بڕیار ته‌ها 18/12/2019 374 جار خوێنراوەتەوە

بۆچی زیدان براوە بوو؟

شیکاری وەرزشی


ڕیاڵ مەدرید زۆر باش دەرکەوت، ڕیاڵ مەدرید هاوسەنگی لە نێوان بەرگری و هێرشبردندا ڕاگرت بوو، ڕیاڵ مەدرید بە پلان فشاری دەکرد و بە پلان ڕیتمی یارییەکەی بە ویستی خۆی خاو دەکردەوە، ڕیاڵ مەدرید بە تاکتیکی سەرکەوتوو تۆپەکانی دەهاویشتە نیوە یاریگای بەرشەلۆنە و بە تاکتیكی ورد پارێزگاری لە تۆپەکانی قاچی دەکرد، ڕیاڵ بە تاکتیک هێرشەکانی بۆسەر هێڵی سزای بەرشەلۆنە چڕ دەکردەوە، کۆی هەموو ئەوانە وایانکرد ڕیاڵ مەدرید بەهێزتر و تۆقێنەرتر دەربکەوێت، تەواوی ئەم کارانەش دەگەڕێتەوە بۆ لێهاتووی زەینەدین زیدانی ڕاهێنەر دەرئەنجامی ئەوەش ڕیاڵ مەدرید متمانە و هەیبەتی بۆ گەڕایەوە.

زیدان سەرەتا کاری لەسەر هێرشەکانی بەرشەلۆنە کرد بوو، بەڵام بە ترسنۆکی نا، لە هەمانکاتیشدا بە پەلاماردان و توند و تیژی نایاسایی نا، بەڵکو بە ڕۆحیەتێکی بەرز و بە تاکتیکێکی ورد، کاتێک تۆپ لای بەرشەلۆنە بوو ڕیاڵ مەدرید یاری مان تو مانی نەدەکرد بەو شێوەیەی کە هەموو یاریزانەکانی بجوڵێن و توانایەکی زۆر بەهەدەر بدەن و بۆ تایمی دووەم تەسلیم ببن، بەڵکو تەنیا چەند یاریزانێکی ڕیاڵ نزیک لە هێرشەکانی بەرشەلۆنە دەجوڵان، کاتێک تۆپ لە باڵی ڕاستی بەرشەلۆنە بوو، چوار یاریزان لە ڕیاڵ مەدرید ( مێند، ئیسکۆ، کرووس، کاسمێرۆ) چاودێرییەکی وردیان دەکرد و ڕووبەریان بچوک دەکردەوە و فشاریان دەخستە سەر هەڵگری تۆپ کاتێك هێرشەکەش دەچووە باڵی چەپی بەرشەلۆنە، هەریەکە لە ( کارڤاخاڵ، گاریس بەیڵ، ڤاڵڤێردی، کاسمێرۆ ) هەمان کاریان دووبارە دەکردەوە، بەڵام ڕۆڵی کاسمێرۆ زیاتر بوو لە یاریزانێک، هەر لەبەر ئەوەش کاسمێرۆ بە پاشایی یارییەکە ( king of the match ) هەڵبژێردرا و شایستەش بوو، چونکە جگە لە هاوکاری پلانی بەرگری دەکرد لە هەمانکاتیشدا پاڵپشتی هێرشەکانیشی دەکرد و لە شوێنەکەی خۆشیدا وەک ئیرتیکاز بۆشایی نەدەدا بەدەستەوە، واتا ڕیاڵ مەدرید بە تەواوی یاریزانەکانی بەرگرییەکی هەرەوەزی زۆر باشیان کرد، ئەمەش بەرشەلۆنەی تەواو نائومێد کرد بوو.

خاڵێکی دیکەی بەهێزی ڕیاڵ مەدرید لەم شەودا هێرشبردنێکی ڕێکخراو بوو، کەمن ئەو یانانەی لە ناو یاریگای کامپ نو بتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر لە نیوە یاریگای بەرشەلۆنەدا پاسات بکەن و کۆنترۆڵی یاریگا و تۆپ بکەن، ئەمشەو زیدان ئەم پلانەی زۆر بە باشی جێبەجێکرد، بە جۆرێک ئەگەر ئەنجامی یارییەکە لەسەر شاشەکە نەبوایە هەستت دەکرد بەرشەلۆنە بە چەند گۆڵێک لە پێشە بۆیە پاشەکشەی کردووە.

لە هێرشەکاندا یاریزانانی ڕیاڵ مەدرید دوو ئامانجیان هەبوو، یەکەم – خاوکردنەوەی ڕیتمی یارییەکە تا ئەوەی یاریزانانی بەرشەلۆنە نەچنە نێو کەش و هەوای یاریگای کامپ نۆوە، دووەم- کارکردن بوو لەسەر ئەو بۆشاییانەی لە ناوی هێڵی بەرگری و ناوەندی بەرشەلۆنەدا دروست دەبوو، لە مەشدا ڤاڵڤێردی لە ناوەند و کەریم بێنزیمە ڕۆڵێکی تاکتیکی باشیان دەگێڕا و سەرپەرشتی پلانەکانی زیدان – یان دەکرد، هەڵبەت یاری نەکردنی مۆدریچ و یاریپێکردنی ڤاڵڤێردی لە شوێنی یەکێک بوو لە بڕیارە دروستەکانی زیدان، چونکە مۆدریچ ئەو توانا بەرزە جەستەییەی چەند وەرزی ڕابڕدووی نەماوە، تا ئەوەی بتوانێت بۆکس تو بۆکس یاری بکات و لە هەردوو پلانی بەرگری و هێرشبەریدا هاوکاری یانەکەی بکات، جگە لەوەش ئەزموونی کرووس و کاسمێرۆ گرفتی غیابی ئەزموونی مۆدریج – یان داپۆشی بوو.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی بڕیار ته‌ها

سەرەتا