عومه‌ر گوڵپی 19/05/2020 176 جار خوێنراوەتەوە

لامەرکەزی، دەرمانی چ دەردێکە؟

* عومه‌ر گوڵپی

باس و خواسی لامەرکەزی، گەرم و گوڕە, هێندێک بە شارەزاییەوە قسەی لەسەر دەکەن و هێنێدکیش تەنها بە خواست و مەبەستە سیاسییەکەی و شارەزاییەکی ئەوتۆیان نییە، هاووڵاتیانیش لەو نێوەندەدا مافی خۆیانە چاوەڕوانی خێر لە هەر پڕۆژە و قسەیەکی تازە بکەن بەو ئومێدەی کەمێک لە کێشەکانی پەیوەست بە ژیانیان کەم بکاتەوە.
 
لە روانگەی شارەزایی تیۆری و کرداری و ئەزموونی خۆمەوە، بە پێویستمزانی چەند سەرە قەڵەمێک لەبارەی لامەرکەزیی و بەرزبوونەوەی داواکاری لەبارەیەوە بنوسم، کە تیایدا هەوڵدەدەم بە کورتی: لامەرکەزی بناسێنم و بەراوردی لایەنە باش و نەرێنییەکانی هەردوو شێوازی مەرکەزی و لامەکەزی بکەم، کێشە سەرەکییەکانی ئێستەی هەرێم بخەمەڕوو، ئەوە روون بکەمەوە کە ئەو کێشە و نەخۆشییە کامەیە کە لامەرکەزی دەتوانێت چارەسەری بکات؟ یان بەڕاستی لامەرکەزی دەرمانی چ دەردێکمان دەکات؟ ئەمە بێجگە لە روونکردنەوەی چەند لایەنێکی نادیاری پەیوەندیدار بە پرسی لامەرکەزییەوە و ئەو دەنگانەی ئێستا لەبارەیەوە لە بەرزبوونەوەدان.
 
یەکەم / لامەرکەزی چییە؟
زۆرێک لە سەرچاوە زانستییەکانی بواری بەڕێوەبردن باسیان لە ناسەنتەری (لامەرکەزییەت)ی لە بواری بەڕێوەبردن و دەوڵەتداری کردووە، و وەک بنەمایەکی پێشکەوتوو و پێویست لە بەڕێوەبردندا ناساندوویانە و تایبەتمەندی و خاڵە ئەرێنیەکانیان ئاماژە پێداوە، بۆیە لێرەدا بە پێویستی نازانم تۆی خوێنەر سەرقاڵ بکەم بە پێناسەی زۆر و قسەکردنی تێوریی زۆرەوە، و لە پوختەی هەموویاندا دەڵێم: لامەرکەزییەت بریتییە لە دابەشکردنی دەسەڵات لە لووتکەی دەسەڵاتەوە بۆ ئاستەکانی تری بەڕێوەبردن، یان بریتییە لە کرداری دابەشکردنی دەسەڵاتی کارگێڕی و دارایی و یاسایی لە ئاستەکانی سەرووی دەسەڵاتەوە بۆ ئاستەکانی خوارتر، ئەوەش بەهۆی پشت بە ستن بە دەسەڵاتە هەڵبژێردراوەکان یان دووری شوێنە جوگرافییە جیاجیاکان یان خواستی خۆبەڕێوەبەری بەهۆی جیاوازی نەتەوەیی و ئایینییەوە لە وڵات یان هەرێمێکدا.
 
دووەم / ئامانجەکانی لامەرکەزی چین و جۆرەکانی کامانەن؟
 
ئامانجەکانی لامەرکەزی بریتین لە:
1. فراوانکردنی بەشداری هاووڵاتیان لە پرۆسەی پلان و بڕیار لەڕێگەی نوێنەر و ئەنجوومەنە خۆجێیە هەڵبژێردراوەکان و بەرپرسانی یەکە کارگێڕی و دامەزراوە دەوڵەتییەکانەوە کە ئاسانتر هاووڵاتی دەتوانێت سەردانیان بکات و بیان بینێت و دەنگی پێیان بگات.
 
2. خێراکردنی پرۆسە کارگێڕییەکان و پرۆسەی بڕیاردان لەسەر پرسە دارایی و کارگێڕییەکان و رێکخستنی ژیانی خەڵک و باشترکردنی خزمەتگوزاریی.
 
3. باشتر بەکارهێنانی سەروەت و سامانی ماددی و مرۆیی وڵات بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، لەڕێگەی دانانی بەرنامەو پلانی واقیعیانەتر بەپێی گەشە و خواست و پێویستی هەر پارێزگا و شوێنێکی جوگرافی، بۆ نموونە: خەڵکی دهۆک خۆیان باشتر دەزانن چیان پێویستە و گرنگی بە چ پرۆژەیەک بدەن نەوەک خەڵکانی تر لە هەولێرەوە یان لە شوێنی ترەوە بڕیار بدەن چ پرۆژەیەکیان بۆ دروست بکەن.
 
4. دابەشکردنی بەرپرسیارێتی و کۆنەکردنەوەی تەواوی دەسەڵات و بەرپرسیارێتییەکان لە یەک کەس یان چەند کەسێکی کەمدا لە ئاست و هەڕەمی سەرەوەی دەسەڵات و حکومەتدا.
 
دەکرێت لامەرکەزی سیاسی یان وەزیفی (ئیداری) یان جوگرافی هەبێت ، کاتێکیش باسی لامەرکەزی وەزیفی یان ئیداری دەکەین، ئەوە لامەرکەزی داراییش دەگرێتەوە، چونکە لە بنەمادا هەموو کۆڵەکە و بنەماکانی بەڕێوەبردن پشت بە رەگەزی توانای دارایی دەبەستن سەرەڕای توانای مرۆیی و بوونی یاساو رێنمایی و سیستمەکان لە دامەزراوەکاندا.
 
سێیەم /  خاڵە ئەرێنییەکانی هەریەکە لە سیستمەکانی (مەرکەزی) و (لامەرکەزی) چین؟ 
بێگومان لە هەردوو شێوازەکەی بەڕێوەبردن خاڵی ئەرێنی و نەرێنی هەیە، هەروەک چۆن پێویستە ئەو راستیەش بزانین کە هیچ شێوازێکی بەڕێوەبردن و دەوڵەتداری نە مەرکەزی لە سەدا سەدە و نە لامەرکەزی لە سەدا سەد، تەنها ئەوەیە کە دەکرێت سیستمێک رێژەیەکی زیاتر لە هەریەکەیانی تێدابێت، هەروەها راستیەکی تریش ئەوەیە کە لەسەرەتاییترین پرۆسەی بە لامەکەزیکردنی بەڕێوەبردنیشدا تا بەرزترین ئاستی کە فیدراڵی و کۆنفیدراڵیە، ئەوە هێندێک لە پرسەکانی پەیوەست بە دارایی و یاسادانا(تەشریع) و دادوەری و ئاسایشی و بەرگری هەر بە رێژەی جیاواز بە مەرکەزی دەمێنێننەوە لە وڵاتدا، بەپێی جۆری سیستمەکە.
 
پاش ئەم پوختەیە ئێستە کاتی ئەوەیە بە کورتی لەبارەی خاڵە باشەکانی مەرکەزییەوە بنوسین پاشان خاڵە ئەرێنییەکانی لامەرکەزی:
 
1. سیستمی مەرکەزی سیستمێکی یەکگرتووە و زیاتر دەتوانێت یەکپارچەیی خۆی بپارێزێت، ئەمەش بۆ ئەو سیستم و دەوڵەت و حکومەتانەی کە تازە لە دروستبووندان سەرکەوتووتر و پێویستترە.
 
2. سیستمی مەرکەزی لە توانایدا هەیە یاسا و رێنماییەکان لەسەرتاسەری وڵات جێبەجێبکات بەبێ جیاوازی.
 
3. سیستمی مەرکەزی دەتوانێت باشتر زاڵ بێت بەسەر یەک سیاسیەتیدا لە مامەڵە لەگەڵ پرسە جۆراجۆرەکانی وڵاتدا.
 
سەبارەت بە خاڵە باشەکانی سیستمی لامەکەزی:
 
1. دەکرێت لە سیستمی لامەرکەزیدا بەشداری هاووڵاتیان زیاتر بێت لە پڕۆسەی پلان و بڕیاردا.
 
2. لە سیستەمی لامەرکەزیدا فەرمانگە و دامەزراوەکان توانای زوو بڕیاردان و وەڵامدانەوەیان هەیە.
 
3. لە سیستەمی لامەکەزیدا ژمارەی هەنگاوە کارگێڕییەکان و رۆتین کەمترە و هاووڵاتی و دامەزراوە ماندوو نابن بۆ پرسێکی بچووک یان چارەسەرکردنی کێشەیەکی لاوەکی ناستراتیجی کاتێکی زۆر لە چاوەڕوانیدا بەسەر بەرن بە خەرجییەکی زیاتریشەوە.
 
4. لە سیستەمی لامەرکەزیدا دەتوانرێت واقیعیانەتر توانای ماددی و مرۆیی هەر شوێن و پارێزگایەک ئاراستە بکرێت بۆ باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییەکان.
 
5. لە سیستەمی لامەرکەزیدا بەرپرسیارێتییەکان لە یەک کەس و ئەنجوومەنێکدا کۆناکرێنەوە و بەرپرسیارێتی سەرکەوتن و شکست دابەشدەبێت بەسەر زیاتر لە ناوەندێکی دەسەڵاتداو ئاستەکانی خوارەوەی بەڕێوەبردنیش لە پارێزگاکان دەچنە ژێرباری بەرپرسیارێتی و پرسینەوەی هاووڵاتیان.
 
چوارەم / سیستمی لامەرکەزی وابەستەی چییە؟
 
لەبەر گرنگیەکەی ئەم خاڵەم بەشێوەیەکی سەربەخۆ باس کرد، ئەویش زەرورەتی بوونی سیستەمێکی چاودێری بەهێزە کاتێک وڵات پشت بە لامەرکەزیتی زیاتر ببەستێت، وەک مەرجی سەرکەوتن و کەمکردنەوەی گەندەڵی و بەهەدەردان، چونکە بەبێ بوونی چاودێرییەکی بەهێز بەسەر دامەزراوەکانەوە، دەکرێت لامەرکەزی رێژەی گەندەڵی و بەهەدەردان و خراپ بەکارهێنانی پۆست و پێگە و دامەزراوەکان زیاتر بکات.
 
پێنجەم/ کام سیستمە گوتجاوترە بۆ بەڕێوەبردن و دەوڵەتداری؟ 
بێگومان لە کوردستان ئەو دەنگانەی کە رەخنە لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵات دەگرن لە هەرسێ روانگەی دەسەڵاتی یاسادان و جێ بەجێکردن و دادوەری، هێندە بەرزن، پێویست بەوە ناکات هیچ رووبەرێکی ئەم وتارە بۆ ئەو پرسە تەرخان بکەم، بەڵام ئایا لامەکەزی دەتوانێت چی بکات بۆ کەمکردنەوەی ئەم رەخنانە؟، چی بکات بۆ کەمکردنەوەی ناڕەزایی خەڵک؟
 
سەرەتا دەبێت ئەو راستییە بڵێم کە ستەم دەکەین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە تاوانباری بکەین بە مەرکەزی تەواو، چونکە لەم رووەشەوە زوڵم لە حکومەت کراوە و ئەو سیستەمە بارکراوە بەتێکەڵ و پێکەڵییەک کە نە دەتوانین بڵێین مەرکەزییە نە دەتوانین بڵێین لامەرکەزییە، ئەوەش بەهۆی شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی و نەبوونی فەلسەفەیەکی روونی حکومڕانی و یەک نەخستنی سیاسەت و ستراتیجی وڵات بە دەستوور و یاسا وەک چەند بنەمایەکی گشتیی بەڕێوەبردن بەجۆرێک هیچ حیزب و کابینە و زۆرینەیەک نەتوانێت بە ئاسانی دەستکارییان بکات و تەجاوزیان بکات.
 
وەک پێشتریش ئاماژەمان پێکرد یەکێک لە سیفەتە باشەکانی سیستەمی مەرکەزی ئەوەیە کە وڵات بەیەک یاساو رێنمایی کاربکات و یەک سیاسەت ئاراستەی بکات، بەڵام هەر بە وردبوونەوە لەو وێنەیەی کە لە پشت سەری بەڕێوەبەرێکەوە هەیە لە زاخۆ تا ئەو وێنانەیەی لە پشت سەری بەڕێوەبەرێکەوەن لە هەڵەبجە یان گەرمیان، تێدەگەین لەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەرکەزی نییە، و نەیتوانیوە سوود لە بنەما و خاڵە باشەکانی سیستەمی مەرکەزی وەرگرێت، ئەوە بێجگە لە سیما دیارەکانی دوو ئیدارەیی لە هێندێک بواردا، وەک بوونی زیاتر لە لقێکی بانکی ناوەندی!، و رێک نەخستنی هێزە چەکدار و هەواڵگرییەکان لە یەک دامەزراوەی نیشتمانیدا و هێندێک بواری تری نەرێنیش.
 
ئێستا کاتی ئەوەیە بڵێین بۆ ئەوەی سیستمێکی رەشید(حکومەتێکی باش)مان هەبێت پێویستە زۆر شت بکەین، وەک چاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، و پشت بە ستن بە تەکنەلۆژیا لە بواری بەڕێوەبردن، و زیادکردن و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، و شەفافیەتی زیاتر لە سەرجەم پرۆسە کارگێڕی و داراییەکان، و یەکخستنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجی ناپێویست، بەڵام پشت بە ستن بە سیستەمی لامەرکەزی هاوشانی ئەم خاڵانە دەتوانێت حکومەتێکی باشتر و بە تواناتر لە بواری خزمەتکردن بۆ هاووڵاتیان بخاتەڕوو.
 
کەواتە ئەو لامەرکەزییەتەی پێویستمانە سیماکانی چین و ئەبێت چۆن بێت؟
پێویستە ئەو لامەرکەزییەتە کار بکات بۆ زیادکردنی دەسەڵاتی یاسادانان (تەشریعی) لە ڕێگەی ئەنجومەنی پارێزگاکانەوە بۆ پارێزگاکان، زیادکردنی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و بەڕێوەبەرایەتی و دامەرزاوە حکومییەکان لە پارێزگاکان، زیادکردنی دەسەڵاتی پارێزگارو قائمقامیەتەکان، ئەوەش لە ڕێگەی هەموارکردنی یاسا پەیوەندیدارەکانی ئەو سێ بوارە، بەڵام تا ئەو کاتەی ئەو هەموارە لە پەرلەمانەوە دەکرێت بۆ یاسا پەیوەندیدارەکان بە ئەنجومەنی پارێزگاو وەزارەتەکانەوە، و دەسەڵاتەکان بە یاسا دەبەخشرێن بە دامەزراوەکانی خوار وەزیرو وەزارەت، ئەوە پێویستە لە ڕێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە زوویی بە پڕۆژە بڕیارێک سەرجەم وەزارەتەکان ڕابسپێردرێن بە هەموارکردنەوەی ئەو دەسەڵاتانەی بەخشیویانە بە پارێزگارو قائمقامیەت و بەڕێوەبەرە گشتیەکان لە پارێزگاکان، بە ئاراستەی زیادکردنی دەسەڵاتە کارگێڕی و داراییەکان لە چوارچێوەی یاساو ڕێنماییەکان و تەنانەت بەرنامەی خودی ئەم کابینەیەی حکومەت و بانگەشەکانی حزبەکانی پێکهێنەری ئەم کابینەیە، هاوکات بەهێزکردنی دامەزراوەی چاودێری دارایی و دەستەی دەستپاکی و داواکاری گشتی بۆ ئەوەی ڕێگە لە گەندەڵی و بەهەدەردان بگیرێت و دەرفەت بە هیچ کەلێنێک نەدرێت بۆ گەندەڵی و خراپ سودلێوەرگرتن لە کاتی زیادکردنی ئەو دەسەڵاتانە.
 
شەشەم و کۆتایی / کەواتە لامەرکەزی دەرمانی چ دەردێکە؟ 
لە راستیدا هەمیشە پرسە یاسایی و ئیداری و دەوڵەتیەکان، قابیلی ئەوەن کە بۆ بەرژەوەندی سیاسی بقۆزرێنەوە، ئەمە واتای ئەوە نیە کاتێک دەرفەتێک هەبوو بۆ بەرژەوەندییەکی سیاسی ئەوە ئیتر ڕاستی لەو بابەتەدا نییە، نەخێر، بەڵکو دەتوانم بڵێم ئەو داواکارییانەی لە سلێمانیەوە ناو بەناو بەرز دەبنەوە بۆ داواکاری لامەرکەزی، ڕاستیی و مەنتیقێکی تەواویان تێدایە، ئەگەرچی بەرژەوەندی سیاسی حزبێک یان دوانیش ئامادەیی هەبێت لەگەڵیدا.
 
هەربۆیە ئەوەی ڕاستیەو دەبێت هاووڵاتی بیزانێت ئەوەیە کە ئەوەی داوا دەکرێت بۆ جێ بەجێکردنی لامەرکەزی و زیادکردنی دەسەڵاتی دامەزراوەکانی بەڕێوەبردن لە پارێزگاکان، دەتوانێت بەشداری هاووڵاتیان لە پلان و بریاری دامەزراوەکانی سنوری پارێزگاکەیاندا زیاتر بکات، پڕۆسە کارگێڕییەکان خێراتر و کورتتر بکاتەوەو ڕۆتین کەم بکاتەوە، واقیعیانەتر توانای دارایی و مرۆیی پارێزگاکان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزاریی ئاراستە بکات، ئەوەش لە چوارچێوەی هەمان توانای دارایی ئێستەی حکومەت، بەڵام ئەوەی هەواڵە ناخۆشەکەیە ئەوەیە کە بەهیچ جۆرێک ناتوانێت چارەسەری ئەو کێشە سەرەکیانە بکات کە ئێستە کوردستان گیرۆدەیانە، وەک کێشەکانی مووچەو بودجەو پرسەکانی پەیوەست بە گەندەڵی و بەرپاکردنی چاکسازی، تەنانەت دەکرێت لەم دوو بوارەدا کێشەکان زیاتر بکات ئەگەر سیستمی چاودێری و لێپرسینەوە بەهێزتر نەکرێت.
 
هەربۆیە ئەوەی لە سلێمانیەوە بەدەنگی بەرز داوا دەکرێت، لە قازانجی هاووڵاتیان و سیستمی حکومڕانی و خودی حزبەکانی پێکهێنەری حکومەتە بۆ هەموو هەرێمی کوردستان، بەڵام هەرگیز ئەو دەردە کوشندانە چارەسەر ناکات کە لە ئێستەدا سەرشانی هاووڵاتیانیان قورس کردووە.
 
بۆیە پێویستە تەنها لە سنورێکی دیاریکراودا ئومێد هاووڵاتی بدرێت لە پرسی لامەرکەزی و سپاردنی زیاتری دەسەڵاتەکان بە دامەزراوەکان لە پارێزگاکاندا، و پێویستە لەو بوارەشدا هێندە ئاستی چاوەڕووانی هاووڵاتیان بەرز نەکرێتەوە کە پاش ماوەیەکی دیکە دیسان بێ ئەومێد ببنەوە کە ببینن لامەرکەزی نەیتوانیوە چارەسەری کێشە گەورەکانیان بکات.
 
*ماستەر لە بەڕێوەبردن و بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی ..

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا