رێبین هه‌ردی 08/05/2020 62 جار خوێنراوەتەوە

ڕۆژێکی رەش لە ژیانی پەرلەمان

مێژوو پرە لە درۆ.. زۆرجار مێژوو درۆزنەکان دەینووسنەوە کە بەهەزار فرتوفێل و کرداری دزێو گەمەی دەسەڵات دەنووسنەوە، سەردەمێک ڤاڵتەر بنیامین ڕاستی گووتبوو (مێژوو براوەکان دەینووسنەوە) هەر لەبەرئەوەش پڕ دەبێت لە درۆ و شێواندنی ڕاستیەکان و پیشاندانی ناشرینی وەک جوانی و ژێرکەوتن وەک سەرکەوتن و .. هتد.
لەسەرەدەمی بەعسی عێراقیدا چیرۆکی جەنگە خوێناویەکانی سەدام ئەو بەعسیە درۆزنانە دەیان نوەسیەوە کە گەورەترین شکستەکانی سەدامیشیان وەک سەرکەوتنی گەورە بە خەڵک دەفرۆشتەوە.
نووسەری پێشەکی فارسی کتێبی کۆماری ترس کە سەرنجی ئەم دۆخەی دابوو لەو پێشەکیەدا نووسی بووی: تێکەڵەیەکی سەیرە ئەم خەڵکی عێراقە سەدام رێکەوتنی جەزائیر ئیمزا دەکات خەڵکی وەک سەرکەوتن بۆی هەڵدەپەرن..
سەدام رێکەوتنی جەزائیر لەسەر شاشە ئەدرێنێت و دیسان خەڵکی دەرژێنە سەر شەقام و هەڵدەپەرن.. سەدام کوێت داگیر دەکات خەڵک هەر هەڵدەپەرن، سەدام بەوشێوە ئابروبەرانەیە کوێت بەجێدەهێڵێت.. دیسان خەڵکی دێنە سەرجادە هەڵدەپەڕن بۆسەرکەوتنێک کە بوونی نییە.
مێژوونووسانی بەعس گەورەترین شکستەکانیشیان وەک سەرکەوتن دەنووسیەوە و دەشیانکرد بە وانەیەکی مێژوو کە لە قوتابخانەکاندا دەخوێندرا: سەدام یەکەم سەرۆک عێراقە کە پارێزاگای ژمارەی ١٩ی(واتە کوێتی) گەڕاندەوە سەر عێراق..
کاتێکیش بەوشێوە ئابڕوبەرانەیە لە کوەیت دەرکرا مێژوونووسە بەعسییەکان نووسیان بەهێزترین سەرکردەی عەرەب کە بەرامبەر ٣٦ دەوڵەتی داگیرکەر ڕاوەستا و نەیانتوانی بیڕوخێنن، گەر سەدام لە ٢٠٠٣ دا نەڕوخێنرایە ئێستا هەموو قوتابییەکانی عێراق ئەم شتانەیان وەک وانەی مێژوو دەخوێند و لەبەر دەکرد.
”مێژوو براوەکان دەینووسنەوە” کە هەمیشە پڕە لە درۆ و هەڵخەلاتاندن و ناشرینی، کاتێکیش هۆرکهایمەر پێناسی قوتابخانەی رەخنگرانەی بەمشێوەیە کردبوو ”هەموو ئەو کەسانەی ئەو ڕاستیە دەزانن کە ئە کۆشک و تەلارەکانی ئێستا دروستکراون لەسەر ئیسک و پروسکی هەزران مرۆڤ دروستکراوە”، هەمان بۆچونی ڤاڵتەر بنیامینی بەشێوەیەکی تر دووبارە دەکردەوە، لەپشت کۆشک و تەلارە رازوەکانەوە، ستەمێکی شاراوە هەیە کە بێدەنگ کراوە، هەموو دەستکەوتێک لەقوڵاییدا نوشوستییەکی گەورەی دارمانی مرۆڤایەتی و ئەخلاقیە و بەسەر لاشە و ستەمێکی گەورەدا تێپەڕیوە، مێژوو درۆزنەکان دەینووسنەوە کە ئەرکی سەرەکیان شاردنەوەی رەنج و ئازارە راستەقینەکان و پێشاندانی سەرکەوتنی وەهمی و درۆزنانە، کە تەنیا کۆشکی چەند دەسەڵاتدارێکی ستەمکار دەڕازێنێتەوە.
بەڵام خۆشبەختانە ئێمە لەسەردەمی ڤاڵتەر بنیامیندا ناژین (کە لە چیرۆکی تراژیدیانەی ڕاکردنی لەدەستی نازیەکان لە سەرسنورێکی نێوان فەڕەنسا و ئیسپانیادا و لەترسی دەستگیرکردنی لەلایەن نازیەکانەوە خۆی کوشت) لەسەردەمێکدا ناژین یەک حیکایەتخوان و یەک قسەکەر و یەک مێژوونووسی هەبێت، لەسەردەمی پۆستمۆدێرنداین کە پڕە لە شایەتی زیندوو بەسەر هەموو روداوەکانەوە و حەکایەتەکانیشی بە زمانی جیاواز دەگێرێتەوە، لەسەردەمێکداین مێژوونووسەکانی زۆر و حکایەتخوانەکانیشی زۆرتر، لەپاڵ هەر گێڕانەوەیەکی درۆزنانەی دەسەڵاتەوە بۆ رووداوەکان، دەیان شایەتی راستەقینە رووداوەکە چیرۆکەکە وەک خۆی دەبینن و دەگێڕنەوە و ڕێگە نادەن درۆکانی حەکایەتخوانەکانی دەسەڵات روداوەکە بشێوێنێت.
ئەوەی لەم رۆژانەدا لە پەرلەمانی کوردستان لە سایەی دەسەڵاتی پارتی بەسەر پەرلەماندا روویدا لەوجۆرە روداوانەن لەوجۆرە روداوانەی دەسەڵات حەکایەتی درۆی بۆ دروست دەکات و بە خەیاڵی خۆشی دەتوانێت وەک حەکایەتخوانەکانی سەردەمی بەعس بیکات بە ڕوداوی ڕاستەقینە و خەڵکی پێ هەڵخەڵەتێنێت.
چیرۆکەکەی ئەوان دەڵێت”لەپێناوی یاسادا و بۆ ڕێزگرتن لە یاسا و سەلماندنی ئەوەی ئەندام پەرلەمان لەسەرو یاساوە نیە” پارێزبەندیان لەسەر کاکە سۆران هەڵگرتووە،باشترین بەڵگە بۆ ئەوەی لەسەردەمی دەسەڵاتی پارتیدا چیدی بێ یاسایی قەبوڵ ناکرێت، بەڵام چیرۆکە راستەقینەکە رێک بە پێچەوانەوەیە بۆ سەلماندی ئەوەی سەرەک وەزیران لەسەرو یاسایە و کەس بۆی نییە پێی بڵێت بەری جاوت کلی پێوەیە، دەمی هەموو ئەوانە دادەخەن جورئەت دەکەن ناوی بەڕێزیان بێنن، پێشتر لەسایەی هەمان سەرۆک وەزیراندا و بەناوی یاساوە رۆژنامەنووسێکیان زیندانی کرد و شکات لە دوای شکاتی بۆ ئامادە دەکەن، هەنوکەش نۆرە دێتە سەر ئەو کەم ئەندام پەرەلەمانانەی دەوێرن قسەیەکی هەق بڵێن.
ڤاڵتەر بنیامین بەدروستی نووسیبووی”هچ بەڵگەیەکی شارستانی نیە، بەڵگەی بەربەریەت نەبێت”، لەراستیدا ئەم دەنگدانەی پەرلەمان رێک ئەو قسەیەی ڤاڵتەربنیماینمان بیر دەخاتەوە، بەڵگەیەک کە بەروکەش بۆ سەلماندنی سەروەری یاسایەوە بە ناوەڕۆکیش دوا پلەی بەربەریەتە.
لەسەرەتای ڕێکەوتنی گۆران و پارتیدا و لەیەکەم رەخنەم لەو رێکەوتنە کە تۆمارەکەی لە کەناڵی ئین ئارتی ماوە، گوتم: کارەساتی ئەم رێکەوتنە ئەوەیە ئەمجارە پەرلەمانیشیان تەسلیمی پارتی کردکاتێک سەرۆکایەتی پەرلەمانیان پێشکەش بە پارتی کرد بەناوی ئەوەی کورسیەک بۆ کەمە نەتەوەیەتیاکان بێت، کە هەموو دەزانین کەمە نەتەوەیەکان ناوێکی ترە بۆ گوێڕایەڵەکانی پارتی.
ئێستا ئیدی بەتۆپزی دەرکەوت و لات بە پەرلەمان و هەمویەوە لە دەست پارتیە و لە حوکمی ئەوانیشدا ئەوەی خزمەکار و بەردەستی بنەماڵەکە نەبێت، خائین و خۆفرۆشە و هەر بەناوی یاساشەوە لە زیدان دەکرێت و هەر بە دادگاش حوکم دەدرێت.
لە سایەی پارتی و بەدیاریکراوی لە حوکمی سەرەک وەزیرانی ئێستادا، هەموو خۆمان بۆ زیندان و سەرکوت و ئەشکەنجە و هەموو جۆرە ناوزڕاندنێک ئامادە بکەین، ئەمرۆ نۆرەی کاک سۆران بوو، سبەی هەمومان دەگرێتەوە.. لە سایەی پارتی و حکمڕانی کاک مەسروردا رەشترین سەردەمەکانی حوکمرانی دەبینین و ئەمەی کراو دەکرێت، تەنیا دەستپێکی قۆناغێکی تاریکە کە بەخوێن و ئەشکەنجە و توقاندن دەنووسرێتەوە، بەڵام بێگومان خاڵی نابێت لە بەرگری و خۆڕاگری و بەردەوام نا وتن بە دەسەڵاتێکی وا ناشرین، کە بەس زمانی زیندان و سەرکوتکردن دەزانێت.
سەردەمی مەسرور بارزانی لە سەردەمە هەرە تاریک و ناشرینەکانی حوکمڕانی هەرێم دەبێت، کە تیایدا حوکمڕانەکانی پێشوو وەک حوکمڕانی زۆر کراوەتر و لێبوردوو تر دەردەکەون، سەردەمی مەسرور سەردەمی گرتن و زیندانکردن و ئەشکەنجە و دەمکوتکردن و بە کارتۆنیکردنی پەڕلەمان و هەموو دەزگاکانی ترە، سەردەمێکی تاریک دەژین کە پێشهاتەکانی زۆر گەورەتر دەبێت لەمەی کە روویدا، لابرنی پارێزبەندی کاکە سۆران سەراتەیەکی بچوکە بۆ قۆناغێکی درێژی سەرکوتکاری کە بەڕێگەوەتە هەموان توشی کێشە و سەرئێشە بکات.
ئەمڕۆ هەمووان بە حزب و رێکخراو و هەموو دەنگێکی ئازادەوە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەوەرەدان، یان ئەوەتا بەر بەم بەربەریەتە دەگرن کە بەناوی یاساوە گەورەترین گاڵەتەجاڕی بەیاسا و دەزگاکان دەکات، یان هەمووان وەک کاک سۆران بەناوی یاساوە چی پێشێلکاریە بەرامبەرمان دەیکەن.


لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا