بڕیار ته‌ها 20/10/2019 110 جار خوێنراوەتەوە

هەوڵدان بۆ یەکسانی ئاسانترە


ئامانجی مانچستەر یونایتد بەسەرکردایەتی سۆڵشایەر یەکسانی و وەرگرتنی خاڵێک بوو لە پێشەنگی خولەکە، ئامانجی لیڤەرپووڵیش بەدەستهێنانی سێ خاڵی یارییەکە بوو لەسەر یاریگای ئۆڵترافۆردی تایبەت بە شەیتانە سوورەکان، بۆیە ئامانج و تموحی سۆڵشایەر بەراورد بە کلوپ ئاسانتر بوو.

هاندەران و یاریزانانی مانچستەر یونایتد کاتێک بەرانبەر لیڤەرپووڵ یاری دەکەن هەستێکی تەواو جیاوازیان هەیە، هەستێک کە هەرگیز بەرانبەر 18 یانەکەی دیکە ئەو هەستەیان نابێت، گڕوتینی یاریزانانی شەیتانە سوورەکان بەرانبەر لیڤەرپووڵ بە درێژایی مێژوو قوڵپی داوە و جۆش و خرۆشی زیاتر بووە، دوورکەوتنەوەی مانچستەر یونایتد لە کێبڕکێکردنی نازناوی پرێمەرلیگ لەم چەند ساڵەی دوایدا ڕنگە بۆچوونی زۆرینەوە بەو جۆرە ئاڕاستە کرد بێت ئەو یانەیە بۆ ڕووبەرووبوونەوەی لیڤەرپووڵ نێچیرێکی ئاسانە، بەڵام ڕووبەروووبوونەوەی ئەو دوو یانەیە هاوشێوەی یاری نێوان ( بۆکا جۆنیۆرز و ڕیڤەرپلێت، کلاسیکۆی ئیسپانیا، دێربی میلانۆ) هەمیشە ڕکابەرایەتییەکی مێژووی قوڵی هەیە و هەردوو یانەکە لە هەر دۆخێکدا بن کاتێک بەرانبەر یەکدی یاری دەکەن بە ئاسانی کۆڵ نادەن و جیاوازتر لە ڕابردوو دەردەکەون.

مانچستەر یونایتد لە دوو حاڵەتدا زۆر سەرکەوتوو بوو، یەکەم؛ ڕێکخراوی بەرگریکارانی و یاری (مان تو مان) بەرانبەر هێرشبەر و ناوەندسازەکانی لیڤەرپووڵ، ئەمەش لە نائامادەیی محەمەد سەلاحدا بۆ بەرگریکاران ئاسانتر بوو، دووەم- هەماهەنگی و لێکتێگەیشتنی باشی نێوان هێرشبەرەکانی مانچستەر یونایتد لە هێرشە هەڵگەڕاوەکاندا ئەرکی بەرگریکارانی لیڤەرپووڵی قورسکردبوو، ئەمەش وایکردبوو بەرگرکارانی لیڤەرپووڵ هاوشێوەی یارییەکانی ڕابردووی سەرەتایی وەرز بەشداری لە بنیادنانی هێڕشەکاندا نەکەن و هاوکاری هێرشبەرەکان نەبن، ئەم گرفتەش بە بوونی (ئاشلی یۆنگ و وان بیساکا) لە باڵەکانی بەرگری مانچستەر یونایتددا هێندەی دیکەی ئەرکی ( ڕۆبێرتسۆن و ئاڕنۆڵد)ی قورستر کردبوو.

یاریکردنی مانچستەر یونایتد بە 3 بەرگریکاری دڵی بەرگری و  2 بەرگریکاری باڵەکان و  3 یاریزانی ناوەند هۆکار بوو تا ئەوەی ڕیتمی هێرشەکانی لیڤەرپووڵ خاو ببێتەوە و بەچەشنی یارییەکانی رابردوو ڕیدز نەتوانێت بە چەند لەمسەیەکی کەم تۆپەکە بە نزیک ناوچەی سزای مانچستەر یونایتد بگەیەنێت، سەرەڕای ئەمەش ویست و خواستی کلوپ بۆ تۆمارکردنی گۆڵی یەکسانی و خۆپاراستن لە شکست گۆڵی کۆتایی لێ بەرهەم هێنا.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی بڕیار ته‌ها

سەرەتا