هونه‌ر تۆفیق 12/10/2019 703 جار خوێنراوەتەوە

رۆژاڤا، سنوورێک لە ئاگر


لە سیڤەرەوە ١٩٢٠ تا ئەدەنە ١٩٩٨
 
لەپاش شکستی سەڵتەنەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا، بەپێ ی ئەو نەخشەیەیەی سایکس - بیکۆ ١٩١٦ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کێشابوو، بەشێکی زۆری ناوچەکانی ژێر دەستەڵاتی عوسمانی بۆ بەریتانی و فەرەنسیەکان مایەوە.

لەبەشە فەرەنسیەکەیدا کێشەی سنوور لەنێوان تورکیای میراتگری عوسمانییەکان و سوریای فەرەنسیدا بەردەوام بوو، وەک کێشە ویلایەتی موسڵ لەنێوان بەریتانی و تورکیادا لە عێراقدا.
فەڕەنسیەکان لە سیڤەردا ١٩٢٠، داوای زەویەکانی عوسمانی تا شارەکانی ماردین، ئورفە، چەچان، قارتاشیان لە تورکیا دەکرد، تاساڵی ١٩٢٣، پێکهاتنی لۆزان، فەڕەنسییەکان حوکمی ئەو ناوچانەشیان خستبوویە ژێر دەستەڵاتی خۆیانەوە، کردبوویان بە سنووری باکووری سوریا.

لە لۆزاندا ١٩٢٣، لەو ناوچانە کشانەوە بۆ ئەم سنوورەی ئێستای نێوان سوریا و تورکیا، بەڵام بەبوونی ویلایەتی ئەسکەندەرونەوە.
ئەسکەندەرونە سەر بەسوریا بوو تا کشانەوەی هێزەکانی فەرەنسا لە سوریا ١٩٣٩، لە پاش کشانەوەی هێزەکانی فەرەنسا، وەکو ئێستا فەراغی ئەمنی لە سوریادا دروست بوو، سوپای تورکیا بە دەرفەتی زانی، لیوای ئەسکەندەرونەی داگیرکرد.
سوریا، لیواکەی بە بەشێک لە خاکی خۆی لەقەڵەم ئەدا و بە ناوچەیەکی داگیرکراو لەلایەن تورکیاوە وەسفی دەکرد تا ڕێکەوتنی ئەدەنە.
ناکۆکی سوری - تورکی لە سەر سنوور بە ڕێکەوتنی ئەدەنەشەوە هەر بەردەوام بوو.
ڕێکەوتنی ئەدەنە، لەپاش ئەو فشارە توندانەوە دروستبوو کە تورکیا تا ئاساتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی و هەڵگیرساندنی جەنگ لەدژی سوریا بەبیانووی بوونی بنکەی پارتی کرێکارانی کوردستان و سەرکردەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان لەو وڵاتەدا.
سەرۆکی میسر - حوسنی موبارەک، بۆ ئەوەی جەنگەکە بەرپا نەبێت، نێوەندگیری لەنێوان دیمەشق و ئەنکەرەدا کرد، بۆ ڕێککەوتن و چارەسەری ئەو پرسە، ئەسەد نامەیەک بۆ ئۆجەلان دەنێرێت کە ئامادەیە رووبەڕووی تورکیا ببێتەوە، بەڵام ئەو تەسلیم بە تورکیا نەکاتەوە، ئۆجەلانیش سوپاسی ئەسەد دەکات، بۆ ئەوەی جەنگەکە نەقەومێت، لە ١٩٩٨ دا سوریا بەجێدێڵێت و بەدوایدا بە چاودێری ئێران و میسر، لەنێوان تورکیا و سوریادا، رێکەوتنی ئەدەنە مۆر دەکەن.
خاڵە سەرەکیەکانی ڕێکەوتنی ئەدەنە بریتی بوون لە:
- دانپێدانانی سوریا بە لیوای ئەسکەندەرونە (ویلایەتی هاتای ئێستا) کە بەشێکە لەخاکی تورکیا.
- پشتکردنە پەکەکە و یارمەتی نەدانی ئۆجەلان.
- ڕازی بوون بە دەستکراوەیی تورکیا، تا قوڵایی پێنج کیلۆمەتر بۆ ناوخاکی سوریا بۆ ڕاونانی پەکەکە.
سوریا بەو خاڵانە ڕازی بوو.
لەپاش شەڕی ناوخۆی سوریاوە، ئیتفاقیەی ئەدەنە لە ڕاستیدا هەڵوەشاوەتەوە، چونکە تورکیا بەند و خاڵەکانی لەزۆر لاوە پیشێل کردووە، بەڵام ئێستاکە زیاتر لە بڕگەی چوونە ناوەوەی پێنج کیلۆمەترەکە کە ڕوسەکان و ئەمریکاییەکان، تەنانەت یەپەگەش پێیڕازین و داوا دەکەن تورکیا پابەندی بێت، ئەردۆغان قوڵتر تا ٣٢ کلم بە درێژی ٤٨٠ کلم لە دێرەکەوە تا جەرابلوس داوا دەکات، بە دوو بیانوو:
یەکەمیان: راونانی هێزەکانی یەپەگە.
دووەمیان: جێکردنەوەی ملیۆن و نیوێک ئاوارەی سوری لە تورکیادا، ئەم ئامانجەیان کە جۆرێکە لە پرۆژەیەکی بازرگانی و بەرهەمهێن، لەدیدی ئەردۆغانەوە چاکەیەکە لەگەڵ ئەوروپادا دەیکات، چونکە داوا دەکات رەزامەندی لەسەر ئەو ناوچە بەناو ئامنە بدەن، بۆ ئەوەی ئەو ئاوارانە، روونەکەنە ئەوروپا، وەکو تر داوای بڕی ١٠٠ ملیار ئیرۆش لە ئەوروپا دەکات، بۆ نیشتەجێکردنی ئەو ئاوارانە لەو هێڵەدا.
لە دیدی ئەوروپاوە، جگە لەوەی ئەو پرۆژەیەی ئەردۆغان ئیستفزازە بۆ ئەوروپا، وەکوتر پێیانوایە چارەسەری قەیرانی ئاوارەکانیش ناکات، بەڵام ئەردۆغان پێداگری لەسەر ئەو پێشنیارە دەکات و هۆکاری سەرەکی جەنگەکەشی لە دژی رۆژاڤا، لەوێوە سەرچاوە دەگرێت کە یان ١٠٠ ملیارد ئیرۆکەی بدەنێ، یان دەرگا بۆ ئەوارەکان دەکاتەوە رووبکەنە ئەوروپا.
لە ئێستادا ڕوسەکان و ئەمریکاش ، بەپێ ی ئیتفاقیەی ئەدەنە ، چاوپۆشی لەهێرشەکەی ئەردۆغان دەکەن تا قوڵایی پێنج کیلۆمەتر ، لەو پێنج کیلۆمەترە بەدواوە ، بە هێڵ بەزێنی حساب دەکەن و جەنگەکە پێ دەنێتە قۆناغیکی ترەوە کە دەکاتە بەزاندنی سەروەری خاکی سوریا . تورکیا وەک داگیرکەر حساب دەکرێت . کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش مامەڵەی داگیرکەر لەگەڵ سوپای تورکیادا دەکات لە سوریادا .

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

سەرەتا