دانا دارا 18/03/2020 594 جار خوێنراوەتەوە

بەرپرسیاریەتی یاسایی لە بڵاوكردنەوەی پەتای ڤایرۆسی دا

گومانی تێدا نیە كە هەردوو تەندروستی و نەخۆشی دوانەیەكی دژ بەیەك پێك دەهێنن و هەوڵی چارەسەركردن و بەرگری لە بڵاوبونەوەی ئەو جۆرە نەخۆشیانە بەتایبەت ئەوانەی لەجۆری پەتان ئەركێكی گەورەی دەسەڵاتداران لەلایەك و هاوڵاتیانیش لەلایەكی دیكەوەیە .

ئەم پرسەش بەتەواوەتی پەیوەستە بەیەكێك لە هەرە مافە گەورەكان كە ئەویش مافی ژیانە , بەشێوەیەك ئەم بابەتە گرنگە لە تەواوی جاڕنامە و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و دەستوری وڵاتان و یاسا نیشتیمانیەكان , بەش و ماددەی سەربەخۆی بۆ تەرخان كراوە , نمونەی وەك لە ماددەی 25 لە جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ ساڵی 1948 , هەروەها لە ماددەكانی (7 تا 12 ) ی عەهدی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافە ئابوری و كۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریەكان ساڵی 1966 بۆ ئەو مافە تەرخان كراوە , هەروەها لە ماددەی 31 لە دەستوری كۆماری عێراق ساڵی 2005 هاتوە كە ( هەموو عێراقیەك مافی چاودێری تەندروستی هەیە , و دەوڵەت گرنگی دەدات بە تەندروستی گشتی و پێداویستیەكانی و خۆپارێزی و چارەسەركردن دابین دەكات لەڕێگەی بنیاتنانی نەخۆشخانە و دام و دەزگاكانی تەندروستی جۆراوجۆرەوە .....) .

كەواتە مافی سەلامەتی لاشە یەكێكە لە پایە سەرەكیەكانی مافی تەندروستی , هەربۆیە ئەو پابەندیە دەكەوێتە سەر نەخۆش و لەش ساغەكانیش بە پابەندیەكی ئاینی و قانونی و ڕەوشتی و مرۆڤانە , كەنابێت ئەو پەتایە بگوازنەوە بۆ كەسانی دی تر بەشێوەی ئەنقەست یاخود بێ‌ مەبەست , ئەگینا بەرپرسیاریەتی تاوانكاری و سزادانیان دەكەوێتە ئەستۆ .

بەندە لەم كورتە نوسینەدا بەرپرسیاریەتی یاسایی و سزای تاوانەكە بە تایبەت لەسەر بڵاوكردنەوە یان خۆشاردنەوە یاخود توش كردنی كەسانی تر دەخەمە ڕوو :

1- بە ئەنقەست توش كردنی كەسێك بە پەتا كە بەهۆیەوە ببێتە مایەی گیان سپاردنی , ئەوا كەسەكە حوكمی كوشتنی بە ئەنقەستی هەیە كە سزاكەی بەپێی ماددەی 405 لەیاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ساڵی 1969ی هەموار كراو و بەركار لە هەرێم دا بریتیە لە سزای بەند كردنی هەتاهەتایی یان بەند كردنی كاتی .

2-  وە ئەگەر دەست درێژی كارەكە نییەتی كوشتنی نەبێت بەڵام ببێتە هۆی مردنی كەسەكە , ئەوا بەپێی حوكمی ماددەی 410 لە یاسای سزادانی عێراقی سزا دەدرێت كە بریتیە لە بەند كردن بۆ ماوەی 15 ساڵ .

3-  سەبارەت بەوانەی كە مەترسی دروست دەكەن بۆسەر تەندروستی گشتی و زیان دەگەیەنن بە هاوڵاتیان , جا خۆی توش بوبێت یان بیشارێتەوە یان پابەند نەبێت بە ڕێكارە پیشەییە تەندروستیە مەترسی دارەكان , ئەوا حوكم دەدرێت بە پێی ماددەی 368 لەیاسای سزادانی عێڕاقی كە بریتیە لە حەبس كردن بۆماوەی 3 ساڵ .

4-  وە هەركەسێك بەهۆی هەڵەیەكی خۆی ( پزیشكی یان كەسانی ئاسایی ) ببێتە هۆی بڵاوبونەوەی نەخۆشیەكی مەترسیدار كە زیان بە ژیانی كەسەكان بگەیەنێت , ئەوا سزا دەدرێت بە پێی ماددەی 369 لە یاسای سزادانی عێراقی بە حەبس كردن بۆ ماوەیەك كەلە ساڵێك زیاتر نەبێت یان بە پێبژاردنێك كە لە 100 دیناری عێراقی زیاتر نەبێت , (بە تێبینی ئەوەی كە سەرجەم سزا ماڵیەكان كە لەیاسای سزادان هاتون بە پێی گۆڕینی نرخ و بەهای پارەی عێڕاقی گۆڕاوە ) .

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا