هونه‌ر تۆفیق 28/10/2019 187 جار خوێنراوەتەوە

ئایا بایکۆت دەبێت بە شۆرش؟

لە کاتێکدا بەریتانیا ئیمپراتۆرێکی بەهێز و توانا بوو، هیندەکان گەلێکی هەژاری لاواز و داگیرکراوبوون. لەڕووی هێزی سەربازی و ئابووریەوە شایەنی بەراوردکاری نەبوون.

گەلی هیندی لاوازی داگیرکراو، بە ڕابەرایەتی غاندی، لەو کاتەدا بڕیاری شۆڕشیان دا. شۆڕشی بایکۆت، شۆڕشی خۆڕزگارکردن لە ژێردەستەیی و ئازادبوون لە داگیرکاری بەریتانیەکان. شۆڕشی بێ چەک و بێ توندوتیژی. لە کاروانی خوێ وە شۆڕشی خۆییان بەرپاکرد.
ئینگلیزەکان لە هیندستان ئیحتکاری هەموو شتێکیان کردبوو، لەوانە ئیحتکاری خوێش. غاندی لە کاروانێکی ٤٠٠ كیلۆمه‌تردا شاربەشار و گوند بەگوند بەرە و دەریا کاروانەکەی دەستپێکرد، بەئامانجی گەیشتن بە خوێ ی کەنار دەریا. کاتێک گەیشتە لای لمەسوێرەکەی کەنار دەریا، دەیان هەزار خەڵکی هیندی لە پشتەوەبوو. مشتێ خوێی لە ئاوە وشکەوەبووەکەی لێوار دەریاکە بەرزکردەوە و گوتی: لێرەوە شۆڕشەکەمان دەستپێدەکەین، شۆڕشی بایکۆتی کاڵا و شتومەکی بەریتانی و خۆمان خۆمان دەژیەنین. لەو مشتە خوێیەوە کاروانی ئازادی گەلانی هیندستان دەستی پێکرد.

مۆدێلەکانی شۆڕش لە مێژوودا جیاوازن، شۆڕشی کەمینە بەسەر زۆرینەدا، شۆرشی هەژاران بەسەر دەوڵەمەندەکاندا، شۆڕشی کۆیلەکان بەسەر کۆیلەدارەکاندا. مۆدێلەکەی غاندیش شۆڕشی بەکاربەرە داگیرکراوەکان بوو بەسەر موحتەکیرە بەریتانیەکاندا کە شۆڕشی بایکۆت بوو.

بایکۆت چەکێکی کاریگەری بەهێزە لەدژی بەهێزێکی داگیرکار. موسڵمانەکان لەسەرەتای بانگەوازی محەمەدیدا بەرانبەر ناموسڵمانەکان بەکاریانهێنا، کڕین و فرۆشتن، ژن و ژنخوازیان، لەگەڵ ناموسڵمانەکاندا ڕاگرت.

لەبەر ئەوەی سەرەتای هەر هێرشێکی سەربازی بە لێدان لە ئابووری لایەنی بەرانبەر دەستپێدەکات، یەکەم زەربەی سەرەتای جەنگیش راگرتنی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی نێوان دوو لایەنی شەڕکەری جەنگەکانە.

کوردستان بەخواستی خۆی بێت یان بە ناچاری، کەوتۆتە ژێر هەیمەنەی ئابووری، سیاسی، تورکیاوە. لەلایەک بە داگیرکردنی ڕاستەوخۆ "لەباکوور" لەلایەکی ترەوە بە داگیرکردنی ناڕاستەوخۆ"لەباشوور" تورکیا ئیحتکاری ژیان و کەرامەت و ئازادی و بەهای ئینسان بوونی کوردی کردووە. هەڵمەتی بایکۆت کە خۆشحاڵانە بە هەنگاوێکی جدیەوە لەناو خەڵک و کۆمەڵیک گەنجی بە مەسولیتەوە دەستی پێکردووە ، ئەگەر ئۆرگانیزە بکرێت و گوڕ و تینی هەمەلایەنەی پێبدرێت، دەگات بە ئاستی شۆڕشێکی جەماوەری و نەتەوەیی باڵا.

ئەو هەڵمەتە پشتیوانی هەموومانی دەوێت، غاندی ئەگەر خەڵکی هیندی لە پشت نەبووایە بۆ بایکۆتکردنی کاڵای بەریتانی نەیدەتوانی گەلی هیند بگەیەنێت بە سەربەخۆیی . بۆئەوەی هەڵمەتی بایکۆت ببێت بە شۆڕش، شۆڕشی زیندووکردنەوەی بەرهەمی نێوخۆیی، شۆڕشی ئازادبوونی ئینسانی کورد لە ئیحتکاری سیاسی و فەرهەنگی و ئابووری، شۆرشی خۆڕێکخستنەوە و پیاداچوونەوەی کورد بە هەڵوێستە نیشتمانی و مێژوویەکانیدا، پێوستمان بە هاوکاری هەڵمەتی بایکۆت هەیە. ئەنجامەکەشی زۆر لەوە گەورەتر چاوەڕوان دەکرێت کە تەنیا سزادانی ئابووری تورکیا ، یان هەڵوێست نواندبێت وەک پشتیوانی ڕۆژئاڤا، بەڵکە سەرەتایەکە بۆ ئازادبوون و گەڕانەوەی کەرامەتی ئینسانی کورد .

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا