عه‌بدولستار مه‌جید 19/04/2020 800 جار خوێنراوەتەوە

گرژییەکانی زینووی وەرتێ دەرەنجامە ! تەنها ڕێگەچارەی دەربازبوونمان چیە ؟!

عه‌بدولستار مه‌جید

گرژییەکانی ئەمدواییەی "زینی وەرتێ" لەوە گەورەتر و قوڵترە کە پەیوەندی بە ناکۆکی پارتی و یەکێتی لەلایەک و پارتی و پەکەکە لەلایەکی دیکەوە هەبێت، بەڵکو ڕەهەندێکی ئیقلیمی هەیە و بەشێکیشی پەیوەستە بە بەرژەوەندی هەندێ وڵاتی زلهێز و دەستوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی !.
بەڵام بەکورتی بەرژەوەندی کورد وەک نەتەوە و کوردستان وەک خاکێکی دابەشکراو و پارچە پارچەکراو کە هەر پارچەیەکی لەبندەستی وڵات و ڕژێمێکدایە، لە ئاژاوە و شەڕ و ناکۆکی و گرژی دروستکردندا نیە .
ئەوەندەی پەیوەندی بە باشوری کوردستانەوە هەیە کە لە ساڵی ١٩٩٤ تا ساڵی ٢٠٠٠ گیرۆدەی شەڕی ناوخۆ بوو کە زیاتر لە ٣٠ هەزار کەسی تێدا بۆتە قوربانیی، زیانی گەورەی پێگەیشتووە .
ئەمەی ئێستا ڕوودەدات دەرەنجامی ناکۆکی سێ هێزی سیاسییە کە هەریەکەیان ناوچەی جێنفوز و هێزی چەکداری تایبەتی بەخۆی هەیە و ناکۆکییەکانیشیان ڕەگوڕیشەی قوڵی هەیە ! لەپێناو کۆنترۆڵکردنی گرد و دۆڵێکدا دەیان کەسیان لەیەکتری کوشتووە !
بەڵام ئایا ئەو گرد و تەپۆڵکە و شوێنانەی ئەمانە خەڵکیان لە پێناودا بەکوشتدا ئێستا لەژێر دەستی کێدایە ؟!
بۆیە بەپێویستی دەزانم کە هەموو هێزە سیاسییەکان بەتایبەتی لەم قۆناغە سەختەدا، دەست لە گرژی و ناکۆکی ئاژاوە نانەوە هەڵبگرن، میللەتی ئێمە چیتر بەرگەی شەڕ و ماڵوێرانی ناگرێت و هیچ هێزێکیش چاوەڕێی ئەوە نەکات کە خەڵک وەک ساڵانی نەوەدەکان و پێشتر خۆی بەکوشت دەدات لەپێناو بەرژەوەندی ئەواندا !
تەنها ڕێگەچارەش بۆ بەرگرتن لە هەڵاوسانی ناکۆکییەکان، دروستکردنی (ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی) یان بەستنی (کۆنگرەی نەتەوەیی)ـیە کە لە ڕابردوودا بەهۆی پاوانخوازیی و هەوڵی لایەنێک بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی بەسەر ئەوانی دیکەدا کۆنگرەکەی لەباربرد !
ئێستا لەهەمووکات زیاتر پێویستمان بەو کۆنگرە یان ئەنجومەنە نەتەوەییە هەیە کەلەسەر ئاستی هەرچوار پارچەکەی کوردستان پێکبهێندرێت، هەتا هەموو ئەو بڕیارە چارەنوسسازانەی پەیوەستن بە نەتەوەی کورد لەم ناوچەیە ئەو بیدات و خەڵک و خاکی کوردستانیش دووربخاتەوە لە مەترسی و هەوڵی پێکدادان و شەڕ و ئاژاوەی نێوان هێزە سیاسییەکان !

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی عه‌بدولستار مه‌جید

سەرەتا