هونهر تۆفیق
12/01/2020
765 جار خوێنراوەتەوە
مەترسی رێککەوتنی تورکیا-لیبیا بۆسەر کورد!
تورکیا و حکومەتی هاوپەیمانی نیشتمانی لیبیا ، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان مۆرکرد
سەبارەت بە هاوکاری سەربازی و دیاریکردنی سنووری دەریایی لەنێوانیاندا .
ناڕەزایەتی توندی میسر ، ئیتالیا ، یۆنان ، قوبرس لێکەوتەوە . هەروەها یەکێتی
ئەوروپا ، ڕوسیا ، ئەمریکا ، سعودیە ، ئیمارات بە هەنگاوێکی مەترسیداری تورکی
حسابیان کرد . جارێکی تر پرسی رێکەوتنی لۆزانی ١٩٢٣ ی وروژاندەوە . بۆیە لە کورت
مەودادا ئەو رێککەوتنەی تورکیا - لیبیا کاریگەری دەبێت لەسەر نیشتمانی کورد.
چی لە لیبیا دەگوزەرێت؟
لە واقیعدا دەوڵەتی لیبیا لەپاش خستنی جەماهیریەکەی قەزافیەوە دابەشبووە بەسەر دوو
حکومەتدا . لە رۆژهەڵاتەوە هێزەکانی بەرەی جەنڕال حەفتەر حوکمداری دەکەن ، میسر ،
روسیا ، سعودیە ، ئیمارات پشتیوانی لێدەکەن . لە خۆرئاواشە وە ، ترابلوسی پایتەخت
حکومەتی هاوپەیمانی نیشتمانی بە پشتیوانی ئیخوانی موسلمینی جیهانی و تورکیا و
قەتەر ناوچەکەیان بەڕێوەدەبەن. هیچکام لەو دوو حکومەتە بە هەڵبژاردن دەستەڵاتیان
نەگرتۆتە دەست . تەرابلوس شەرعیەتی لە ڕێکەوتنی سیاسی بە نێوەندگیری
نەتەوەیەکگرتووەکان وەرگرتووە . حکومەتەکەی حەفتەریش لە شۆرشی لیبیاوە شەرعیەت
بەخۆی دەدات . لەو نێوەندەدا دەیان گروپی چەکداری توندڕەو لەجەنگی دژ بەیەکدان.
سوپای بیانی لە لیبیا!
بۆ خستنی قەزافی دەیان وڵات بەشداری ڕاستەوخۆی کرد بە هێزی ئاسمانی و زەمینی .
لەوانە قەتەر ، فەرەنسا ، ئەمریکا ، بەریتانیا ، ئیتالیا . روسەکان لەو کاتەدا
کشانەوە ، وڵاتەکەیان بۆ شۆرشگێرەکان بەجێهێشت . بەڵام لەپاش ئەزموونی سوریاوە ،
روسیا لەگەڕانەوەدایە بۆ لیبیا . هێزەکانی گروپی ڤاگنەر کە هێزێکی تۆکمەی شارەزاو
تایبەتی نافەرمی روسین لە لیبیادا رۆڵی سەربازی گرنگ دەگێڕن.
ناکۆکی بەرەکان!
هاوپەیمانی روسیا - تورکیا ، لە لیبیادا لەوپەڕی ناکۆکیدایە . روسیای لایەنگری
حەفتەر ، ناڕازیە لە پشتیوانی تورکیا بۆ تەرابلوس . روسیا جگە لە ئامانجی ستراتیژی
سەربازی و بەرگری لە دەریای ناوەڕاستدا ، چاوی لە سەرچاوەکانی وزەیە ( نەوت و غاز)
لەو وڵاتەدا . گەڕانەوەی روسیا بۆ پێگە ئابووریەکەی لە لیبیادا بایی دەیان ملیارد
دۆلار داهاتی ساڵانەیە بۆ مۆسکۆ . هەروەها سعودی و میسریەکان دژ بە حکومەتێکی
ئیخوانین بە پشتیوانی ئەردۆغان ، لیبیا بگرێتە دەست . ئەمریکیەکان بە گومانەوە لە
پەیوەندی دۆستەکەیان حەفتەر دەڕوانن لەگەڵ روسیادا.
ڕێکەوتنەکەی تورکیا و لیبیا !
تورکیا لە زمانی ئەردۆغانەوە نایشارێتەوە کە لەهەوڵی پێداچوونەوە یان
هەڵوشاندنەوەی ڕێکەوتنی لۆزانی ١٩٢٣ دان . پرۆژەکەی ئەردۆغان بۆ ساڵی ٢٠٢٣ باس لە
بوژاندنەوەی سیاسی و ئابووری تورکیا دەکات لەیادی ١٠٠ ساڵەی لۆزاندا . جاڕی ئەوە
دەدەن کە لەپاش ١٠٠ ساڵ لەو رێكکەوتنە ، چیدی هەڵدەوەشێتەوە و تورکیا ئازاد دەکات
سەروەری دەریایی و زەمینی بەسەر خاکە پچڕێنراوەکانی عوسمانیدا وەربگرێتەوە ،
توانای وەگرتنی باج لە کەشتیەکانی گوزەرکار بە کەناڵی بۆسفۆردا بگەڕێتەوە بۆ
تورکیا کە لۆزان فەرزی کردووە بەسەر تورکیادا نابێت باج لە هاتوچۆی کەشتیەکان
وەربگرێت . هەروەها مافی گەڕان بداتەوە بە تورکیا لە دەریای ناوەڕاستدا نەوت و غاز
دەربهێنێت.
لە باکووری سوریا ( رۆژئاڤا ) یەکەم هەنگاوی
شکاندنی لۆزان لەلایەن تورکیاوە نراوە . ناوچەکانی عەفرین ، سەریکانی ، تەل ئەبیەز
، ئیدلبی لە سوریا دابڕیووە . بەپێ ی ئەو ڕێکەوتنەی لەگەڵ تەرابلوسی لیبیشدا ،
مەرجەکانی لۆزان لە دەریادا دەشکێنێت کە نزیکەی شەش هەزار دورگەی یۆنانی دەگرێتەوە
لە نزیک کەنارەکانی تورکیادا . هەروەها مافی قوبرسی یۆنانی لە سوودی ئابووری
دەریایی پێشێل دەکات بەپێ ی ئەم رێککەوتنە نوێ یە . لەهەمان کاتدا بەشێک لەمافی
میسر و دورگەی کریتی یۆنانی زەوت دەکات کە ئەو سنوورە دەریاییە دەوڵەمەندە بە غازی
سروشتی ، تورکیا لەو رێکەوتنەوە مافی داگیرکردنی بۆخۆی دەگەڕێنێتەوە.
کاریگەری لەسەر کورد!
تورکیا لەڕێگەی ئامادەکاریەکانی بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پرۆژەی سەروەری ( وەک ئەردۆغان ناوی
ناوە ) دوو هەنگاوی سەرچڵانەی ناوە لە دەریای ناوەڕاست و باکووری سوریادا. ئەگەر
ئەو رێکەوتنەی لیبیا - تورکیا لەناو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا تێپەربێت و بێدەنگی لەو
هەنگاوانەی ئەردۆغان بکرێت . لە یادی ١٠٠ ساڵەی لۆزاندا ، ئەو رێگەیەش بەخۆی دەدات
پابەندنەبوونی تورکیا بە هەر ١٤٧ خاڵەکەی ڕێکەوتنی لۆزانی ١٩٢٣ ەوە ڕابگەیەنێت و
هێرشیش بکاتە سەر هەرێمی کوردستان کەلە ئێستادا چەندین بنکەی سەربازی تیادا هەیه،
بەناوی گەڕاندنەوەی سەروەری خاکی تورکیا (عوسمانیەکان)ەوە هەرێمی کوردستانیش
داگیردەکات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە
هەموو وتارەکانی هونهر تۆفیق