بڕیار ته‌ها 27/10/2019 105 جار خوێنراوەتەوە

پێنج خاڵ سەبارەت بە بردنەوەکەی لیڤەرپووڵ

بۆ ئەوەی تەواوی یارییەکە بە هاوسەنگی شیکاری بکەم دەبێت هەردوو یانەکە لەبەرچاو بگرم، لەبەر ئەوە بە پێنج خاڵ هەڵسەنگاندین بۆ یارییەکە دەکەم.
یەکەم؛
تۆتینهام لە ناو ئانفێڵدی یاری دەکرد، ئەوەی خراپ بوو هەر لە خولەکی یەکی سەرەتاوە لیڤەرپووڵیان لە خۆیان تووڕە کرد، دەی ئاخر تووڕەکردنی لیڤەرپووڵ و هاندەرەکانی لە ناو ئانفێڵد دەرئەنجامی قورسی دەبێت، ئەگەر تۆتینهام لە کۆتاییەکانی گێمی یەکەمدا گۆڵی یەکەم و پێشکەوتنی بکردایە ئەوا دەیتوانی باشتر خۆڕاگر بێت، سەرەڕای ئەوەش بەرگریکارانی تۆتینهام لە ئاستێکی باشدا بوون، چونکە بە درێژایی زۆرترین خولەکی یارییەکە توانیان ئامادەییان بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ڕیدز هەبێت و لە ژێر ئەو فشارە زۆرەدا کەمترین هەڵە ئەنجام بدەن.

دووەم؛
لیڤەرپووڵ وەک پارێزگاریکردن لە شێوازی یار خۆی، وەک کۆڵنەدان لە پێناو نازناوی ئەم وەرزە بەو پەڕی گڕ و تینەوە یاریان دەکرد، تەنیا ڤاندایک و لۆڤرین بەشداری هێرشەکانیان نەدەکرد و لە نیوە یاریگادا دەمانەوە، بەڵام لەمشەودا چ محەمەد سەلاح بە پلەی یەکەم و دواتر فیرمینۆ و دواتریش مانێ لە ئاست پێویستدا نەبوون، بۆ یانەیەک کە بیەوێت کێبڕکێی نازناوەکە بکات پێویستە لەسەر هێرشبەرەکانی لە بچوکترین دەرفەتدا گۆڵ تۆمار بکەن.

سێیەم؛
کلۆپ؛ هیچ گومانی تیا نییە ئەو ڕاهێنەرە تا ئێستا خاوەنی باشترین بیرۆکە و پلانە لە ساڵی 2019دا، بەڵام بەراورد بە یارییەکانی ڕابردوو درەنگتر گۆڕانکاری لە نێو یاریزانانی سەرەکی و یەدەگدا ئەنجامدا و نزیکبوو لەوەی ڕیتمی خێرایی یاریکردنی لیڤەرپووڵ خاو ببێتەوە.

چوارەم؛
خاڵی بەهێزی لیڤەرپووڵ ئەو توانا جەستەییە بەرزەی یاریزانەکان بوو، بە جۆرێک هیچ بوارێکیان بە یاریزانانی تۆتینهام نەدەدا لە ساتی چوونە دەرەوەی تۆپ بۆ دەرەوەی یاریگای یەک هەناسە هەڵبمژن، پاڵپشتی هاندەرانی ئانفێڵد و بەردەوام وتنەوەی وتافی هاندەر بۆ یاریزانەکان بە دەنگێکی بەرز و بە یەک ڕیتم و بەیەکەوە هۆکار بوو تا ئەوەی یاریزانەکان هەست بە ماندوو بوون نەکەن و لە هێرشەکان بەردەوام بن.

پێنجەم؛
بەبێ هیچ گومانێکیش ( فابینۆ ) باشترین و کاریگەرترین یاریزانی لیڤەرپووڵ بوو، جگە لەوەی هاوکارییەکی زۆر باشی بەرگریکارەکانی دەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووماڵێکی زۆر تاکتیکی هێرشەکانی دەکرد و بەردەوام لە دوای هێرشبەرەکانەوە تۆپی بۆ باڵەکان بە دروست ئاڕاستەی ئاڕنۆڵد و ڕۆبێرتسۆن دەکرد.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی بڕیار ته‌ها

سەرەتا