بڕیار ته‌ها 10/11/2019 625 جار خوێنراوەتەوە

بۆچی کلوپ بەراورد بە گواردیۆلا ژیرانەتر مامەڵەی لەگەڵ یارییەکەدا کرد؟

شیکاری وەرزشی

 

لیڤەرپووڵ بە باشترین ساتەکانیدا تێدەپەڕێت و دوور نییە ئەم چەند وەرزەی کلوپ لەگەڵ ڕیزد بە سەردەمی زێڕینی یانەکە لە مێژوودا دابنرێت، یاریگاش یاریگای ئانفێڵد بوو ئەو یاریگایەیی هاندەرەکانی بۆ یەک چرکەش بێت لە پاڵپشتیکردنی یاریزانەکانیان ناوەست و دانانیشن، بۆ ڕووبەرووبوونەوەی ئەم یانە سوور پۆشە و بەدەستهێنانی ئەوەی دەتەوێت کارێکی نەک ئاسان نییە بەڵکو زۆریش زەحمەتە، ئەمەش بۆ لیڤەرپووڵ هەمیشە خاڵی بەهێزە.

لە لایەکی دیکەشەوە ژمارەی یاریزانە پێکراوەکانی مانچستەر سیتی زیاتر بوو لە ژمارەی یاریزانە پێکراوەکانی لیڤەرپووڵ، لە مانچستەر سیتی ( ئیدرسۆنی گۆڵپارێز و لاپۆرت و زێنچینکۆ لە بەرگری و سانێ لە هێرشبردن ) نەیاندەتوانی یاری بکەن، بەڵام لە لیڤەرپووڵ تەنیا ماتیپ وەک یاریزانی سەرەکی پێکهاتەکەی کلوپ پێکانی هەبوو، ئەگەرنا پێکانی شاکیری و کلاین کاریگەریان لەسەر لیڤەرپووڵ بەو جۆرە نییە کە یانەکە بخاتە مەترسییەوە.

سەرەڕای ئەم دوو خاڵەی سەرەوە، بەڵام گواردیۆلا وەک هەمیشە لەسەرەتایی یارییەکەوە بەبێ گوێدانە مەترسییەکانی لیڤەرپووڵ بۆ سەر گۆڵەکەی، مەبەستی بوو کۆنتۆڵی تۆپ و یاریگا بە زووی بکات و تۆڕی گۆڵی ئالیسۆن بهەژێنێت، بەمەش مانچستەر سیتی هەموو تەرکیزیان خستە سەر پلانی هێرشبەری، بەڵام زۆر کات یارییە گەورەکان بە شتی بچوک و چاوەڕوان نەکراو یەکلایدەبنەوە، وەک ئەو شووتەی فابینۆ ئاڕاستەی گۆڵی مانچستەر سیتی کرد و گۆڵی لێکەوتەوە، ئەمە لە کاتێکدا پێشتر زۆر بەکەمی ئەو یاریزانە بەرازیلییە تۆپی ئاڕاستەی گۆڵ کردووە، ئەویش بەرئەنجامی ئەو بۆشاییە زۆرە بوو کە بۆ فایبنۆ هاتە پێش، هەڵەکەش حساب نەکردنی گواردیۆلا بوو بۆ هێرشە هەڵگەڕاوەکانی لیڤەرپووڵ و لەبەرچاو نەگرتنی خاڵی لاوازی یانەکەی بوو، چونکە بە درێژایی کاری ڕاهێنەرایەتی پێپ لە پڕێمەرلیگ بەردەوام بەدەست هێرشە هەڵگەڕاوەکانەوە ناڵاندوێتی و مانگی ڕابردووش بەرانبەر وڵڤەرهامپتۆن بەهۆی هەمان گرفتەوە شکستی هێنا، پاش ئەو گۆڵەی فابینۆ ئیدی مانچستەر سیتی لە کەشی یارییەکە چووە دەرەوە و بە ئاسانی تۆپیان لەدەست دەدا.

خاڵێکی دیکە خراپی یاریزانانی مانچستەر سیتی بوو لە کۆتا لەمسەدا، بە پێچەوانەشەوە یاریزانانی لیڤەرپووڵ لە کۆتا لەمسەدا زۆر بە باشی مامەڵەیان کرد و بەبێ هیچ ترسێک و بە تەرکیزێکی زۆر باشەوە گۆڵیان دەپێکا، هەڵبەت ئەمەش جیاوازی نێوان هەردوو ڕاهێنەر لە ڕووی ئامادەکردنی یاریزانەکانەوە دەردەخات.

ژیری و عاقڵی کلوپ لە خولەکی 61 وە بەدەرکەوت کاتێک هندرسۆنی لە یاریگای هێنایە دەرەوە و لە شوێنی بەشداری بە میلنەر کرد، چونکە هندرسۆن زیاتر وەک هێرشبەری چوارەم دەردەکەوت و کەمتر هاوکاری فابینۆی دەکرد، ئەمە لە کاتێکدا لیڤەرپووڵ بە سێ گۆڵ لە پێش بوو، بۆیە کلوپ عاقڵانە بە ئاڕستەی پارێزگاریکردن لەوەی لە تایمی یەکەم بەدەستیان هێنا بوو پلانەکانی گۆڕی و زیاتر بەرەو نیوە یاریگای خۆی کشایەوە، چونکە لەم یارییە ڕیتم زۆر خێرایانەدا ٥ خولەک بەسە بۆ ئەوەی یانەیەکی وەک مانچستەر سیتی هەر سێ گۆڵەکە لە لیڤەرپووڵ تۆمار بکاتەوە، دواتریش پێش ئەوەی بێرناردۆ گۆڵی یەکەم بۆ مانسیتی تۆمار بکاتەوە و جیاوازییەکە بۆ دوو گۆڵ کەم بکاتەوە، کلوپ چامبەرلینی لەسەر هێڵی یاریگاوە بۆ بردنەوەوە ئامادەکربوو، ئەوە بوو دوای گۆڵەکە فێرمینۆی هێرشبەر لە یاریگا هاتە دەرەوە و چامبەرلینی ناوەندساز لە شوێنی بەشداری کرد، ئەمەش گۆڕانکارییەکی خراپ نەبوو، بەڵکو سوودی هەبوو چونکە چامبەرلین جگە لەوەی لە ڕووی هێرشبەرییەوە زۆر باشە، لەگەڵ ئەوەشدا دەتونێت وەک ناوەندسازێک هاوکاری بەرگریکارەکان بکات و کردیشی.

لە کۆتا 7 خولەکی یارییەکەدا کلوپ تەواو پلانی بەرگری هەڵبژارد و سەلاحی لە یاریگای هێنایە دەرەوە و بەشداری بە گۆمێزی بەرگریکار کرد، ئەمەش نەک نابێتە عەیب بۆ کلوپ بەڵکو دەبوو گواردیۆلا وانەی لێ وەربگرێت و فێر ببێت لەوەی بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە یان لە کەمی تاکە خاڵێک وا پێویست دەکات لە چەند وێستگەیەکی یارییەکەدا بە بەرگری یاری بکەیت و بە ئاسانی تووشی شکست نەبیت.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی بڕیار ته‌ها

سەرەتا