سه‌ردار عه‌زیز 23/10/2019 121 جار خوێنراوەتەوە

ئایا گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی لە ئارادایە؟

یەکێک لەو دیدە ڕەشبینانەی کە لە دونیای تێگەیشتنی کوردیدا ئامادەیە، دیدی گەلەکۆمەیە. جارێكی تر کورد ڕوبەڕوی گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی دەبێتەوە، ئەم دیدە ڕەگی هەیە لە ناخی کورددا بە هۆی سیاسەت و مێژو و دۆخی کورد، کە هەمیشە زەمینەی ئەوەی ڕەخساندوە کە زیاتر لە هێزێک دژی کۆبێتەوە.

جوگرافیای کوردستان ڕەنگە هۆکاری سەرەکی ئەم دیدە ڕەشبینە بێت. بەڵام ڕەنگە گونجاوبێت لە دیدی تیورەی گەلەکۆمەوە ئەم دۆخەی ئێستا هەڵبسەنگێنین. لە خوارەوە بە چەند خاڵێک هەوڵ ئەدەم ئەم دیدە ڕاڤە بکەم.

یەکەم، کوردستان لە دونیای ئەمڕۆدا جێگای ململانێی زلهێزەکانی دونیایە. ئەمە تاکە سەردەم نیە کە کوردستان جێگای ئەم ململانێیە، بەڵکو لە زۆربەی سەدەی بیستدا بەمجۆرە بووە. لە هەمانکاتدا دۆخی کوردستان ڕاستەوخۆ پابەست بووە بە چارەنوسی هێزە هەرێمیەکانەوە. ئەمە هەمیشە زەمینەسازی کردوە بۆ دەستوەردان و گەلەکۆمە.

لە ڕوداوەکانی ئەم دواییەی ڕۆژئاڤادا، وەک دیپلۆماتێکی ئەوروپی بۆ گۆڤاری "دێرشپێگلی ئەڵمانی" ئاشکرای کردوە، کە ئەوە ڕوسیابووە هانی تورکیای داوە کە فشار بکات بۆ هێرش لە سەر ڕۆژئاڤا. هەردوو لاڤرۆڤ و پوتین یاریکەرێکی شەترنجی سیاسی باڵان. ئامانجی ڕوسەکان ئەوەنەبووە کە هاوکاری یان پشتیوانی تورکیا بکەن، بەڵکو زیاتر ئەوەبووە کە چۆن دۆخێک بهێننە ئاراوە کە چەند ئامانجێکی ستراتیژی پێ بپێکن. ئامانجی یەکەم، زەمینە ڕەخسان بۆ هاتنەدەرەوەی تورکیا لە ناتۆ، دووەم، دەرکردنی ئەمریکا لە سوریا، سێیەم، پاڵنانی کورد بۆ لای ڕوس و ئەسەد. هەموو ئەمانە سەت دەر سەد لە قازانجی ڕوسیان، وەک دەیانبینین.

بەڵگە بۆ ئەوەی کە دۆخەکە بەمجۆرە بووە، ئەوەیە کە، یەکەم، خێرا پاش تەلەفونەکەی لە گەڵ ترەمپدا ئەردۆگان پەیوەندی بە پوتینەوە دەکات. ئەو کاتە پوتین لە سایبریا بووە لە ڕێکردن (هایکینگ). دووەم، ئەردۆگان زۆر دڵنیایە لە هەڵوێستی ڕوسیا، سێیەم، ڕۆژی سێشەممە لە سوشی یەکتر دەبینین بۆ تاوتوێکردنی دۆخەکە.

ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت کە ئێستا کە تورکیا جوڵەکەی ئەنجامدا، ئەوا دۆخێکی نوێ هاتەئاراوە لە سەر خانەی شەترنجەکە. بەم ئەم جوڵەیە تورکیا ڕۆڵی لاوازبوو، چونکە، ناتوانێت و ناهێڵرێت بگاتە ئامانجەکانی، بەڵام خزمەتی گەورەی ئەوانیتری کرد. روس کوردستان نادەن بە تورکیا چونکە بەلایانەوە ئێجگار گرنگە بۆ پێگەیان لە ناوچەکەدا.

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو سوپایەی کە هاتوە بۆ ناوچەکە بە سەرکردایەتی سەرکردایەتی سوهەیل حەسەنە کە سوپای پڵنگە، پەیوەندییەکی تایبەتی هەیە بە ڕوسیاوە. بە جۆرێک لە لایەن ڕوسیاوە ڕاستەوخۆ پشتیوانی دەکرێت و لە بارەگاکانیاندا وێنەی ئەسەد و پوتین هەڵدەواسن. ئەمەش ئاماژەیە بۆ کۆنترۆڵی ناڕاستەوخۆی روسیا. ئەم ناوچەکە گرنگە لە ڕوی جیوپۆلتیکی، سامانی سەرزەوی و ژێرزەوی. هەمو ئەمانە وەها دەکەن کە دەسەڵاتی روسیا لەوێ وەهای لێدەکات کە دەسەڵات و پێگەی لە ناوچەکە زیاتر بێت.

ئەگەری هەیە ناوچەیەکی ئەمنی بچوک بە تورکیا بدەن.
ئەم کۆبونەوەی تورکیا و ئێران و روسیا و سوریا دژ بە ئەمریکا لە سوریا مایەی سەرسوڕمان نیە، چونکە هەم دۆخی ئاسایشی جیهانی و هەم دۆخی ناوچەکە بەرەو ئەو ئاراستەیە دەچێت. بەڵام سەرباری ئەمە ئەوەی ترەمپ کردنی نەدەبوو روبدات بە پێی هەموو لێکدانەوەکان. وەک دەرکەوت کە ئەمریکا هیچ سودمەندنیە لە دۆخەکە.

دۆخی سوریا بۆ ئەمریکا جیاوازبوو لە هەموو جێگاکانی تر، چونکە ئەمریکا کەمترین ژمارەی سەربازی هەبوو، بەڵام زۆرترین سەرکەوتنی بەدەستهێنابوو. لە هەمانکاتدا بەو ژمارە کەمەی سەربازەوە زۆرترین کاریگەری هەبوو لە دۆخی ناوچەکە و هێزە ڕکەبەرەکانی. ئەو تیورەیەیە کە گوایە باس لە بەرژەوەندی دەکات لە پەیوەندی نێودەوڵەتیدا لێرەدا ڕوبەڕوی کێشە دەبێتەوە، چونکە بە دڵنیاییەوە ئەوەی ڕویدا لە هیچ ئاستێکدا لە بەرژەوەندی ئەمریکا نیە: چ لە سەر ئەرزی واقیع، چ بەرامبەر نەیارەکانی.

ئەوەی چاوەڕوان دەکرا ئەمرکا بیکات لە ئاستی تیوری و واقیعی سیاسیدا ئەوەبووە کە ڕێگربێت لەوەی لاواز دەرکەوێت، هەروەها ڕێگربێت لەوەی کە بەرەیەکی نەیاری بەهێز دژ بە بەرژەوەندیەکانی و هەیبەتی بێتە کایەوە. ئەمە لای سیاسەتمەدارە ئاگادارەکانی ئەمریکا دەمێکە مایەی ئاگایی بوە. لە کتێبی تەختەی شەترنجی مەزن برژنیسکی باس لە مەترسی هاتنە ئارای بەرەیەکی دژ بە ئەمریکا دەکات لە ئۆراسیا کە روسیا و ئێران و تورکیا پێکەوە گرێبدات لە هاوپەیمانیەکدا، ئەمە ئەمڕۆ پاش کشانەی ئەمریکا لە ڕۆژئاڤا لە هەمو ساتێک زیاتر مایەی فەراهەم بونە.

لە ڕوانگەی پۆلەسییەوە، ماوەیەکە بە بەردوەوامی خانە بیرەکان و ناوەندەکان ئاگاداری ئەوە دەدەن کە سوریا بۆ ئەمریکا گرنگە، ئەمە چەندین جار بە کۆنگریس وتراوە و هەروەها ئەوانەی کە لە ئیدارەی ترەمپ بوون وەک ماتییەس، بۆڵتن هەموو باش ئاگاداری ئەمە بوون، بەڵام ئەولەویانی ترەمپ جیاوازە. ترەمپ وەک بێئاگایەک، حەزی لە نانەوەی ئاشوبە، پاشان بە ڕێگای خۆی هەوڵی چارەسەرکردنی بدات. ئەو شەوەی کە سازش بۆ ئەردۆگان دەکات، لە ڕۆژەکەیدا نامە دەگمەنەکەی بۆ دەنێرێت کە بە تەواوی پێچەوانەی ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفونیەکەیەتی. پاشان هەموو قەیرانەکان بە دوایدا دێت.
ئێستا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پرسیاری سەرەکیمان ئایا گەلەکۆمە لە کورد هەبوو، وەڵام بەڵێ و نەخێر. بەڵێ چونکە ئەنجامدا وەها کەوتەوە. نەخێر چونکە کورد کرا بە تەختەی شەترنجەکە هەتا هێزە گەورەکان یاری دژ بە یەک بکەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا