بڕیار تهها
19/02/2020
623 جار خوێنراوەتەوە
سیمێۆنی چۆن توانی کلۆپ ڕابگرێت؟
بڕیار تەها
بردنەوە لە لیڤەرپووڵ بۆ ئەتلەتیکۆ مەدرید دەستکەوتە، بەڵام تۆمارکردنی تەنیا یەک گۆڵ لەسەر یاریگای میترۆ پۆلیتانۆ و بوونی یاری گەڕانەوە لەسەر یاریگای ئانفێڵد ئەرکی کوڕانی سیمێۆنی قورس دەکات.
لە کۆی 90 خولەکی یارییەکە بە نزیکەیی 80 خولەکی لە ژێر کاریگەری پلانەکانی سیمێۆنیدا بەڕێوەچوو، ئیدی پلانەکانی ئەو ڕاهێنەرە چێژ بەخش بووە بۆ هاندەرانی تۆپی پێ بە گشت یان نا، ئەوە نابێتە هۆی شاردنەوەی سەرکەوتنی سیمێۆنی بەسەر کلۆپدا.
سیمێۆنی تەنیا بردنەوەی تۆمار نەکرد، بەڵکو توانی ڕێگری لە خۆسەپاندنی لیڤەرپووڵیش بکات، خاڵی بەهێزی ئەو ڕاهێنەر پلانی بەرگری و چڕکردنەوەی پلانەکەیەتی، لەم یارییەشدا ئەتلەتیکۆ ئەوەی ویستی جێبەجێی کرد.
سیمێۆنی چۆن سەرکەوتوو بوو؟
دابەشبوونی یاریزانانی ئەتلەتیکۆ بەسەر ڕووبەری یاریگادا، خاڵی بەهێزی یانە مەدریدییەکە بوو، بە تایبەتی هێڵی بەرگری ئەتلەتیکۆ زۆر بە وریاییەوە مامەڵەیان دەکرد، هەم بۆشاییان لە پشت خۆیانەوە نەدەهێشتەوە و هەمیش مان و تو مان لەگەڵ هێرشبەرانی لیڤەرپووڵ دەجوڵان، ئەمەش تواناکانی هێرشبەرانی لیڤەرپووڵی وون کرد بوو.
توانای جەستەیی یاریزانانی ئەتلەتیکۆ هۆکارێکی دیکە بوو بۆ ئەوەی لیڤەرپووڵ لە تایمی دووەمدا بە ئاسانی کۆنترۆڵی تۆپ نەکەن و هێرشەکانیان لە گۆڵەکەی ئۆبلاک نزیک نەبێتەوە، ئەمە جگە لەوەی بەشێوەیەکی دەستەجەمعی بەشداری هەردوو پلانی هێرشبەری و بەرگریان دەکرد.
ئەتلەتیکۆ مەدرید ڕیتمی یارییەکەی بە جۆرێک خاو دەکردەوە، لیڤەرپووڵ نەکەدەوتە کەش و هەوای یارییەکە و تەواو ئەرکی لیڤەر قورس بوو.
سێمیۆنی کاری لەسەر سنوردارکردنی ئارنۆڵد و ڕۆبێرتسۆن کرد بوو، بەردەوام بە دوو یاریزان لە باڵەکانەوە بەربەستی بۆ هاتنە پێشەوەی ئەو دوو بەرگریکارە دروست کرد بوو.
هەرچی لیڤەرپووڵ بوو، جگە لە سێ هێرشبەرەکەی تەواوی یاریزانەکانی دیکەش لە ئاست پێویست دا نەبوون، ئەمە لە کاتێکدا ئەم وەرز یانەکانی پرێمەرلیگ پشووی زستانەیان وەرگرت ئەویش لە پێناو ئەوەی بۆ یارییەکانی چامپیۆنسلیگ ماندووێتی خولە تاقەتپڕوکێنەکەیان لەسەر بڕەوێتەوە، بەڵام زۆر باش دەرکەوتنی ئەتلەتیکۆ مەدرید و تەواو جێبەجێکردنی پلانەکانی سیمێۆنی لەلایەن یاریزانەکانەوە هیچ بوارێکی بە لیڤەر نەدا بۆشایی لە نێو هێڵەکانی تیمەکەی سیمێۆنیدا دروست ببێت.
گۆڕانکارییەکانی کلۆپی ڕاهێنەریش هیچی ئەو تۆی کە یارییەکە نەگۆڕی، یۆرگن بە پشت بەستن بە یاری گەڕانەوەی ناو ئانفڵێد سەرکیشی ئەنجام نەدا و ژمارەی هێرشبەرەکانی لە تایمی دووەمدا زیاد نەکرد.
لە کۆتاییدا دەڵێم: ئەتلەتیکۆ مەدرید بە ئاستێکی بەرز و پلانێکی تۆکمە و ڕێکراوەوە دەرکەوت و لیڤەرپووڵیش چاوەڕوانی پاڵپشتی هاندەرانی ناو ئانفێڵد دەکات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی بڕیار تهها