سه‌ردار عه‌زیز 10/03/2020 142 جار خوێنراوەتەوە

شەڕی نرخی نەوت

لە ئێستادا لە دونیادا نرخی نەوت بە شێوەیەکی زۆر خێرا و دراماتیکی دابەزیوە. ئەمە چەند هۆکارێكی هەیە لە خوارەوە بە کورتی ئاماژەیان پێئەدەین.

یەکەم، بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەکاربردنی نەوت لە دونیادا بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمی کردوە. وڵاتانی ئۆپێک پلەس کە بریتیین لە وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک لە گەڵ ڕوسیادا. وڵاتانی ئۆپێک بریتین لە جەزائیر، ئەنگۆلا، کۆنگۆ، گینیا، گابۆن، سعودییە، ئیمارات، عێراق، کوێت، نایجیرییا. ئایدیای ئۆپێک وەک کارتێڵێک ئەوەیە کە بتوانێت بڕ و نرخ کۆنترۆڵ بکات. چونکە نرخ پەیوەستە بە بڕەوە، ئەوا ئەگەر بتوانیت بڕ کۆنتۆڵ بکەیت نرخیش بە پێی بازاڕ کۆنترۆڵ دەکەیت. ئەمە بە لە بەرچاوگرتنی هەبونی نەوتیش لە دەرەوەی وڵاتانی ئۆپیک، لە سەروی هەمویانەوە ئەمریکا.

دووەم، ڕۆژی پێنجشەممە و هەینی ڕابوردوو، وڵاتانی ئۆپیک پڵەس، کۆبونەوە و بڕیار وەهابوو کە بڕی سێ ملیون و شەسەت هەزار بەرمیل لە بازاڕدا کەمبکەنەوە. داوا کرا لە ڕوسیا، لە زیاتر لە دە ملیون بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنێت، بری ملیون و نیوێک بەرمیل کەم بکاتەوە، بەڵام ڕوسەکان بەمە ڕازی نەبوون.

سێ، چەندین هۆکار لە ئارادان کە بۆچی ئۆپیک پڵەس لە ڕێساکانی لایاندا. بە پێی ڕێساکان، دەبوو ئەگەر وڵاتێکش ناتوانێت یان نایەوێت لە ئێستادا بڕ کەمبکاتەوە، ئەوانیتر، بڕەکە کەمبکەنەوە بۆ ئەوەی نرخ دانەبەزێت و شەڕی نرخ نەیەتە ئاراوە.
بەڵام ئەمجارە، بە هۆی بونی کەسایەتییەکی نوێ لە سیاسەتی سعودی، محه‌مه‌د بن سەلمان، کە بەوە ناسراوە کە حەزی لە نمایشی دەسەڵات و سەرکێشییە، بە ئاراستەی پێچەوانەدا چوو. ڕوسەکانیش ئەوەیان پێ قبوڵ نیە کە کەڵەگاییان بە سەرەوە بکرێت. بۆیە ڕوسەکان ووتیان لە مانگی چوارەوە هەرکەس بە ئارەزوی خۆی بڕی خۆی بەرهەم بهێنێت. لە بەرامبەر ئەمەدا سعودییەکان دەیانەوێت نرخ وەها لێبکەن کە ڕوسەکان نەتوانن بەرگەی بگرن و ناچارییان بکەن بێنەوە سەر مێزی دانوستان. بەڵام بۆ ئەوەی ئەمە ڕوبدات دەبێت سعودییەکان سیاسەتی دانوستانیان بگۆڕن. ئێستا بە عەقڵیەتی قبوڵی بکە یان وازی لێبهێنە کار دەکەن، کە بۆ ڕوسەکان قابیلی قبوڵ نیە.

چوارهەم، ڕوسەکان تەنها لە مامەڵەی سعودییەکان قەڵس نین، بەڵکو لە هەمانکاتدا لەوە بێزارن کە دەڵێن کاتێک ئەوان بری نەوتیان کەم دەکەنەوە دەستوبرد کۆمپانیا ئەمریکییەکان بڕەکە پڕ دەکەنەوە. نەوتی ئەمریکی نەوتی بەردینە، شێڵ. سروشتی ئەم نەوتە وەهایە کە تێچونی زۆرە، بۆیە بە نرخی کەم ناچارە لە بازار بکشێتەوە یان ئیفلاس بکات. ڕوسەکان بە هیوان ئەمریکیەکان ئیفلاس بکەن. بەڵام شارەزایانی بازاڕ ئاماژە بە ئەوە ئەدەن ئەمە کاتێک دەبێت کە ٢٠٢٠ کۆتایی پێبێت، ئەمەش ئەستەمە ڕوسیا بتوانێت بەرگەی بگرێت.

پێنجەهەم، گەرچی بۆ ئەمریکا، بە تایبەتی بۆ دەنگدەری ترەمپ وەها باشە کە نرخی نەوت کەم بێتەوە. دەنگدەرانی ترەمپ بە ئاستێکی زۆر دژ بە ئۆپێکن. بەڵام لە درێژخایەندا لە دوو ئاستدا زیان بە ئیدارەی ترەمپ دەگەیەنێت، یەکەم دابەزینی نرخی نەوت دەبێت هۆی دابەزینی بەهای زۆر لە کاڵاو ئاماژە ئابورییەکانی تر. لە هەمانکاتدا نزیکەی دە ملیون کەس بێکار دەبن بە تایبەتی لە ولایەتی تەکساس و دێکۆتای باکور.

شەشەم، نرخی نەوت ڕێسا و مێژووی خۆی هەیە. لە کاتی دابەزینی نرخی نەوت، بڕی نەوت زۆر بەکاردەبرێت هەروەها لە ماوەیەکی دیاریکراودا، زۆر بەرهەمهێن ناتوانن بەرهەم بهێنن، وەک نەوتی بن دەریا، نەوتی لماوی، نەوتی بەردین لە ئەنجامدا بڕی نەوت کەم دەکات و نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە. بەڵام ئەمە پێویستی بەوە هەیە وڵاتانی نەوتفرۆش بتوانن بەرگەی نزمی نرخ بگرن بۆ پڕکردنەوەی بودجەیان.

حەوتەم، ئایا وڵاتانی نەوتی دەتوانن چی بکەن؟ وەک باوە زۆربەی وڵاتانی نەوتی لە کاتی قەیران قەرز دەکەن بۆ پڕکردنەوەی کەمی داهاتیان. لە هەمانکاتدا وڵاتان ناچارن ئۆستریتی یان تەقەشوف بکەن، بە تایبەتی لە بوارە ناپێویستەکاندا. بەڵام چارەسەری درێژخایەن ئەوەیە کە داهاتی نەوت لە دەرەوەی داهاتی نانەوتی بێت. داهاتی نەوت بۆ دروستکردنی بواری نانەوتی بێت، ئەگینا وڵات هەمیشە لە هەڵبەز و دابەزدا دەبێت.

هەشتەم، هەریـی کوردستان لە وڵاتانی تر لاوازترە بۆ مامەڵە لە گەڵ یاری و هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت، چونکە بە ئاسانی ناتوانێت قەرز بکات. گەر قەرزیش بکات توانای بژاردنەوەی نیە، بۆیە زۆت لە سەری دەکەوێت. هەرێم دەبێت بیر لە سیستەمی ئابوری بکاتەوە کە نیەتی ، بیر لە سیستەمی دارایی بکاتەوە، لە سیستەمی باج، لە چۆنێتی سوڕانەوەی دراو، لە وەبەرهێنان و دروستکردنی کار.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا