به‌هرۆز جه‌عفه‌ر 16/05/2020 140 جار خوێنراوەتەوە

ڤارۆڤاکیس و قەیرانی دارایی هەرێمی کوردستان

بەهرۆز جەعفەر

وتویانە کاتێک قسە بکە کە قسەکردن لە بێدەنگی باشتر بێت.

تۆ چ هەستێکت هەیە کاتێک کەسێک ئاگرێکی بچوک لە جەستەی کەوتۆتەوە، چەند کەسێک بەهەڵە لە بری ئاوی پیابکەن بەنزینی بەسەردا ئەپرژێنن؟.

تۆ چۆن میللەت و خاکی نیشتمان ئەبینی کاتێک یەکێ ئەیدۆشێت و یەکێکیش شاخی گرتوە!

هەموتان « کەم تا زۆر» قەیرانی قەرزە حکومیەکانی یۆنان تان بیستوە، ئەوەی کە بەتایبەت لەساڵی (٢٠٠٩) ەوە ترس کەوتە ناو وەبەرهێنەرەکان کە حکومەت بە باشی ناتوانێت بە وەفا بێ بەرانبەر پارەکانیان، ئەمە سەرەتاکەی بو، ناوەڕۆکەکەشی ئەوەبو کە بو زیاتر لە (٦) شەش ساڵ کورتهێنان لە بودجەی ساڵانەی یۆناندا بەچڕی دەستی پێکرد، یانی هاوسەنگی ئابوریی نەما، هاوسەنگی لەنێوان زیادەی بودجە، زیادەی وەبەرهێنان وە کورتهێناندا نەما... بە هەزاران هاوڵاتی تووشی خۆکوشتن و بە دەیان هەزار یۆنانی تووشی گرفتی جۆراوجۆربون، ناوچەی یۆرۆی تەنیەوە، ئەوروپا « مێرکڵ بە تایبەتی بوبو بە هیتلەر، بەڵام لەڕێگەی ئابورییەوە گورزی ئەوەشاند نەک سەربازیی».

ساڵی (٢٠١٥) بومەلەرزەیەکی سیاسیی و ئایدۆلۆجیش یۆنانی گرتەوە، کە هەڵە نابێ بڵێین مارکس مردووە گۆڕانکاریی وا، پرسیاری وەها نەکەوتۆتە سەر هێزی معیاریی ( Normative Power) ی ئەوروپا!.

حیزبی ( سیریزا) وەک پارتێکی چەپی رادیکاڵ دەستەڵاتیان گرتە دەست، ئەلیکس تسیبراس بوبە سەرۆکوەزیران، ئەم گەنجە خەریکی مەعمەعەو فەیسبوک و دەستبادان نەبو لەناو یۆناندا.

بەڵێنیدا تا قەیرانەکە چارەسەر نەکات بۆینباخ نابەستێت، یەکێک لە گەورەترین دە بیرمەندە ئابورییەکەی جیهان « یانیس ڤارۆڤاکیس -Yanis Varoufakis» بوو بە وەزیری دارایی یۆنان، یانیس لە بێرمنگهام لە بەریتانیا ماتماتیک و ئابوریی خوێندوە، لە ئوسترالیا ژیاوە، پڕۆفیسۆرە، یۆنانیە و ڕاوێژکاری حکومەتی بەریتانیا بووە بۆ دەربازبون لە تەڵەزگە ئابورییەکان، لە زانکۆی سیدنی لە ئوسترالیا، لە زانکۆکانی ئەسیناو مالف و تەکساس مامۆستا بووە، کتێبی (لەبارەی ئابورییەوە بۆ کچەکەم قسە ئەکەم) ی نوسیوە، ساڵی (٢٠١١) کتێبەکەی ( مینۆتەوری جیهانی- ئەمریکاو ئەوروپاو ئایندەی ئابوریی جیهانی) بە باشترین تێز دەست نیشانکرا بۆ دۆخی ئابوریی لە دوای قەیرانە جیهانیەکەی ساڵی (٢٠٠٨) بەم هەموو تەحەددایەوە، سیریزای یۆنانی نەیانتوانی بنەبڕی قەیرانەکە بکەن، بەڵام بایی ئەوەیان کرد کە تسیبراس بۆینباخ ببەستێت، یانیس وەک ژیانی خۆی سادەبوو، وەک بیروڕای خۆی نەک بۆ بەر کامێرا هەمیشە بە ماتۆڕ هاتوچۆی ئەکرد.

هەرێمی کوردستانی عێراق کەوتۆتە بەردەم خزانێک، لە کاتێکدا بێی بیسمیلای لە قەیرانی دارایی و ئابوریی کردوە، کەچی ڕاوچی و پێشمەرگەیەکی کۆنیان هێناوە دەیکەن بە وەزیر!

فەلسەفە ئابورییەکەی ئەمەیە ( بابە ئێمە نە کەممان کردوە و نە درەنگ هاتوین و باو باپیرمان هەبو بونەو...تاد). ئەمە سیاسەتە سیاسەت! ئەمە ئابورییە، زبڵی پێشکەش بکەی زوخاو و زۆنگاوت نیشان ئەدات.

لە عێراقدس وەزیر لەسەر بنەمای ئەوەیە متمانەپێکراوی حیزب بێ و دە دینار ببات، چواری بۆ حیزب تا بیدەن بە شەڕە جنێوو قسەی ناو میدیا، دوانیش بۆ خۆی، دوانیش بۆ شەریکەکانی، دانەیەکی بەهەدەر ئەچێت، یەک دیناریش بۆ میللەت!.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەیتوانی لەگەڵ کابینەکەی دا یانزە مانگ پێش هاتنی کۆرۆنا خاوە خاو نەکەن و بە داهات و هەمەجۆرکردنی داهات و بەگەڕخستنی جموجوڵە بانکیەکان بچنەوە.

قەیرانەکەی یۆنان لە بنەڕەتدا لە ١٩٩٩ دەستی پێکرد، بەڵام لە ٢٠٠٩ گڕی سەند، لەساڵی ٢٠١٦ ەدا ڕێژەی قەرزەکە گەیشتە ١٧٧ ملیار یۆرۆ، بە دابەزینی خوار سفری تێکڕای گەشەی ساڵانەوە، وای پێویست ئەکرد تا هەستانەوە ٣٥٠ ملیار یۆرۆ بەردەست بخات، ئەوەی تێبینیم کرد لە حکومەتی یۆنانی و هاونیشتیمانیەکانی ئەوە بو کە لە یۆنان حکومەت لە قەیراندا بوو خەڵک ئەژیا، بەڵام لە کوردستان خەڵک لە قەیراندایە و حیزبەکان و وەفدی حکومەت پێ ئەکەنن!!

حیکایەتی ململانێی پەنجا ساڵەی نێوخۆیی کوردستان بیری کادیران و خەڵک ئەخەنەوە، ئەشمەوێ فورسەتی لێ بێنم، ئەوە بڵێم کە ئێستا یۆنان بوەتە بەشێکی ستراتیژیی لە جیۆپۆڵەتیکی ووزەی دەریای ناوەڕاست، کە تەواوی گازی سروشتی قوبرس و ئیسرائیل بە دوورگەی «کریت» ی یۆناندا تێ ئەپەڕێت، هەرێمی کوردستانیش پێویستی بەوە هەیە بیر لەقووڵایی پێگەی جوگرافی خۆی بکاتەوە!.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا