمێنین کە بە دڵنیاییەوە
هەرێمی کوردستان لە ڕووی سەرچاوەی داهاتەوە ئێجگار دەوڵەمەندە و بە دەیان ڕێگە
داهات پەیدا دەبێت .
کێشەی گەورە لە نەبونی داهاتدا نیە، بەڵکو لەو
دەستەدایە کە داهاتەکە دێتە ناوی و وەک غەنیمەتی دوای جەنگ سەیری دەکات و ئەوانەش
لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان و کەمینەیەکدا دەیبەن و خەڵکی لێ مەحروم دەکەن .
بۆیە لێرەوە داوا دەکەین کە بۆ ماوەی یەک ساڵ ئەو
بابەتە بدرێتە دەستی ئێمە و دڵنیاشتان دەکەین کە بەشی موچەی تەواو و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان
دەستەبەر دەکەین و دوای ئەو ساڵە هەمووان دەبینن کە پرسی داهات و شەفافیەتی سەرچاوەکانی
داهات و کەمبوونەوەی گەندەڵی چی بازێکی گەورەی داوە و چۆن هەرێمی کوردستان بوژاوەتەوە .
تاکە مەرجمان بوونی دەسەڵاتێکی تەواو و نەبوونی
ڕێگری و کۆسپ دروستکردنە لە ڕێگەماندا، پرۆژەی بەدیلمان بۆ ئەم دۆخە هەیە و ئەم پێشنیازەش
تەنها لە ڕووی خەمخۆری و دڵسۆزیمانە بۆ خەڵک و دوورە لە هەر مەرام و ئەجێندایەکی
حزبیی و چاوەڕوانی وەڵام و کاردانەوەی ئەرێنین .
            
                لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
            
  
             
            
            هەموو وتارەکانی عهبدولستار مهجید