سه‌ردار عه‌زیز 27/11/2019 122 جار خوێنراوەتەوە

دیدی کورد لە دونیای ئەمڕۆدا

دونیای ئەمڕۆ دونیایەکی پشێوە. سی ساڵ لەمەوپێش دیواری بەرلین ڕوخاو سیستەمی جوت جەمسەری لە دونیادا کۆتایی هات. ماوەی سی ساڵی ڕابوردو لای زۆرێک وەها دادەنرێت کە ماوەیەکی بێوێنە بوو لە مێژودا، چونکە زۆربەی مێژوی مرۆڤایەتی مێژویی ململانێی زلهێزەکان بوە. بەڵام سی ساڵی ڕابوردوو سی ساڵی هێمنی و باڵادەستی ئەمریکا بوو بە سەر دونیادا.

ئێستا دونیا بەرەو جۆرێک لە فرە جەمسەری ئاڵۆز دەڕوات، کە پشێویەکی زۆر بە خۆیەوە دەبینێت. هەندێک لە چاودێران دەڵێن لە چەند دەیەی داهاتودا هەر وڵاتێک دانیشتوانی لە ٢٥٠ ملیون کەس کەمتربێت ناتوانێت بە ئاسانی سەروەری خۆی بپارێزێت.

ئایا کورد لە سەردەمی پشێوەیەدا چی دەکات؟ هەرچەندە دیدێکی ڕونی کوردیی بونی نیە، بە تایبەتی لە ئاستی تیوری و پۆلەسیدا، بەڵام لە میانەی کردار و پراکتیزدا چەند دیدێک بەدی دەکەین.

لێرەدا بە کورتی ئاماژەیان پێئەدەین وەک هەوڵێکی سەرەتایی بۆ ئەم پرۆسەیە. دەبێت لە سەرەتادا ئاماژە بە ئەوە بدەین کە هەمو وڵاتێک یان پێکهاتەیەک جێگایەکی هەیە بۆ سیاسەتکردن و بڕیاردان، کورد هێشتا ئەم جێگایەی نیە.

یەکەم، دیدی دیموکراسی. دیدی دیموکراسی هەمیشە بەشێک بوە لە خیتابی کوردی. بەڵام بە تێگەیشتنێکی سادەوە. زۆرجار کورد وەک دروشمێک ئەوە دەڵێتەوە کە ئەگەر دیموکراسی لەو وڵاتانەدا هەبێت کە کوردوستانیان بە سەردا بەشکراوە ئەوا پرسی کورد چارەسەر دەبێت. ئەم تێزە لە ئەنجامی دید و تێڕوانین و هەڵسەنگاندنی دیموکراسی و مافی خەڵكەوە نەهاتوە. بەڵکو زیاتر وەک ڕستەیەکی بریقەداری شاعیرانەیە.

ئەم دیدە بە شێوەیەکی تۆکمە لای هەدەپە بەرجەستە دەبێت کە بڕوای بە دیموکراتیزەکردنی تورکیا هەیە. بە مانایەکی تر خەڵک دەتوانن لە ڕێگای بەشداریکردنی سیاسی و دابەشکردنی دەسەڵاتەوە پرس و کێشەکانیان چارەسەر بکەن. ئەم هەنگاوە لە پاش کۆتایی پرۆسەی خاک دێت کە ساڵانێکی زۆر پەکەکە بانگەشەی بۆ دەکرد ئەویش پرسی دەوڵەتی کوردی بوو.

پرۆسەی دیموکراسی تەنها ئەوەنیە کە پارتێکی سیاسی دروست بکەیت و بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەیت. بەڵکو لە هەمانکاتدا بە مانای ئەوە دێت کە ئەرکی دیموکراسیکردنی ئەو وڵاتەی کە تیایدا بەشداریت بگریتە ئەستۆ. لێرەدا ڕاستەوخۆ پرسی کورد توشی کێشە دەبێت، چونکە دیموکراسی یاری ژمارەیە و کورد خاوەنی ژمارە نیە، بۆیە هەمیشە دەبێت سازش بۆ ئەوە بکات کە تەنها داوای مافی کورد نەکات، یان خواستی کورد بکاتە پاشکۆ و خواستی گۆڕینی سیستەمی سیاسی و کەلتوری سیاسی ئەو وڵاتانە بکاتە خواستی سەرەکی.

ئەم ئەرکە زۆر سەختترە لە خواستی جیابونەوە، وەک هەمیشە هاوڕێم بورهان یاسین جەختی لە سەر دەکردوەوە. چونکە هیچ کام لە وڵاتانی ناوچەکە هیچ بنەمایەکیان تیادانیە کە بتوانن لە ماوەیەکی کورت یان مامناوەندی داهاتودا ببنە دیموکراسی ڕاستەقینە. لە ڕاستیدا دیموکراسی بون لە دونیادا لە قەیراندایە و لەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بە سەردا بەشکراوە لە قەیرانی قوڵدایە. ئەم قەیرانانە بە کورد چارەسەر نابن .

پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی وڵاتان تەنها لە پرۆسەی بەڕێوەچونی دیموکراسیدا نیە، بەڵکو دەبێت بنەما هەبێت بۆ دیموکراسییەت. یەکەم بنەما پرسی زەبر و زەنگ و ئاسایشە، لە دۆخێکدا کە زەبر و زەنگ بێلایەن نیە، ئەستەمە باس لە سیاسەت بکرێت. سیاسەت بە مانای بەشداریکردن لە پانتایی گشتیدا لە پێناو پێکەوەگرێدانی تایبەت و گشت.

دووەم، نەبونی ڕێگری بەشداری سیاسی، سێیەم، توانای دروستکردنی هاوپەیمانێتی و بونیادنانی هێز. چوارهەم، نەمانی هیچ هێز و ناوەندێکی بان-دەوڵەتیی.

تێزی دیموکراسی لە عێراقیش بە گەرمی باس دەکرێت. پاش شکستی ریفراندۆم ئەم تێزە بنەمایەکی دیفاکتۆیی وەرگرتوە. عێراق ئەگەر بە پێی دەستورەکەی بەڕێوەبچێت ڕەنگە لە هەمو جێگایەکی تر زیاتر بۆ پرسی دیموکراسی گونجاو بێت. بەڵام لە عێراقدا تەنها دەستور بونیادێکی دیموکراسییانەی هەیە. هەموو بنەماکانی تر نادیومکراسیین. بۆیە یاسا هێشتا یەکلاییکەرەوەی سیاسەت نیە. هەروەها ئەوە یاسانیە کە سیاسەت لە قاڵب ئەدات، بەڵکو هێزە. تێزی دیموکراسی بە تەنها وەک تێزێکی مەحاڵ دەردەکەوێت لە بەر کۆمەڵێک هۆکار:

یەکەم، بونی ڕێگری زۆری دیموکراسی بونی ئەو کۆمەڵگایانە.

دووەم، لاوازبونی پرۆسەی دیموکراسیبون لە دونیادا، سێیەم، شلۆقبونی دونیا لە قۆناغی داهاتودا. بەڵام لە سەروی هەمویەوە تێزی دیموکراسی بون لە ناو کورددا خۆی کێشەی هەیە. هێشتا کۆمەڵگای سیاسی کوردی ناتوانێت دیموکراسییانە سیاسەت پیادەبکات. بەڵکو دیموکراسی تەنها ئاهەنگ و نمایشێکە.

نەبونی دیموکراسی لە ناوخۆدا، دەبێتە هۆکاری لاوازبونی تێزی دیموکراسی بۆ چارەسەری پرسی کورد هەر لە سەرەتادا.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا