نهوشیروان حسێن سهعید
13/03/2020
846 جار خوێنراوەتەوە
سەربازی ون... شایەتییەک بۆ مێژوو!
ماوەیەک بوو دەمویست سەربازێکی ونتان پێ بناسێنم کە نزیکەی مانگ و نیوێکە لە سەنگەری پێشی پێشەوەی شەڕی ڤایرۆسی کۆرۆنایە لە سلێمانی، بەڵام ویستم پێش نووسین قسەیەک لەگەڵ ئەو سەربازە ونەدا بکەم تا هەم هەندێ پرسیاری لێبکەم و هەم ڕوخسەتی لێبخوازم بۆ باسکردنی هەندێک وردەکاری ژیانی.
دوێنێ، دوای سەعات ١٠ی شەو بەکاتی کوردستان، ئەو دەرفەتە ڕەخسا، ئەو بە حوکمی لە نزیکەوە کارکردن لەسەر ڤایرۆسەکە، ڕۆژانە بۆ چەندین سەعات، دوو کەمامە دەبەستێت، ئەوکاتەی قسەم لەگەڵ کرد، تازە لە دەوام تەواو بوو بوو، وەکو دکتۆرە چینییەکان، شوێنی دەمامکەکان لەسەر دەموچاوی دیاربوون!
ئەو سەربازە ونە، مرۆڤێکی هێمن و لەسەرخۆ و ڕووخۆشە، زیرەک و ورد و بە توانا، ئەو دکتۆرێکی ڤێتێرنەرییە کە دکتۆراکەی لە بەشی ڤێتێرنەری زانکۆی لیڤەرپوڵ لەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنا نووسی، لەوکاتەی کە کۆرۆنا تازە لە چین بڵاوبووبووەوە، کۆمەڵێک زانیاری وردی بۆ باسکردم کە ئیتر هەر زوو تێگەیشتم جیهان لە بەردەم مەترسییەکی گەورەدایە، ئەو دکتۆرە، ڕۆژی ٣١/١/٢٠٢٠ لە بەریتانیاوە گەڕایەوە کوردستان، ئەو کاتەی کە باس باسی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ترسی بڵاوبوونەوەیەتی لە جیهاندا، ڕێک لە کاتی خۆیدا!
لە سەرەتای مانگی دوو، کۆبوونەوەیەکی گرنگ و فراوان ئەنجامدەدرێ لە شاری سلێمانی بۆ چۆنێتی خۆ ئامادەکردن بۆ ڕووبەڕووبوونەی کۆرۆنا، شپرزەیی و جۆرێک لە ترس و حەپەسان باڵی بەسەر کۆبوونەوەکەدا کێشاوە، نازانن چۆن خۆیان بۆ ئەم هەڕەشە ئامادە بکەن، بەڵام پێشبینی دەکەن درەنگ یان زوو ڤایرۆسەکە دەگاتە کوردستانیش، لەوکاتەدا د.پێشنیار تەلەفۆن بۆ سەربازە ونەکەمان دەکات، دەڵێت تۆ لە کوێیت؟ نەگەڕایتەوە؟ دەڵێ بەڵێ گەڕاومەتەوە و لە سلێمانیم، دەڵێ بە زووی خۆت بگەینە ئەو کۆبوونەوەیە، دەبێت تۆ لەوێ بیت.
کە دەگاتە ئەوێ، دیارە هێشتا گفتوگۆ گەرمە و بەڵام ئامادەبووان نەگەیشتونەتە هیچ دەرەنجامێکی دیاریکراو. ئیتر لەوێدا سەربازە ونەکە (د.زانا) وەکو زانایەکی بواری ڤایرۆسی کۆرۆنا و وەکو فریادڕەسێک، بە چەند سەرنجێکی کورت و پوخت بەڵام گرنگ و پڕ بایەخ بەشداری دەکات و بە ئامادەبوان دەڵێت: هاوڕێیان بەپێی ئەو ئەزموون و شارەزاییەی کە من هەمە، هەنگاوی یەکەم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە مەترسیدارە بریتییە لە دامەزراندنی تاقیگەیەک بۆ پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە زووترین کات، بەبێ بوونی تاقیگەیەک، هیچی ئەوتۆمان پێناکرێت و ئەگەری هەیە ڤایرۆسەکە زۆر بە خێرایی بڵاوبێتەوە و لە کۆنترۆڵ دەرچێ.
گەرچی ئامادەبووان هاوڕا بوون و بە پەرۆشەوە بە دوای ڕێگا چارەیەکدا دەگەڕان، بەڵام هەندێکیان پێیانوابوو کە چین بەو زەبەلاحی و بەو توانا گەورەیەی خۆیەوە دۆشداماوە بە دەست ئەم ڤایرۆسەوە، ئەبێ هەرێمی کوردستان چیی پێبکرێت؟ پرسیاری سەرەکی هەندێک لە ئامادەبوان ئەوەبوو، ئاخر چۆن تاقیگەیەکی لەو شێوەیە دروستکەین؟ د.زانا و چەند ئامادەبوویەکی دیکە دەزانن کارەکە قورسە، بەڵام ئەستەم نییە، دەشزانن هەرچۆنێک بووە دەبێت شتێک بکەن، ئەگەرنا هەڕەشەکە لە بەردەم دەرگایە و هاکا خۆی کرد بە ژوورا، بۆیە جگە لە ڕووە زانستییەکە، کار لەسەر دروستکردنی متمانە و بڕوابەخۆبوون و ئومێد دروستکردن دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە خۆیان بە کەم نەزانن.
بە ئامادەبووان دەڵێت کە ئەگەر هەموو لایەک هاوکاری یەکتری بکەین، دڵنیام دەتوانین لە ماوەیەکی کەمدا ئەو تاقیگەیە دروستکەین. ئیتر هەم شارەزایی و هەم متمانە وبڕوابەخۆبوونی د.زانا دەبێتە خاڵی وەرچەرخان و گۆڕانکاری بەسەر کەشی کۆبوونەوەکەدا دێنێت و ئاهێک بە بەر ئامادەبواندا دێنێتەوە، د.زانا پرۆپۆزەڵێک ئامادە دەکات و لە ژێر سەرپەرشتی تەندروستی سلێمانی و پاش دابینکردنی چەند ئامێر و پێداویستییەک لە لایەن 'نەخۆشخانەی هیوا و نەخۆشخانەی شار و سەنتەری هەست و جگەر و مختبر مرکزي'، لەگەڵ د.پێشنیاری هاوڕێی و کاک مازنی بەرپرسی تاقیگەکانی سلێمانی و ستافێکدا شەو و ڕۆژ دەخەنە سەر یەک، تا لە پاش نزیکەی ٢٢ ڕۆژ، دەتوانن تاقیگەکە ئامادە بکەن، دامەزراندنی تاقیگەکە لە ماوەیەکی قیاسی کەمدا هیوا و ورەیەکی زۆر بۆ هەرێمی کوردستان بەگشتی و دەڤەری سلێمانی بەتایبەتی دروست دەکات، لە سەرجەم هەنگاوەکانیشدا، د.صهباحی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، هاوکارێکی دڵسۆزو جددییان دەبێت.
بەو جۆرە تاقیگەکە دەکەوێتە کار، د.زانا دەڵێت ئێستا ئیتر کاتی کارکردن و عەمەلە، نەک قسەکردن، ئیتر دوور لە خۆ نواندن و هەرای میدیا و فەیسبوک، لەگەڵ هاوکارەکانی ورد ورد خەریکی کارکردنن لە سەنگەری پێشی پێشەوەی شەڕی بەگژاچوونەوەی کۆرۆنا. ئەگەر زوو فریای تەشخیصکردنی ئەو چەند حاڵەتەی نەکەوتنایە، ئەوا ڤایرۆسەکە تا ئێستا سەدان کەسی دیکەی تووشکردبوو، هەوڵ و ماندووبوونی دکتۆر زانا و ستافە هاوکارەکەی وایانکرد کە بۆ یەکەمینجار هەرێمی کوردستان بکەوێتە پێش چەندین وڵاتی ئەوروپی، لانی کەم تا ئەم چرکە ساتە، ئەوەی کراوە تا ئێستا سەرکەوتنێکی گەورەیە.
د.زانا دەڵێت هەتا ئەم ساتە لە قۆناغی کۆنترۆڵ کردنداین (لەکاتێکدا چەندین وڵاتی پێشکەوتوو خۆیان دان بەوەدا دەنێن کە ڤایرۆسەکە لە کۆنترۆڵدا نەماوە و بە خێرایی بڵاودەبێتەوە). لەوەش گرنگتر ئەوەیە کە باری تەندروستی هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی، تا ئێستا زۆر جێگیرە، پەیامی د.زانا ئەوەیە کە دەبێت هەموو لایەک هەوڵدەین لەم قۆناغەدا بمێنینەوە، ئەوەش تەنها بە خۆ پاراستن و پابەندبوون دەبێت بە ڕێنماییەکان.
پەیامی ئەو ئەوەیە کە ئەم ماوەیە ئارام بگرین، کەرەنتینە زیندان نییە بۆ کەسێک کە پێویستی پێی بێت، بەڵکو بۆ پاراستنی خۆیان و کۆمەڵگەیە لە ڤایرۆسەکە (گەرچی دانی بەوەدا نا کە هەڵەیەکی ئیداری لەو بارەیەوە کرا، دیارە بێ ئاگاداری ئەو)، دووپاتیشی دەکاتەوە کە 'خۆ پاراستن باشترە لە چارەسەر'، دەڵێ ئامانجمان ئەوەیە کە بتوانین لەم قۆناغەدا بمێنینەوە، ئەگەر بەو جۆرە بمێنینەوە ئەوا دواجار هەموومان پێکەوە ئاهەنگی سەرکەوتن دەگێرین و بۆ یەکجاریش بووبێت ئەو شانازییەمان پێدەبڕێ کە لە وێستگەیەکی گرنگی مێژوویدا، بووینە پێشەنگ و پێش چەندین وڵاتی پێشکەتوو کەوتین.
ڕاستە کە د.زانا و هاوکارەکانی لە تاقیگەی پشکنین و بەشەکانی تر، بەوپەڕی جدیەت و لێبڕانەوە لە کارکردندان، بەڵام دواجار توانای ئەوانیش سنوردارە و ئەگەر خەڵک پابەندی رێنماییەکان نەبێت، ئیشەکە لە دەستی ئەوانیش دەردەچێت.
فەرموون لەگەڵ هەندێ وردەکاریی دیکە:
1- گەرچی د.زانا یەکێک بوو لە تەلەبە هەرە زیرەک و جدییەکان لە بوارەکەی خۆیدا، کە بەشی پزیشکی ڤێتێرنەرییە، کەچی لە جیاتی پاداشت، دەیانجار دژایەتیکراوە. خۆ ئەگەر تواناسازی نەبوایە، ڕەنگە هەرگیز لەو کوردستانە بۆ دکتۆرا وەرنەگیرایە!
2- لە چوارچێوەی بەرنامەی تواناسازیدا، دکتۆرای لە بەشی ڤێتێرنەری زانکۆی لیڤەرپوڵ خوێند، وەکو هەمووان دەزانین، پاش نزیکەی دوو ساڵ، چەندین بەربەست بۆ بەرنامەکە دروستکرا، بەهۆی دواکەوتنی کرێی خوێندنەوە، ٣ جار زانکۆی لیڤەرپوڵ ئەکاونتەکەی د.زانای وەستاند، ئەگەر سەرپەرشتیارە ئینگلیزەکەی نەبوایە، ڕەنگە ئیتر لەم سەردەمی ڤایرۆسەدا، د.زانایەکمان نەبوایە!
3- د.زانا لەگەڵ تیمێکی توێژەرانی زانکۆی لیڤەرپوڵ دوو جار نێردرا بۆ سعودیە، جارێک وەکو توێژەر و جارێک وەکو ڕاهێنەر تا ڕاهێنان بە توێژەرانی سعودیە بکات، بەڵێ لەناو کورددا زۆر کەسی وەکو د.زانا هەن کە ئەگەر لە شوێنی شیاوی خۆیان دابنرین، ئەوا هەریەکە و لە بوارەکەی خۆیاندا دەتوانن ببنە پیشەنگ و خزمەتی گەورە و جدی پێشکەش بکەن.
4- سەرپەرشتیارە ئینگلیزەکەی لە زانکۆی لیڤەرپوڵ، هێندە سەرسامی توانای زانستی و ئەخلاقی بەرزی د.زانا دەبێت کە زۆرجار مەوادە گرانبەهاکانی تاقیگەکەی خۆی دەخاتە بەردەست د.زانا تا کاری لەسەر بکات، پاش تەواوکردنی دکتۆراکەش، بە سەرسامییەوە پێیدەڵێت: سەرەڕای ئەو هەموو بەربەستەی کە لە ماوەی خوێندنی دکتۆراکەتدا رووبەڕووت بوویەوە، بەلام تۆ هەر کۆڵت نەدا و سەرکەوتوو بوویت، بۆیە پێویستت بەوەیە کە ئیتر پشوویەک وەرگریت، پێموایە باشترین پشوو ئەوەیە کە گەشتێکی ڕوحی بکەیت! هەربۆیە لەسەر حسابی خۆی دەینێرێت بۆ حەج!
من تا ئەم ساتە شتی وام لە هیچ شوێنێک نەبیستووە، بەڵام ئەوەتا ئاستی زانستی و ئەخلاقی بەرزی کوردێک، پرۆفیسۆرێکی ئینگلیز هاندەدات کە بەو جۆرە ڕێزی لێبگرێت. ئەوان ئاوا ڕێز لە مرۆڤە بە تواناکان دەگرن، با ئێمەش قەدری مرۆڤە جوانەکانی خۆمان بگرین.
5- ئەو کاتەی کە فەتوا سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا درا، من زۆر دژی بووم، چونکە پێموابوو لە مەسەلەی فەتوادا دەبێت پرس بە کەسانی پسپۆر بکرێت 'فاسالوا اهل الذکر ان کنتم لا تعلمون'. من دەمزانی ئەهلی ذیکر لەم بابەتەدا، د.زانایە نەک چەند مەلا و مامۆستایەکی ئاینی کە ڕەنگە تا ٢ مانگ لەمەوبەر وشەی کۆرۆنایان نەبیستبێت!
6- بەڵام لەگەڵ ڕەخنەگرتن لە بیرکردنەوە و هەڵسوکەتی نا بەرپرسانەی هەندێک موسوڵمانی موتەدەین، ئەوە بزانن کە د.زانا وەکو زانایەکی موتەدەین و بە ئەخلاق ڕۆژانە چەندین سەعات لە ناو تاقیگەیەکدا لەگەڵ ئەو ڤایرۆسەدا دەژی و ژیانی خۆی کردۆتە بەردەم مەترسییەکی گەورە (کە ئەگەر بیویستایە دەیتوانی ببێتە ئەستێرەی سەر شاشەکان لەم کاتەدا، چونکە لە هەموان شارەزاترە. یان لانی کەم دەیتوانی لە ئەوروپا بمێنێتەوە و خۆی تووشی ئەو مەترسییە نەکات).
ئەو دەیوت ئەو جارەی کە لە یەک ڕۆژدا تێستم بۆ سامپڵەکانی ١١٦ کەس کرد کە لە کەرەنتینەدا بوون، سەرەڕای شەکەتبوونێکی ئێجگار زۆر، بەڵام هێندەی ١٠ حەج دڵم بەو کارە خۆشبوو، بۆیە ئەگەر لە هەڵسوکەوتی هەندێک موسوڵمانی موتەدەین توڕەین، بەڵام دەبێت ئەم دیوەش ببینین، ئاخر تۆ ئەگەر مولحید و بێدینیش بیت، لەمکاتەدا بە واقیعی دەبێت لە دڵەوە هیوای سەرکەوتن بۆ حاجی دکتۆر زانا و هاورێکانی بخوازیت، چونکە ڕەنگە خۆت یان کەسوکارەکەت دواجار پێویستتان پێیبێت.
دوێنێ کە قسەم لەگەڵ کرد و گوتم دەمەوێت شتێکت لەسەر بنووسم، چەندینجار تەئکیدی کردەوە کە حەزی لە مەدح و پیاهەڵدان نییە، منیش سووربووم لەسەر ئەوەی کە هەر دەبێت شتێک بنووسم، لەلایەکەوە وەکو هاوڕێیەک و ئەرک و پێزانینێک بۆ هەوڵ و ماندووبوونەکانی، لە لایەکی دیکەشەوە، بۆ ئەوەی کە ئەگەر خوایکرد بە سەر کۆرۆنادا سەرکەوتین، ئیتر وەکو ڕاپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ سەد خاوەنی بۆ دروست نەبێت.
با لە ئێستاوە هەموو کەسێک بزانێت کە ئەندازیار و بڕبڕەی پشتی شەڕی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەتایبەتی لە سلێمانیدا، د.زانا حمید محمودە. ئەو سەربازە ونەی کە نابێت ناوی بە ونی بمێنێتەوە!
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی نهوشیروان حسێن سهعید