فه‌رید ئه‌سه‌سه‌رد 02/11/2019 223 جار خوێنراوەتەوە

رۆڵی هەڵكشاوی روسیا لە ناوچەكەدا

پاش ئەوەی ئیدارەی ترەمپ دوو جار رایگەیاند كە هێزەكانی لە باكووری سوریا دەكێشێتەوە و بەكردەوەش دەستی بەكێشانەوەی زۆربەی هەرە زۆری هێزەكانی كرد، ئێستا هەر ئەو ئیدارەیە بژاردەی هێشتنەوەی 500 سەرباز لە باكووری سوریا و پارێزگای دێرەزور تاوتوێ‌ دەكات. هەرچەند راگەیەنرابوو كە هێزەكانی ئەمریكا ئەركەكانی خۆیان لە سوریا جێبەجێ‌ كردووە و داعشیان بە هاوكاریی كورد لەناو بردووە، كەچی ئێستا واشنتۆن جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە هێشتنەوەی هێزەكانی بۆ رێگرتنە لە سەرهەڵدانەوەی داعش، هەر وەك بۆ ئەوەشە كە چاڵە نەوتەكانی باكووری سوریا نەكەونە ژێر دەستی داعش كە لە ناو براوە. هەر بە هەمان پێودانگ، لە كاتێكدا ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ توركیا هەڵكردووە بۆ هێرشكردنە سەر ناوچەكانی رۆژهەڵاتی فورات و پێكهێنانی ناوچەیەكی ئارام، ئێستا پشتگیریی پێشنیارەكەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەكا كە داوای دروستكردنی ناوچەیەكی ئارامی نێودەوڵەتی لە باكووری سوریا دەكات.

تا ئێستا چانسی دروستكردنی ناوچەیەكی ئارامی نێودەوڵەتی چانسێكی بەهێز نییە، بەتایبەتی كە روسیا و توركیا رەتی دەكەنەوە. وەك دیارە، ئەمریكا زۆر بە سەرلێشێواوی و بەبێ‌ هیچ ستراتیجێكی تۆكمە هەڵسوكەوت لەگەڵ دۆخی ئاڵۆزی سوریا دەكا، لەكاتێكدا ستراتیجیی روسیا سەبارەت بە سوریا تۆكمەتر و سەركەوتووتر دەردەكەوێ‌. لە كۆبوونەوەكەی سووچی كە لە نێوان سەرۆكی روسیا پوتین و سەرۆكی توركیا ئەردۆغان هاتە ئاراوە، توركیا هیچ دەستكەوتێكی ستراتیجیی بەدەست نەهێنا. لە لایەك روسەكان ئۆپەراسیۆنەكەی توركیایان لەو شوێنە راگرت كە پێی گەیشتبوو، لە لایەكی ترەوە نەیانهێشت توركیا بە تەنها و بەو جۆرەی كە خۆی دەیەوێ‌، ناوچەی ئارام دروست بكا، بەڵكو خۆیان كردە هاوبەشی توركیا لە دروستكردنی ناوچەكە و لە پاراستنی سنوورەكەی. ئەوەش وایكرد باڵادەستی لە ناوچەی ئارام و لەسەر سنووری باكووری سوریا بۆ روسیا بێت نەك بۆ توركیا.

ئەوەی كە روسەكان لە سووچی، سەبارەت بە ناوچەی ئارام و پاراستنی سنوور و كشانەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات، لەگەڵ توركیا لە سەری رێككەوتون، ئەمریكییەكان پێشتر دەیانتوانی لەگەڵ توركیا لە سەری رێك بكەون. هەرچەند ئەمە بۆ كورد هیچی لە مەسەلەكە نەدەگۆڕی، بەڵام بۆ ئەمریكییەكان زۆری لە مەسەكە دەگۆڕی. لانی كەم وێنایەكی وای بە جیهان نەدەدا كە ئەمریكا لەكاتی پێویستدا دەست لە هاوپەیمانەكانی هەڵدەگرێ‌ و بیر لە ئەنجامی بڕیارەكانی ناكاتەوە.

روسیا لە ستراتیجەكەیدا نایەوێ‌ هیچ بدۆڕێنێ‌. ئەم ستراتیجە لە ناوەڕۆكدا لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە كە توركیا و كورد رژێمی سوریا بەلای خۆیدا رابكێشێ‌. بۆیە لەكاتێكدا كە رێی داوە توركیا ناوچەی ئارامی دڵخوازی خۆی لە باكووری سوریا دابمەزرێنێ‌، هێزەكانی ئەسەدیشی بۆ كۆبانی و منبج گێڕاوەتەوەو بە دانانی سنوورێك بۆ ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا، هێزەكانی سوریای دیموكراتی لە فەوتان و لەناوچوون رزگاركردووە.

روسیا بە پێچەوانەی توركیاوە، پێی وایە دەبێ‌ كورد رۆڵیان لە دیاریكردنی ئایندەی سوریادا هەبێ‌. ئەمەش لە قسەكانی پوتین دا لە پرێس كۆنفرەنسە هاوبەشەكەی لەگەڵ ئەردۆغان دەردەكەوێ‌، كە تێیدا وتی كورد بەشێكە لە سوریا و نابێ‌ پەراوێز بخرێ‌. روسیا كە دەوڵەتێكە لە چەندین یەكەی خۆبەڕێوەبەر پێكهاتووە، كێشەی لەگەڵ یەكەی خۆبەڕێوەبەری كورددا نییە و لە تورك و سورییەكان باشتر لە گرنگیی ئەم مەسەلەیە بۆ سەقامگیریی ناوخۆیی تێدەگا.

لە رێككەوتنەكەی سووچی، ئاماژەیەكی خێرا بە رێككەوتننامەی ئەدەنە كراوە كە لە كۆتایی نەوەدەكاندا پەیوەندیی ئەمنیی سوریا و توركیای رێكخستووە. روسیا پێی باشە رێككەوتننامەی ئەدەنە پەرەی پێ‌ بدرێ‌ و بكرێتە پەیمانی ئاشتی لە نێوان سوریا و توركیا. بەڵام پێناچێ‌ توركیا ئەم بژاردەیەی یەكلا كردبێتەوە، چونكە ئەم پەیمانە توركیا بە كۆمەڵێك مەرج پابەند دەكا، لە سەرووی هەموویانەوە داننان بە مانەوەی ئەسەد و رژێمەكەی و كشانەوەی هێزەكانی لە باكووری سوریا. هەر لەم سەروبەندەشدا دەبێ‌ واز لە پشتگیریكردنی ئۆپۆزیسیۆنی چەكداری سوریا بێنێ‌ و رێز لە سنوورە نێودەوڵەتییەكەی سوریا بگرێ‌. روسەكان دەزانن ئەگەر توركیا پەیمانی ئاشتی لەگەڵ ئەسەد واژۆ بكات، دەبێ‌ گۆڕانی ریشەیی بەسەر سیاسەتی دەرەوەیدا بێنێ‌ و چیتر خەو بەوەوە نەبینێ‌ كە ببێتەوە بە رابەری جیهانی ئیسلامی سوننی. ئەمەش بە واتای هەرەسهێنانی تیۆریی عوسمانیزمی نوێ‌ دێت كە لەوەتەی پارتی داد و پەرەپێدان هاتۆتە سەر كار، یەكێ‌ لە بناخە سەرەكییەكانی سیاسەتی دەرەوەی توركیا پێكدێنێ‌. بۆیە ئەگەر توركیا بگاتە ئەو رادەیەی كە داوای نرخی ئەم هەموو پابەندبوونە بكات، هەر ئەوەی بۆ دەمێنێتەوە كە داوا بكات ئەوەی بۆ دەستەبەر بكرێ‌ كە كوردی سوریا مافێكی زۆریان چنگ نەكەوێ‌. بەڵام بە كردەوە ئەمە هیچ مانایەك نادا، چونكە سوریای پاش بڕانەوەی شەڕ ناتوانێ‌ هەمان سوریای پێش ساڵی 2011 بێ‌ و ناشتوانێ‌ بە هەمان شێوە و رێوشوێن هەڵسوڕێ‌. بە دڵنیاییەوە، روسیا دەستبەرداری سوریا نابێ‌. روسیا لە دەروازەی سوریاوە پێگەیەكی بەهێزی لە ناوچەكەدا بۆ خۆی دامەزراندووە و هیچ گومان لەوەدا نییە كە سوریای پاش جەنگ شوێنێكی گرنگی لە ستراتیجی روسیادا دەبێ‌، بەتایبەتی لە سایەی پاشەكشەی رۆڵی ئەمریكا لە ناوچەكەدا و پێویستیی ناوچەكە بە زلهێزێكی دەستڕۆیشتووی كاریگەر و متمانەپێكراو.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا