ئیبراهیم محهمهد عهزیز
29/02/2020
658 جار خوێنراوەتەوە
سیناریۆ پێشبینیکراوەکانی حکومەتەکەی عەلاوی
ئیبراهیم محهممهد عهزیز
پڕۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێ بەسەرۆکایەتی عەلاوی بەشێوەیەکی نائاسایی دەڕوات و بەو شێوە نیە کە شەقامی عێراقی لەپێناویدا لە ئۆکتۆبەری ۲٠۱۹ وە خەباتی بۆ دەکەن، لێرەدا هەوڵدەدرێت سیناریۆكانی پێکهێنانی حکومەتەکەی عەلاوی بخرێتە ڕوو. بەکورتی بەشێوەیەک ئاڕاستە و پێکهێنەکانی لە بەرچاو بگیرێت.
سیناریۆی یەکەم:
پێکهێنانی حکومەت وەک ئەوەی عەلاوی دەیەوێت و بانگەشەی بۆ دەکرد کە کابینەیەکی تەکنۆکرات بێت و وەزیرەکانی لەلایەن خودی خۆیەوە دیاری بکرێت، لەم ڕوانگەیەوە ناوی زۆربەی وەزیرەکانی نارد بۆ پەرلەمان تەنها وەزارەتەکانی بەشی کورد نەبێت لەگەڵ وەزیری ناوخۆ (هەرچەندە باس لەوە دەکرێت سەرۆک کۆمار چەند کەسێکی کورد بۆ عەلاوی پێشنیار کردووە بەڵام هیچ کەسێکیان لە لیستی وەزیرەکانی عەلاویدا نەبوون) ئەم سیناریۆیە چانسی سەرکەوتنی نەبوو و نیە، چونکە لایەنە سەرەکییەکان بەتایبەتی سوننە و کورد بەوە ڕازی نەبوون و نابن کە بەشیان لەلایەن عەلاویەوە دیاری بکرێت لەکاتێکدا عەلاوی خۆی لە شاری قومی ئێران لە لایەن صەدر و عامری و ئێرانییەکانەوە دانراوە، ئارگومێنتی ناڕازییەکە ئەوەیە چۆن دەبێت کەسێک خودی خۆی لەلایەن لایەنێکی سیاسی یان دوولایەنەوە دیاری بکرێت و لەهەمان کاتدا ئەوە بۆ لایەنەکانی تر بەڕەوا نەبینرێت، بۆیە ناکرێت بەو شێوازە بڕوات لەبەر ئەوە کۆبوونەوەی پەرلەمان لە۲۷/۲/۲٠۲٠ نەتوانرا گرێ بدرێت و ئەو سیناریۆیەی عەلاوی دەیویست شکستی هێنا، بۆیە لەئێستادا نەک کەس باس لە شەقام ناکات بەڵکو هەوڵی گەورە ئەوەیە کێ پشکی زیاتری بەردەکەوێت.
سیناریۆی دووەم
پێکهێنانی حکومەت بە سەرۆکایەتی عەلاوی بەجۆرێک بەشی سێ پێکهاتەی سەرەکییە کە شیعە و سوننەو کورد خۆیان دیاری بکەن و هاوسەنگی هەبێت لە ڕێژەی هاوبەشی کردنەکە.
لەم سیناریۆیەدا ڕۆڵی سەرەکی دەدرێتەوە بە پێکهاتەکان و لەناو پێکهاتەکانیشدا ئەو پارت و لایەنە سیاسیانەی ژێر بە ژێر خەریکی ڕێکەوتنن بەشی زۆری بۆ خۆیان دەبێت، بۆیە پشتگیری زۆر هەیە بۆ ئەوەی ئەم جۆرە لە سیناریۆیە پەیڕەو بکرێت وەک کابینەکانی پێشووتر.
ئەوەی زیاتر جەخت لەم هەوڵە دەکات وەک زانراوە ئەمریکاو بەریتانیا و نەتەوەیەکگرتووەکانە کە پێیان وایە ئەو جۆرە سیناریۆیە ڕەنگدانەوەی واقیعی سیاسی و کۆمەڵگایی عێراقیە و ناتوانرێت حکومەتێک پێکبهێنرێت ئەگەر ڕەنگداوەی پێکهاتە سەرەکییەکانی تێدا نەبێت و جێگەی ڕەزامەندییان نەبێت، یەکێکی تر لەهۆکارەکان ئەو سیستمەیە کە عێراقی دوای ۲٠٠۳ ی لەسەر دامەزراوەکە تیایدا ڕەزامەندی و هاوبەشی پێکهاتە سەرەکییەکان پایەی سەرەکییەتی.
لەبەر ئەوە زیاتر ئاڕاستەکان بەشێوازێکە ئەم حکومەتە لەڕووی چۆنیەتی پێکهاتەکەیەوە هیچ جیاوازی نەبێت لە حکومەتەکانی پێش خۆی.
سیناریۆی سێیەم:
شکست هێنانی عەلاوی و راسپاردنی کەسێکی تر بۆ پێکهێنانی حکومەت.
دوای ئەوەی ئاڕاستەی عەلاوی بەجۆرێک بوو کە زۆر بێ باکانە و بێ منەتانە گفتوگۆیی لەگەڵ سوونەو کورد کرد، ناڕەزاییەکی زۆری ڕووبەڕووبوویەوە و هەرچەند کاتی دیاری کرد بۆ دەنگدان لەسەر کابینەکەی بەڵام شکستی هێنا لەهەوڵەکەیدا.
چونکە سوونە بەتوند و چەند لایەنێکی کورد و هەندێک لە شیعەکانیش بەتەواوی دژایەتی دەکەن و بەربەستن لەبەردەم ئەوپرۆژەیەی عەلاویدا، لەبەر ئەوە لە ئەگەری پشتگیری نەکردنیدا و دژایەتی کردنی ئەوا شکست دەهێنێت و دەبێت سەرۆک کۆمار کەسێکی تر بۆ پێکهێنانی حکومەت رابسپێرێت.
لەم حاڵەتەدا پرۆسەکە دەگەرێتەوە بۆخاڵی سەرەتاو لایەنە سەرەکییەکانی شیعە دەکەونە ململانێیەکی ترەوە بۆ دیاری کردنی جێگرەوەی عەلاوی.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی ئیبراهیم محهمهد عهزیز