دڵشاد ئه‌نوه‌ر 30/11/2019 156 جار خوێنراوەتەوە

دەست لەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی و سەرەتای گەمەکە

دەست لەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیران کۆتایی گەمەکە نیە، هەروەک کۆتایی هاتنی خۆپیشاندان دوای کشانەوەی عەبدولمەهدی، یانی رۆیشتنە ماڵەوە بێ دەستکەوت، بەڵام بەردەوام بوونی، شتی تر و دەستکەوتی گەورە تر بەدوای خۆیدا دێنێت، کە ئەو دەستکەوتانە کاریگەریشیان لەسەر هەرێم دەبێت.

عادل عەبدولمەهدی رووکاری پێشەوەی حیزبە گەندەڵەکانی عێراق بوو، رووکاری پێشەوەی ئەو وڵاتانەیە کە دەست لە کاروباری نێوخۆیی عێراق وەردەدەن، بۆیە خۆپیشاندەرانیش کاتێک دروشمی "نرید الوطن" یان بەرز کردبوویەوە، دەیانزانی شەرەکەیان لە عەبدولمەهدی گەورەترە.

ئەوان بەهەموو هێزێکیان لە پشت عەبدولمەهدی بوون، یاخود بە واتایەکی تر، عەبدولمەهدیان کردبووە واجیهە و خۆیان لە پشتەوە دیفاعیان لێدەکرد.

شکانی عادل عەبدولمەهدی یەکسانە بە شکانی چی حیزبی کلاسیکی و گەندەڵی عێراق، کە واجیهەی حیزبە گەندەڵەکانی عێراق تێکشکێنرا، ئیتر نۆرەی حیزبەکان خۆیانە!

تەحەدیات و شەری گەورەی بەردەم خۆپیشاندەران لەمەودوایە، گەر خۆپیشاندەران بەردەوام بن، حیزبەکانیان تێکشکاند و یاسای هەڵبژاردن و رێوشوێنەکانی هەڵبـژاردنیان گۆڕی، ئەوا دوای عادل، نۆرەی تێکشکانی حیزب و بڕینی دەستی دەرەکی دەبێت.

بە تێکشکانی حیزب و بڕینی دەستی دەرەکی، یانی بە دامەزراوەبوونی دام و دەزگاکانی عێراق، یانی تەحقیق بوونی ئامانجی "نرید الوگن"، چونکە لێرەوە بریار لە دەستی حزب دەردەهێنرێ، لێرەوە بریار دەگەرێتەوە بۆ جەماوەر.
بێگومان هەرێم بەشێکە لە عێراق، مەعقول نیە بەغدا بۆ بە دامەزراوەیی بوون هەنگاو بنێت، کەچی لێرە بریار بەدەست کاک فڵان بارزانی و کاک فیسار تاڵەبانی بێت!

بۆیە گەر بەغدا هەنگاو بۆ بە دامەزراوەیی بوون هەڵبگرێ و خۆپیشاندەران گەیشتنە ئامانجەکانیان، ئەوا هەرێم کە بەشێکە لە عێراق، کاک فڵان و فیسان ناتوانن بەردەوام بن لە دەمڕاستی کردنی هەرێمێکی نادامەزراوەیی لە عێراقێکی دامەزراوەییدا، بۆیە بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکان لەمەودوا بۆ داهاتووی هەرێمیش گرنگ دەبێت

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا