هونهر تۆفیق
17/06/2020
607 جار خوێنراوەتەوە
سیاسەتکردن بە شقارتە
کاتێک عێراق میرنشینی کوەیت داگیردەکات ، قسەوباسی
سیاسی لەسەر ئەگەری لێدان و لێنەدانی ئەمریکابوو لە عێراق . بۆچوونی یەکێک لە سەرکردە
سیاسیە ناودارەکانی کورد بە نەوشیروان مستەفا دەگەیەنن ، دەڵێن ڕای ئەو سەرکردەیە
بەو جۆرەیە . ئەویش دەڵێت : بۆچوونی ئەو حسێب نیە ، چونکە ئەو شقارتە بۆ ئەگەرەکان
هەڵدەدات.
شقارتە هەڵدان فاڵگرتنەوە بوو بۆ ئیختیاری نێوان
دوو ئەگەر ، ئەگەر لەباری ڕێکیدا شقارتەکە ڕاوەستا ئەوە فاڵێکە و ئەگەر بەلاشدا کەوت
پێچەوانەکەی بوو فاڵێکی ترە.
لەوە دەکات مۆدێلی سیاسەتکردن بە فاڵی شقارتە هەڵدان
هێشتاکە لەناو سەرکردایەتی سیاسی و حکومەتی هەرێمدا باوبێت.
چڕنوک گرتنەکانی تورکیا لە سوریا و لیبیادا دەبینرێت چ ئاسەوارێکی
کاولکاری بە چڕنوکەکانیەوە جێدەهێڵێت کە بە هاوپەیمانی لەگەڵ بەرە سیاسیەکانی ئەو
وڵاتانەدا نیشتمانەکەیان وێران دەکات . چڕنوکەکانی ئەم دوایەی تورکیا لە هەرێمی
کوردستانیشدا هیچی کەمتر نابێت لەوەی سوریا و لیبیا . حکومەتی هەرێمیش بە شقارتە هەڵدان
لێکدانەوەی سیاسی بۆئەو چڕنوکانەی تورکیا دەکات .
فاڵی شقارتەکە بەهەرلایەکدا بکەوێت ، تورکیا خۆی بەئاشکرا دەڵێت ئەو
مەبەستی لە نەهێشتنی کوردبوونە ، ئیتر لەو فاڵەدا لەهەرکام لەئەگەرەکانی خەیاڵی
حکومەتی هەرێمدا بێت ، ئەو دەیەوێت تۆ کوردنەبیت ، تەنیا کوردنەبوونت دەتکاتە دۆستی
تورکیا ، بۆیە پێویست ناکات چیتر شقارتەی بۆهەڵدرێت ، تەنیا دوو بژاردە هەیە ، یان
دەبێت کوردبیت و بەرگری لێبکەیت ، یان دەبێت کوردنەبیت و پشتیوانی لەچڕنوکەکانی
تورکیا بکەیت .
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی هونهر تۆفیق