هێمن عه‌بدولقادر 08/11/2019 140 جار خوێنراوەتەوە

بەخشەر ئاسودەیە


هەمیشە لەوەی کە هەتانە بیبەخشن، بەخشندەیی تەنها پەیوەست نیيە بە گیرفان و پارەوە، شۆفێریکردن بە رەوشتەوە، جۆرێکە لە بەخشندەیی، رێزگرتنی منداڵ و پیر و پیادە لەسەر شەقام بەخشینی (سەلامەتی)ە بەوانی تر..

فڕێنەدانی پاشماوەی خواردن و کلێنس و توێکڵی گوڵەبەڕۆژە لە جامی ئوتومبێل و نەشکاندنی دار و درەخت، نەکوشتنی ئاژەڵ و باڵندە و قڕ نەکردنی پەلەوەر و ماسی، جۆرێکە لە بەخشین.. رێزگرتنی مرۆڤ بۆ سروشت، بەخشینی (ژیانە) بەوانی تر..

رووی خۆش و پێکەنین بە روی ئەوانی تردا، جۆرێکە لە بە خشندەیی، فێرکردنی خەڵکی لەو زانست و زانیارییەی کە هەتە و نەشاردنەوەی، جۆرێکە لە بەخشندەیی.
بەخشندەیی خۆ تەنها پەیوەندی نییە بە بونی پارەوە، بەڵێ راستە پارە گەدە تێر دەکات، پارە دەتوانێت هەموو ئەو ئەو (رەمەک)و غەریزە ئاژەڵیانەی کە لە مرۆڤدا هەیە تێر بکات، بەڵام دڵ نا، دڵ پێویستی بە بەخشندەییە، دڵ پێویستی بەوەیە ستایش بکرێت، هەست بکات خەڵکی خۆشیان دەوێت، هاوسۆزن لەگەڵی، هەست بە ئازارەکانی دەکەن.

رستە بەناو بانگەکەی (ستیڤ جۆبز) دێنینەوە یادمان کە دەڵێت:" ئێستا لەسەر تەختی نەخۆشخانە کەوتوم و کۆتا ساتەکانی ژیانم بە رێدەکەم، ئا لەم ساتەشدا بە هۆی پارەکانمەوە دەتوانم خەڵکێکی زۆر بە کرێ بگرم تەنانەت دوای مردنیشم رۆژانە پارەم بۆ پەیدا بکەن، بەڵام بەو هەموو پارەیەی کە هەمە، ناتوانم تەنها یەک کەس بدۆزمەوە و بە کرێی بگرم کە لە بری من ئازار بچێژێت".

ژیان هەست کردنە بە ئازاری ئەوانی تر، ئومێد دانە بە نائومێدی، رێزگرتنە لە پەراوێزی، ببەخشن لەوەی کە هەتانە، لە (ڕێز، لە زانست، لە پێکەنین، لە خۆشەویستی، لە پارە، زەردەخەنە، لێبوردەیی) هەرگیز لە بەخشندەیی مەترسن، مرۆڤ هیچ کات لە بەخشندەیی زیان ناکات.

ئەگەر زۆرت هەبوو ناچاری ئەو کارە بکەیت، چونکە زۆری بابەتێک و نەبەخشین لێێ دەبێتە هۆی خراپ بوونی، ئەگەر کەمیشت هەیە هەر ناچاریت ببەخشیت، ئاوێکی کەمیش بۆ ئەوەی سەرچاوەکەی کوێر نەبێتەوە، ناچارن بە جام لێێ هەڵگۆزن و لێی ببەخشن، ئەکارە هەم ناهێڵێت سەرچاوەی روناکیبەکە کوێر بێتەوە و هەم بەردەوام ئاوی تر دێتەوە شوێنی، ئێمەش بۆ ئەوەی سەرچاوەی ئاسودەگی و خۆشبەختیمان کوێر نەبێتەوە و خاڵی نەبین، ناچارین دەبێت ببەخشین.

(من لایرحم، لایرحم) ئەوەی نەبەخشێت نابەخشرێت..

هەمیشە ببەخشن (سڵا و، خواردن، جل، پارە، ڕێز، خۆشەویستی، پێکەنین، هاوسۆز بوون، یارمەتی، ئومێد، هیوا) بەوانەی کە دەیانناسن و بە وانەشی کە نایانناسن، بەوانەی کە چاکەیان لەگەڵ کردوون و بەوانەشی کە خراپەیان لەگەڵ کردوون.

(أن تقرأ السلام، وتُطعم الطعامَ، على مَن عرفتَ ومَن لم تعرف)

لە بەخشیندا هیچ شتێک کەم ناکات..

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا