محه‌مه‌د عه‌لی باپیر 10/05/2020 171 جار خوێنراوەتەوە

نامەیەکی کراوە بۆ سەرۆک وەزیران

بەڕێز سەرۆک وەزیران، داواتکرد پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتارێک هەڵبگیرێ لەبەر ئەوەی ناوی تۆی هێنا، وە پارێزبەندیەکە هەڵگیرا؛ لێرەدا، دوێنراوی تۆ بەتەنها ئەندامانی پەرلەمان نین بەڵکو، ئاگایی رامیاری تەواوی گەلی کوردستانە. ئایا ویستی تۆ بوو ئەو پەیامە بگەیەنی کە لەسەروو لێ پرسینەوەی؟

هەڵگرتنی پارێزبەندی ئەو پەیامەی گەیاند کە نەک خەڵک بەڵکو نوێنەرەکانیشیان ئەو مافەیان نیە لێپرسینەوە بکەن، وە پەرلەمان لێرە بەبەرەوە نابێ دەسەڵاتی بەدواداچوون بێ بۆ دەسەڵاتی راپەڕاندن. ئەوە پەرلەمان بوو کە متمانەی بە تۆ دا، وە ئەو رەوایەتیەی کە هەتە لە پەرلەمانەوە وەرتگرتووە، نەک بە پێچەوانەوە. وەک سەرۆک وەزیران، پێویستە ئاشتی لەگەڵ ئەو راستیە دا بکەی کە ئۆپۆزسیون کۆمەڵێک باس دەوروژێین دەکرێ دڵخۆشت نەکەن، بەڵام مەرج نیە بۆ دژایەتی دەسەڵاتی راپەراندن بن بەڵکو بۆ زیاتر کارا کردننی لە وەڵامگۆیی بۆ داخوازیەکانی خەڵک - ئۆپۆزسیۆن بوون واتە چاودێربوون.

تۆ دەسەڵاتی راپەڕاندنی و ئەوان ئۆپۆزسیۆن، ئەوان درێژکراوەیەک نین لە ویست و ئارەزووی تۆ، و ناگونجێ ئەو چاوەڕوانیەت لە ئەوان هەبێ. نامەوێ وا بیرببەم کە تۆ دەتەوێ ئازادیەکانی خەڵک بە ئەندازەیەک سنوردار بکەی بەهای ژیانیان بکەوێتە ژێر پرسیارەوە. هیوادارم ئەم نامەیەت بەدەست بگا؛ تۆ سەرۆک وەزیرانی و دەبێ ڕەوایەتی پێناسی تۆ بێ، وە منیش هاوڵاتیم و ئازادیەکانم پێناسی منن. لەم نیشتمانەدا کە زۆرینەی ڕەهامان لە یەک نەتەوەین، لەگەڵ سۆزی نەتەوایەتی، ئازادای و ڕەوایەتی دەتوانن کۆکەرەوەمان بن، هەر ئەوەش دەبنە پێش مەرجی سەقامگیری بۆ پەیکەرەی دەسەلاتێکی تۆکمە و کوردستانێکی بەهێز.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی محه‌مه‌د عه‌لی باپیر

سەرەتا