ئیبراهیم محه‌مه‌د عه‌زیز 18/02/2020 334 جار خوێنراوەتەوە

کورد لە کابینە وەزاریەکانی دوای ۲٠٠۳ی عێراقدا

شەراکەتی راستەقینەو هاوبەشی کردن لە حکومەتی بەغداد یەكێکە لەئامانجە سیاسیەکان و بابەتی گفتوگۆی نێوان پێکهاتەسەرەکی یەکانی گۆرەپانی سیاسی عێراق.

کوردلەدوای ۲٠٠۳ وە بەشدارێکی سەرەکی حکومەتەکان بووە و چەندین پۆستی وەرگرتووە و مومارەسەی کردووە.لێرەدا تەنها باسی ئەو بەشدارییەدەکەین کە لەکابینەکاندا وەک وەزیر لەحکومەتەکانی دوای رووخانی ڕژێمی بەعس هاتۆتە کایەوە. ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کەچەندین پۆستی باڵاتر لە وەزارەت و خوار وەزارەت هەبووە کە بابەتی ئەم باسە نیە و باسی لێوە ناکرێت بەڵکو تەنها پشک و بەشەوەزارییەکان لەحکومەتەکانی نێوان ۲٠٠٤ تا ۲٠۱۸ دەخەینەڕوو.

لەدوای ۲٠٠۳ وە بەردەوام کابینە وەزارییەکان لەلایەن شیعە و سوونە و کوردەوە پێکهێنراوە وبەشداری سەرەکی ئەو پرۆسەیە بوون.

ئەگەر سەیری ئەم ترێندەی خوارەوە بکەیت ئەوەی ڕوون کردووەتەوە.

بەپێی ئەم ترێندە بەشی هەر سێ پێکهاتەکە گۆڕانکاری بەخۆیەوەبینیووە.

لەکابینەی ئەیاد عەلاوی لەساڵی ۲٠٠٤ دا شیعە ۱۳ وەزارەتی بەرکەوتووەلەکۆی ۳۱ وەزارەت بەوەش بەشی شیعە تەنها ٤۱.۹۳٪ بەڵام سوونەکان ۱۱وەزارەتیان وەرگرتووە بەوە رێژەکەیان دەکاتە ۳٥.٤۸ ٪، هەروەها کورد ۷ پۆستی وەزارەی بەریوەبردووە کە دەکاتە ۲۲.٥۸٪.

بەڵام پاش ئەو کابینەیە لە حکومەتەکەی ابراهیم جەعفەرییەوە شیعە لەهەموو کابینەکان نیوە +۱ ی کۆی وەزارەتەکانی بردووە و رێژەکەی لەهەندێک جاردا دەگاتە ٦٥٪ لەهەمان کاتدا سوونەو کورد بەژمارە و رێژە بەدەوام ڕوو لەدابەزین بوون و لەهەندێک کابینەداسوونە ناگاتە ۲٠٪ و کوردیش لەکۆتا کابینەدا کە کابینەی عادل عەبدول مەهدییە ۳ وەزارەتی بەرکەوتووە و ڕێژەکەیشی ۱۳.٠٤.

کۆی ترێندەکە ئەوەمان بەروونی پێدەڵێت کە تەنها شیعە توانیوێتی بەردەوام بێت لە پاراستنی نیوە+۱ ئەنجوومەنی وەزیران کەئەمەش لەڕووی سیاسی و پراکتیکیەوە گرنگی ستراتیجی بۆ شیعەهەیە کەبتوانێت بەردەوام بێت لە پاراستنی ناوەندی بڕیاری حکومەت و پێگەی خۆی پێ بەهێزبکات لەهەمان کاتدا سوونەو کوردیش رێژەی بەشداریان بەجۆرێک بێت بەهەردووکیانیشەو نەتوانن بەرامبەر شیعە بووەستن لەبڕیارێکدا لە ئەنجوومەنی وەزیران.هەرچەندە شێوازی بەشداری سوونە وکورد بەشدارییەک بووە لەسەر بنەمای ڕێکەوتن بەڵام بەرای من لەزۆربەی کاتدا وەک میوان و هێزی بێ کاریگەر مامەڵەیان لەگەڵ کراوە.لەوبوارەشدا نموونە زۆرن لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا لەڕووی ململانێ و وەلانانی یەکترییەوە.

ئەوەی جێگەی هەڵوێستە لەسەر کردنە بریتی یە لە پشک و بەشی کورد لەو ماوەیەدا کە ئایا پشکی کورد لەلایەن هەموو پارت و لایەنەکانەوە بەڕێوەبراوە یان لە لایەن یەک دوو پارتی سیاسیەوە؟

ئەم ترێندەی خوارەوە بەڕوونی چەند سەرنجێکی خێرامان لەلا دروست دەکات.

ئەوەی دەبینرێت لەم دابەش کاریەدا ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی کۆی ئەو پۆستانەی کەلە حکومەتەکەی عەلاویەوە لە۲٠٠٤ تا عادل عەبدولمەهدی لە ۲٠۱۸ دا بۆخۆیان بردوە و تەنها بەشێوەیەک زۆر بچووک لایەنەکانی تر بەشداریی پێکراوە.

ئەگەر سەیر بکەین لە دوو کابینەی یەکەمدا هیچ لایەنێکی دەرەوەی ئەو دوو پارتە وەزارەتیان وەرنەگرتووە لەکابینەی یەکەمی مالکیدا تەنها یەک وەزارەت دراوە بەلایەنێکی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لە ۲٠٠٦دا.پاشان ئەگەر سەیری ئەو خشتەیەی خوارەوەش بکەیت بۆت روون دەبێتەوە کە لەوماوەیەدا تەنها دوو وەزارەت لای لایەنەکانی تر بوون.هەرچەندە لە کابینەی دووەمی مالکی لە۲٠۱٠ ولە کابینەی حەیدەر عەبادی لە ۲٠۱٤ دا دوو وەزارەت دراوە بە لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی بەڵام مالکی لە ۲٠۱۱ وەزارەتەکانی کەم کردووە و ئە و دوو وەزارەتەی لابرد هەروەها حەیدەر عەبادی لە ۲٠۱٦ دا لە پرۆسەی کەمکردنەوەی وەزارەتەکان وەزارەتی لایەنەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی لابرد.

بۆیە دەبینین لە کۆی ۳٦ وەزارەت لەوماوەیەدا پارتی ۱۷ وەزارەتی بەریوەبردوە و یەکێتی ۱۷ وەزارەت و تەنها دوو وەزارەت لای لایەنەکانی تر بووە. وەک رێژەیەش سەیری بکەین دەبینین پارتی ٤۷.۲۲٪ کۆی ئەو وەزارەتانەی لابووە کە بەر کورد کەوتووە هەروەها یەکێتیش بەهەمان شێوە بەڵام ئەوانی تر تەنها ٥.٥٥ ٪ لەلابووە.

ئەوەش ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەو دوو هێزە جۆرێک لەجۆرەکان قۆرخکاریان کردووە لەپۆستە وەزارییەکان ئەوە جگە لەپۆستی سەرۆک کۆمار کەبەردەوام لەلای یەکێتی بووە هەروەها پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان کەلەلای پارتی بووە تەنها یەک خول لای گۆران بووە. سەرەڕای ئەوژمارە زۆرەی سەرۆکی دەستەو وەکیل وەزیر و پۆستی سەربازی و ئەمنی و سەفیر وهتد. کە کۆی ئەمانە راستیەک دەردەخەن کە مۆنۆپۆل کردنی پشکی کورد یەکێکی ترە لەنادادیەکانی تر.

لەکۆتاییدا

یەکەم:بەپێی دراوەکانی سەرەوە واپێدەچێت پشکی کورد ئەگەر وەک خۆی نەبێت کەمتر بێت واتە کەمتر لە ڕێژەی ۱۳.٠٤٪ لەم حکومەتەی کە چاوەروان دەکرێت لەیەن محمد توفیق عەلاوییەوە پێکبهێنرێت.چونکە بەردەوام ڕێژەی کورد لەحکومەتەکان دابەزییوە و پێناچێت لەم حکومەتەدا بەرزبێتەوە.

دووەم: دەبێت ئەو قۆرخکارییە لە پشک و بەشی کوردا هەیە نەهێڵرێت بەتایبەتی کەئێستا هەوڵی یەک شاندی دەدرێت بۆ گفتوگۆو یەکخستنی هەڵوێستەکان بۆ دانوستان لە ئارادایە.هەرچەندە ئەم یەک شاندی یە تەنها پارتی و یەکێتی سوودیان لێ بینیوە و لایەنەکانی تر تەریک کراون بەڵام پێویستە مادام بۆ هەموو کورد هەموو لایەنەکانیش بەشداربن تیایدا.

سێ یەم:خاڵ بەندی و سیستمی خاڵ بۆ بەشداری راستەقینەی لایەنەکان گرەنتی یەک هەڵوێستی و یەکخستنی تواناکانە لەبەغداد چونکە ئەوانەی لەبەغدادن لە بابەتە چارەنوس سازەکاندا یەک هەڵوێستن و دەبێت ئەوەش بەهەند وەربگیرێت بۆ ئەوەی لەکابینەکەیشدا هاوهەڵویست بن و هەڵەکانی رابردوو دووبارە نەکرێتەوە.

چوارەم: کورد لەبەغداد پێویستی بەوە هەیە یەکگرتووبێت نابێت کۆمەڵێک هەنگاو بنرێت ببێتە هۆی دوورخستنەوەی لایەنەکان لەیەکتری و ناش بێت دوو لایەن قۆرخی هەموو ئەو پۆستانە بکەن کە بەر کورد دەکەوێت. چونکە ئەگەر ئەوە بۆ قۆباغی رابردوو وەک لە خشتە و ترێندەکانی سەرەوە دیارە چوبێتە سەر ئەم قۆناغی داهاتووە و مومارەسەو پراکتیزی جیاوازتری دەوێت کە بەرپرسانە مامەڵە بکرێت لە پێناو بەرژەوەندییەباڵاکانی کورد.

پێنجەم: قۆناغی ئێستا ناتوانرێت یەک لایەن یان دوولایەن نوێەرایەتی کورد بکەن و پێویستە ئەو سەردەمە با ش بخوێنرێتەوە ودیراسە بکرێت بۆ ئەوەی سیاسەتێکی تەندروست پراکتیزەبکرێت.بەڵام بەداخەوە هەندێک جار کە کار دێتەسەر پۆستەکان پارتی و یەکێتی بەجیا دەیانەوێت بەرژەوەندی حزبی خۆیان مسۆگەر بکەن نەک بەرژەوەندی گشتی وەک چۆن بینیمان لە پۆستی سەرۆک کۆمار چی روویدا لەگەڵ یەکلاکردنەوەی پۆستەوەزارییەکان پشکی کورد لە حکومەتەکەی عادل عەبدول مەهدی.
تێبینی:ئەم بابەتە رەنگدانەوەی ئاراستەی سیاسی نیەبەڵکو وەک توێژەر ورۆژنامەنوسێک گوزارشت دەکات.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا