یه‌حیا عومه‌ر رێشاوی 14/01/2020 495 جار خوێنراوەتەوە

گەندەڵیی وەك خوو، گەندەڵیی وەك كولتوور

پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح: (گرفتی گەورە لە گەندەڵیی و داهاتی نەوت و خاڵە سنوریەكانە)!

ئەمە دوا لێدوانی هاورێی خۆشەویست (كاك عەلی حەمەساڵح)ە بۆ سایتی خەندان، بە ئیجازەی بەرێزیان ئەمەوێت بڵێم: راستە هەموولا دان بەوەدا دەنێن كە گەندەڵیی تا بینەقاقای حوكمرانی هەرێم هاتووە، دروستە كە حكومەت هاتۆتە سەرخەت و بۆ سومعەی خۆشی بێت دەیەوێت شتێ بە شتێ بكات، ئەوەش راستە كە پەرلەمان یاسا و پرۆسەیەكی چاكسازیی لەبەردەستە و نیەتی هێناوە ئەمجارە لە جارانی تر نەچێت و بۆ لاساییكردنەوەی بەغداش بێت هەر ئەبێ وەڵامێكی بۆ ئەو خەڵكە پێ بێت، بەڵام ئەوەی ئەم راستیانە دەكاتە بڵقی سەرئاو و ئومێدەكانت لا دەكوژێنێتەوە، ئەو واقیعە تاڵەیە كە بەرۆكی سیستمی حوكمرانی و دام و دەزگاكان و بەشێكی زۆر لە بەرپرسانی ئەم هەرێمە خێر لە خۆنەدیوەی گرتووە و هەوڵەكان بۆ چاكسازیی و پاكسازیی دەهێنێتەوە چوارگۆشەی یەكەم !

ئەوەی كە ناچارت دەكات نیوە بەتاڵەكەی پەرداخەكە ببینیت و ببیتە بەشێك لە گروپی رەشبینەكان، ئەو هەواڵانەیە كە لێرەو لەوێ لەسەر بەردوامیی خووی قێزەونی واسیتە و واسیتەكاریی و بەرتیل وەرگرتن و مەحسوبیەت و بەحیزبیكردنی دام و دەزگاكانی میریی دەبیستیت و دەخوێنیتەوە، ئەوەی ناچارت دەكات بەم زمانە بنوسیت و ئاخاوتن بكەیت، ئەو ژینگە نەخۆشەیە كە بە ڤایرۆسی گەندەڵیی تەنراوە و چووەتە نێو شادەمارەكانی فەرمانگە و رێكخراو و حزب و زانكۆ و دام و دەزگاگان و  جەستەیەكی شەتەك و ماندووی بۆ بەجێ هێشتووین.

بەڵگەی زۆرت ناوێ بۆ سەلماندنی ئەم قسانە، لیژنەت ناوێ بۆ دۆزینەوەی بەرپرس و سەرانی ئەم واقیعە پر لە نیگەرانیە، هەر ئەوەی لە ئان و ساتی بریارەكانی پەرلەمان بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەی چاكسازیی و هەر لەو ساتانەی سەرۆكی حكومەت بەڵێنی سزادانی گەندەڵكاران دەدات، هەر بە پاراڵێڵ بە بەڵینەكان بۆ لێپرسینەوە و گۆرانكاریی و دادگاییكردن، بە بەرچاوی خۆتەوە دەبینیت زەوی كاكی بەكاكی بۆ خزمان تەملیك دەكرێن و دۆستانی حزب دادەمەزرێنرێن و كوران و كچانی بەرپرسان لە كەیف و سەفای خۆیان ناكەون و ئاپۆرای ئۆتۆمبێلە جام رەشەكانیش شەقامەكان زیاتر دەتەنن و تەزكیەی حزبیی و تەلفونی بەرپرسانیش هێشتا دەوای دەردی زۆرێك لە نەكراو و ئەستەمەكانە ! ئیتر مەگەر هەر تەنها بڵێیت : حسبنا الله و نعم الوكیل !

هەربۆیە لە فەزایەكدا كە ئەوانەی دەیانەوێت پرۆسەی چاكسازی ئەنجام بدەن و سزای ئەوانی دی بدەن، خۆیان پێویستیان بە (سزادان) بێت، لە فەزایەكدا شوێنی حەوانەوەی هەندێك لە بەرپرسانی ئەم وڵاتە لایەك لە شار داگیر بكات و بە چەند دیوارێكی ئاسنین بە رووی هاوڵاتیاندا داخرابێت، لە فەزایەكدا كەس نەزانێت داهاتی ئەم وڵاتە بە چ میكانیزمێك و چۆن خەرج دەكرێت و دەزگای میدیایی زەبەلاح بە پارەوپولی سەرچاوە نادیار قوت بكرێنەوە، لە فەزایەكدا هێشتا بەرێوبەری خوێندنگە و سەرۆكی زانكۆ و نوێنەری هێڵەكانی هاتوچۆی پاسەكانی ناوشار لە لایەن كۆمیتە و ناوچە و لق و مەڵبەندەوە ئاراستە بكرێن و هێشتا بارەگا حكومیەكان وەك بارەگای حزبی بەكار بهێنرێن و هێشتا وێنەی سەركردەكان بە پردەكانی پەرینەوەو فەرمانگە حكومیەكان و بە قەبارەی پەنجا مەتریی هەڵبواسرێن و هێشتا لە نێوان كەمتر لە كیلۆمەترێكی رێگەی سماقوڵی بۆ هەولێر دوو بازگەی پشكنینی مرومۆچ پێشوازیت لێ بكەن، چۆن دەتوانی ئومێدێكت هەبێ بەو شتەی ناویان لێناوە (پرۆسەی چاكسازیی)!

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا