بڕیار ته‌ها 06/10/2019 143 جار خوێنراوەتەوە

دەرکەوتنی پلانەکانی ساری بەرانبەر کۆنتی


بەرانبەر ئینتەرمیلان جێدەستی پلان و تاکتیکی ماوریزیۆ ساری بەسەر یانەی یۆڤانتۆسەوە بە ڕوونی دەرکەوت، سەرەڕای ئەوەی یۆڤانتۆس لە دەرەوەی یاریگای خۆی ڕووبەرووی بەهێزترین و ئامادەترین یانەی ئیتاڵیا دەبوویەوە، بەڵام کوڕانی ساری جیاوازتر لە سەردەمی ئالێگری هەمیشە دەیانوسیت بە فشاری توند و بەرز لە نیوە یاریگای ئینتەرمیلاندا تەوقی بەرگریکارەکانی کۆنتی بدەن، ئەم خاڵە بۆ یۆڤانتۆس زۆر گرنگ بوو، چونکە یۆڤانتۆس چەندین ساڵە پێویستی بەو شێوازە یاریکردنە چاونەترسانەیە کە کوالیتی یاریزانەکانی داوای دەکات و ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی.

گرفتی ئینتەرمیلان؟

گرفتی ئانتۆنیۆ کۆنتی لەم سەرەتایی وەرزەدا دابەزینی توانای جەستەیی یاریزانەکانێتی لە تایمی دووەمدا، ئەم گرفتە بەرانبەر بەرشەلۆنە خۆی دەرخست و ئەمشەویش بەرانبەر یۆڤانتۆس زیاتر زەق بوویەوە، کۆنتی بەشی ئەوە یاریزانی لە بەردەستدایە کە لە داهاتوودا بە هاوکاری ڕاهێنەری توانای جەستەیی یانەی ( پینتۆس ) بتوانێت ئەو گرفتە چارەسەر بکات، ئەگەرنا هەر خۆی بەرپرسی یەکەمیش نەبێت بە دڵنیاییەوە بەرپرسی دووەم دەبێت.

خاڵێکی دیکە لە ئینتەرمیلان کۆتایی هێرشەکانە، هێرشەکانی ئینتەرمیلان بە خێرایی و بە دروستی دەستپێدەکەن، بەڵام کاتێک هێرشەکە لە ناوچەی سزای بەرانبەر نزیکدەبێتەوە ناتوانن هەماهەنگییەکی باش بکەن، یاریزانەکان چ لە دروستکردنی گۆڵ چ لە خۆدزینەوە بۆ دورستکردنی بۆشایی و چ لە گۆڵ تۆمارکردنیش تا ڕادەیەک مامەڵەیەکی باش ناکەن و دەرفەتێکی زۆر لەدەست دەدەن.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان شەیری بکە

هەموو وتارەکانی بڕیار ته‌ها

سەرەتا